دەکرێت لە جیهانێکی بێ ئایندا بژین؟ - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

دەکرێت لە جیهانێکی بێ ئایندا بژین؟

دەکرێت لە جیهانێکی بێ ئایندا بژین؟

پرس میدیا

وەرگێڕان و کۆکردنەوەی: ڕێنوار نەجم

ماوەیەکی زۆرە چەند بابەتێکی دانسقەم لە ماڵپەڕی بی بی سی‌ لەبارەی ئایین و ئەفسانە مێژووییەکانەوە پرینت کردووە و دەمەوێت بیانخوێنمەوە، بەڵام بەهۆی دوورودرێژیی ئارتیکڵەکان و تەمەڵییەوە، خۆم لێ لاداوە، دواجار لەسەر یەکێک لە بابەتەکانەوە گیرسامەوە کە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانە و ئەکادیمییە لەبارەی داهاتووی ئایین، کۆی ئارتیکڵەکە، کە بابەتی کتێبێکە و پەستێوراوەتە وتارێکی بیست پەڕەییەوە، لە دەوری یەک پرسیار دەخولێتەوە؛ ئایا هەرگیز دەشێت لە جیهانێکی بێ ئاییندا بژین؟

بەپێی ڕووپێوییەک کە زیاتر لە 50 هەزار کەس لە 57 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان تێدا کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بانگەشەی ئاینداری دەکەن لە نێوان ساڵانی 2005 و 2011 لە لەسەدا 77ـەوە بۆ لەسەدا 68 دابەزیووە. لە کاتێکدا هەر لەو ماوەیەدا ڕێژەی ئەو کەسانەی خۆیان بە بێباوەڕ (ئەتایست) دادەنێن، لەسەدا 3 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە لەسەدا 13.

توێژەرانی جیهانی دەیانەوێت لەو پاڵنەرە ئاڵۆزانە تێ بگەن کە کەسێک یاخود گروپێک بەرەو بێباوەڕی دەبات، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە دەرەنجامێکی ڕوون و کۆنکرێتی. بەشێک لە پەنابردن بۆ ئایین پەیوەندی بە پڕۆسەی گەڕان بەدوای ئارامی و سەقامگیرییدا هەیە، بەو پێیەش ئەو وڵاتانەی زۆرترین ڕێژەی بێباوەڕییان تێدایە، ئەو وڵاتانەن کە دانیشتوانەکەیان لە سەقامگیرییەکی ئابووری، سیاسی و تەناهیدان.

یابان، بەریتانیا، کەنەدا، کۆریای باشوور، هۆڵەندا، چیک، ئیستۆنیا، فەڕەنسا و ئۆرۆگوای لەو وڵاتانەن کە هەرگیز هەمان ڕێژەی ئیماندارانی سەدەیەک لەمەو پێشیان نییە و ڕێژەی بێباوەڕیی بەردەوام لە هەڵکشاندایە. خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو وڵاتانەش ئەوەیە کە تا ڕادەیەک هەموویان سیستمێکی پەروەردەی بەهێز، سیستمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، نادادپەروەرەییەکی کەم و ئاستێکی بژێویی بەرزیان هەیە. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەو هاوکێشەیەدا ڕیزپەڕە، بەو پێیەی هەرچەندە یەکێکە لەدەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان، بەڵام ئاستی ئاینداری تێیدا بەرزە. هاوکات ئێرانیش تاکە وڵاتە کە لەماوەی 40 بۆ 50 ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی پابەندبووان بە ئایینەوە تێیدا کەمی نەکردووە!

"خەڵک دەیانەوێ لە ناڵاندن و کولەمەرگی دەربازیان بێ، بەڵام گەر نەتوانن لێی ڕابکەن، ئەوا دەیانەوێ مانایەکی پێ ببەخشن،" ئارا نۆرینزایان، کۆمەڵناسی دەروونی لە زانکۆی بەریتانیی کۆلۆمبیا لە ڤانکۆڤەر، کەنەدا، هەروەها نووسەری کتێبی 'خودا گەورەکان' وا دەڵێت. هەروەها دەشڵێت: "لەبەر هەندێ هۆکار، پێدەچێ ئایین بتوانێ مانا بە ئازار و ناڵاندن ببەخشێ، زۆر زیاتر لەوەی هەر ئایدیالێکی سێکیولار یاخود باوەڕێک دەتوانێ بیکات."

