شکۆی مرۆڤ لە سایەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

شکۆی مرۆڤ لە سایەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا

شکۆی مرۆڤ لە سایەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا

پرس میدیا 

زیاتر لە سێ مانگە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە زۆرێک لە بوارەکاندا جیهانی بردە قۆناغێکی نوێیوە، لێکەوتەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرنگترین ئەو لێکەوتانەن کە تا سەردەمێکی دوورتر کاریگەرییان دەمێنێتەوە و مرۆڤەکان پێیەوە دەناڵێنن. 

بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و ٧٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا وەکو هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمەرکراون، لەوانەش زیاترلە ١٠٢ هەزار کەسیان گیانیان لەدەستداوە و زیاترلە ٤٠٠ هەزار کەس چاکبوونەتەوە و ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا نەماوە. 

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان تا ئێستا ٣٢٥ کەس وەکو هەڵگری ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و لەوانە ١٣٦ کەسیان چاکبوونەتەوە و چوار کەسیان کۆچی دواییان کردووە. 

کۆرۆنا مرۆڤی کرد بە ژمارە 

یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە دەکرێت لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەکو خاڵی جیاکەرەوە باس بکرێت پرسی بەژمارەبوونی مرۆڤە، بەشێوەیەک، کاتێک ئامارەکانی توشبووان ڕادەگەیەنرێت تەنها کۆمەڵێ ژمارەیە دەخرێتەڕوو، ئەمەش ماوەی چەند مانگێکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، لە ئەنجامدا وایکردووە مردن و نەخۆشکەوتنی مرۆڤ لە مانا ڕاستەقینەکەی بەتاڵبکرێتەوە و تەنها وەکو ژمارەیەک سەیربکرێت. 

ئەم بابەتە ڕیشەیەکی فەلسەفیی هەیە، هەندێک لە بیرمەندان پەیوەستی دەکەن بە گەشەکردنی سیستمی سەرمایەداریی و پێیان وایە سروشتی ئەو سیستمە وایە، وەکو ئامراز مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ دەکات و ئەمەش وا دەکات مرۆڤبوون لە مانای ڕاستەقینەی خۆی بکەوێت، بەڵام هەندێکی تر پێیان وایە بەژمارەکردنی مرۆڤ، پرسێکە کە بۆ هەواڵگریی و بابەتە ئەمنییەکان سوودی لێوەرگیراوە و لەوێوە سەرچاوەی گرتووە و ئێستاش کە بەکاردەهێنرێت ئامانج لێی پیشاندانی ئەوەیە کە هێشتا دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە چوونکە هێشتا ڕێژەی تووشبوونی مرۆڤ بە ڤایرۆسەکە نەگەیشتووەتە لە هەزارا یەکیش. 

بەڵام لە هەر دۆخێکدا بێت ئێستا بەژمارەکردنی مەرگی مرۆڤەکان کاریگەری لەسەر کۆی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی هەیە، وایکردووە بەراورد بکریت لەنێوان ڕێژەکان و لەو وڵاتانەی کە ڕێژەکان نزمترن وەکو سەرکەوتن باس بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەگەر تەنها یەک مرۆڤیش نەخۆشکەوتبێت، بەو واتایە دێت کە خێزانێک، بگرە بنەماڵە و گەڕەک و شار یان گوندێک بەهۆیەوە غەمبار و دڵتەنگ و نیگەران بوون، کەواتە مەترسیەکە گەورەترە لەوەی لەژمارەکاندا دەردەکەوێت. 

ئاڵۆزیی دەروونی لەسایەی کۆرۆنادا 

بەهۆی نوێیی ڤایرۆسەکە و ناچوونیەکی مامەڵەکردن لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەیدا، هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە، قەلەقی و دڵەڕاوکێی گەورەی لەناو هاوڵاتیاندا دروستکردووە لە سەرتاسەری جیهاندا. 

لە هەرێمی کوردستان هەرچەندە بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتان، درەنگتر ڤایرۆسەکە بڵاوبوویەوە، بەڵام نیگەرانیی و دڵەراوکێیەکی گەورە هەست پێدەکرا لە سەرجەم ئاستەکاندا، تەنانەت، د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گستی تەندروسی سلێمانی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە ڕایگەیاند "ئێمە کەوتبووینە گومانەوە کە تا ئێستا تووشبوو تۆمەرنەکرابوو، چوونکە پێمان سەیربوو، واماندەزانی ئامێرەکانمان کارناکەن". 