لە ساڵی 2011 بومەلەرزەیەکی وێرانکەر ناوچەی کریستچەرچ‌ـی لە وڵاتی نیوزلەندا تانزیک خاپووربوون برد، ئەو وڵاتەی کە کۆمەڵگاکەی بە بەرزی ئاستی سێکیولار بەناوبانگە. دوابەدوای ڕووداوەکە، دەرکەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە پەنابردن بۆ ئایین هەبووە لەو ناوچەیەی بەر بومەلەرزەکە کەوتووە، بەڵام ناوچەکانی دیکەی نیوزلەندا وەک هەمیشە بە سێکیولاری ماونەتەوە. بەڵام حاڵەتی ڕیزپەڕیش لە مێژوودا هەیە، بۆ نموونە یابان دوای چەشتنی تاڵاوی شکست و بۆمبی ئەتۆمی لە جەنگی جیهانی دووەمدا، ئاستی ئاینداریی ڕووی لە کەمی کرد.

بەڵام گەر موعجیزەئاسا هەموو کێشەکانی دونیا چارەسەر ببن و هەمووان بە یەکسانی لە ژیانێکی ئاشتی و ئارامدا پێکەوە بژین، بە ئەگەری زۆرەوە هێشتا ئایین هەر بوونی دەمێنێ. ئەویش بەهۆی ئەوەی وەک زانستی دەروونیی دەمارناسی باسی دەکا، پێدەچێ لە دەرووندا بۆشاییەکی "شێوە-خودا" هەبێ و پێویستی بە شتێک هەبێ پڕی بکاتەوە.

بەپێی 'تیۆریای پرۆسەی دوانی' (dual process theory) کە بیردۆزێکی ئاڵۆزە و فرەلایەنە، لەنێو دەروونی مرۆڤدا دوو فۆڕمی بیرکردنەوە هەیە کە ناونراون بە؛ سیستمی 1، سیستمی 2. سیستمی 2 ئەو دەنگی گێڕەڕەوەیە کە لەناو سەرماندایە و هەرگیز بێ دەنگ نابێ، هەر ئەویشە وامان لێ دەکەن پلان بۆ کارەکانمان دابنێین و لۆجیکانە بیربکەینەوە. لە بەرامبەردا، سیستمی 1 زگماکی و خۆکارانەیە و درککردن پێی کەمێک زەحمەتە. ئەم سیستمە لە هەموو مرۆڤێکدا گەشە دەکات بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی لە کوێ لەدایک دەبێ و لە کوێ گەورە دەبێت. کاتێک ئێمە بەبێ بیکردنەوە بە زمانی دایکمان قسەدەکەین، منداڵان کە هێشتا کۆرپەلەن دەتوانن دایباب لە کەسانی دیکە جیابکەنەوە، ئەوا دەبێ سوپاسی سیستمی 1 بکەین. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە کە سیستمی 1 وا دەکات ئایین لە مرۆڤدا گەشە بکات و بەردەوام بێ.

یەکێكی دیکە لەو هۆکارانەی وا دەکات هەمیشە ژمارە و ڕێژەی باوەڕداران لە بێباوەڕان زیاتر بێ ئەوەیە کە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی زۆر حەز بە گۆڕان و بازی گەورە ناکا لە ژیاندا. بەشی زۆری مرۆڤەکان کاتێک لە خێزانێکی ئایینییەوە گەورە دەبن، ئەوە تا کۆتایی ژیانیان دەقی بیروباوەڕاکانیان ناشکێنن و بەدوای شتێکی دیکەدا ناگەڕێن. ڕۆبێرت مەککولای، بەڕێوەبەری سەنتەری هزر، مێشک و کەلتوور لە زانکۆی ئمۆری لە ئەتڵەنتا، جۆرجیا، هەروەها نووسەری کتێبی 'بۆچی ئایین سروشتییە و زانست سرووشتی نییە' دەڵێت: "زانست لەڕووی هزرییەوە ناسروشتییە، شتێکی قوورسە." دەشڵێت: "لەبەرامبەردا، زۆربەری جار ئاین شتێکە ئێمە پێویستیش ناکات فێری ببین، چونکە خۆمان دەیزانین."

ڕووپێوییەکە دەگاتە ئەو دەرەنجامەش کە جوگرافیاش پەیوەندی بە مەیلی باوەڕدارییەوە هەیە. بەشێوەیەک ئەو ناوچانەی کە کەشوهەوایەکی سەختیان هەیە و زیاتر کراوەن بەڕووی مەترسیی کارەساتی سرووشتی، خەڵکەکەی زیاتر ڕوو لە ئایین دەکەن. چونکە ئەوان پێیان وایە نزایەک واتای ژیان و مردنە.

نووسەری بابەتەکەی بی بی سی لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە بە هۆکاری دەروونی، دەمارناسی، مێژوویی، کەلتووری و لۆجیستی پێدەچێت هەرگیز خۆری ئایین لە جیهاندا ئاوا نەبێ. ئایین، جا مۆتیڤەکەی خۆشەویستی بێ یاخود ترس، زۆر سەرکەوتووە لە بەردەوامیدان بەخۆی، هەر ئەوەشە وای کردووە بۆ هەزاران ساڵ ئایین پارێزگاریی لەبوونی خۆی بکات.

-------
..
لینکی بابەتەکەی BBC:

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©