ئەم قسەیەی بەرپرسێکی حکومەیی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنیت، کە دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی و قەلەقیی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هەرەدیاری مرۆڤن لەم سەردەمەدا کە کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە. 

د.جەعفەر عومەر، پزیشکی دەروونی بە پرس میدیای ڕاگەیاند شێوازی گەڕان بەدوای ئەوانەی کە تووشبوی ڤایرۆسەکەن شێوازێکی گونجاو نییە و دەکرا پێشتر ڕاهێنان بەو لایەنانە بکرایە کە بەو ئەرکە هەڵدەستن، چوونکە جیا لە تیمە پزیشکییەکان پۆلیس و هێزی ئەمنییان لەگەڵدایە و ئەوانە دەبێت بەشێوەیەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان بکەن بۆئەوەی فۆبیا لەناو هاولاتیاندا لەسەر ئەوبابەتە دروستنەبێت. 

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکرد ئەو شێوازەی گەڕان بەدوای تووشبواندا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی لەناو کۆمەڵگەدا بەگشتی، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی فۆبیا لەسەر نەخۆشییەکە. 

مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکان 

پرس میدیا بۆئەوەی بۆچوونی هەندێک لەو کەسانە وەربگرێت کە هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە هەوڵیدا لێدوانیان لێ وەربگرێت، ئەوان ئامادەبوون زانیاری بدەن بە ئامادەکاری ڕاپۆرتەکەی پرس میدیا، بەڵام ئامادە نەبوون ناویان بهێنرێت، کە بێگوومان ئەمەش بەشێکە لەو لێکەوتە دەروونیەی کە لەسەر ئەوان ماوەتەوە. 

یەکێک لەو نەخۆشانە باسی لەوەکرد "کاتێک لە نەخۆشخانە بووین بە جۆرێک کارمەندانی تەندروستی مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین هەستمان بەوە دەکرد کە نەخۆشییەکەی ئێمە جیاوازە لە نەخۆشییەکانی تر". 

وتیشی "من دەمزانی کە ئەوەی ئەوان دەیکەن ڕاستە و لە هەموو جیهان بەو شێوەیە، چوونکە ڤایرۆسەکە بە ئاسانیی بڵاودەبێتەوە، بەڵام هەندێک نەخۆش ئەوەیان نەدەزانی و بۆشیان ڕوون نەدەکرایەوە هۆکارەکەی چییە، وایاندەزانی سوکایەتییان پێ دەکرێت یان پەراوێز دەخرێن". 

لەو بارەیەوە، د.جەعفەر عومەر، پزیشکی دەروونی رایگەیاند، پێویستە هەرکەسێک کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دەبرێتە نەخۆشخانە پێشوەختە بۆی روونبکریتەوە کە هۆکاری ئەوەی جیادەکریتەوە لە نەخۆشەکانی تر و بەشێوەیەکی تایبەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت ئەوەیە کە نەخۆشییەکە گوازراوەیە، بۆئەوەی هەست بە پەراوێزخستن و دڵەڕاوكی نەکات. 

"کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کەسانە دروستدەبێت کە چاکبوونەتەوە" 

شۆخان ئەحمەد، کۆمەڵناسە، بە پرس میدیای راگەیاند زۆرێک لەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە پێیان وتراوە تا زیاتر لە ١٠ ڕۆژ تێکەڵی خێزان و بنەماڵەکەیان نەبنەوە. 

ئەو کۆمەڵناسە پێی وایە ئەمە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر کەسەکە و کاریگەرییەکە بۆ ماوەیەکی زیاتر لەسەری دەمێنێتەوە. 

راشیگەیاند ئەو ڕێکارە ناچارییە و دەبێت بگیردرێتەبەر، بەڵام دەبوو توێژەری دەرونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کەسانە دەستەبەربکرایە بۆئەوەی لەکاتی کەرەنتینەییەکەیدا و دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەکەش راوێژیان پێ بدات بۆئەوەی دووچاری کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی نەبنەوە. 

بەشێوەیەکی گشتیی هەموو هەو هۆکارانەی کە باسمانکردن، ئەوە دەردەخەن بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆکارێک بۆئەوەی شکۆی مرۆڤ و بەهای مرۆڤبوون پێشێلبکرێت و بە بیانووی جیاواز و هەندێک جار لەبەر نەزانیی و ناهۆشیاریی و شڵەژاویی دۆخەکە ڕەچاویی شکۆ و بەهای مرۆڤ نەکرێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©