ئاکار و سیاسەت - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

ئاکار و  سیاسەت

ئاکار و سیاسەت

بەشی یەکەم

بەو پێیەی هەموو مرۆڤێك دارای بیركردنەوەیە و بیردەكاتەوە، بەڵام جۆری كارەكان و دەركەوتەبوونیان بەهەر شێوەیەك لەشێوەكان پەیوەستە بەجۆری بیركردنەوەكان و جیاوازی بیركردنەوەكانەوە. لەبەرئەوەئاماژە بە سێ جۆری 

بیركردنەوە لای مرۆڤەكان دەكەین: 

1- بیركردنەوەی هەستیانە: كە حەزو سۆزو غەریزەو داب و نەریت و كلتورو ئەقسانەو چوار دەور..لەپشت دروستبوون و جوڵانیەوەن.

2- بیركردنەوەی زاستیانە: كە ئەزموون و زانست و عەفڵ و مەعریفە لەپشت دروستبوون و جوڵانیەوەن. 

3- بیركردنەوەی ئاكاریانە.. كەخودی رۆح و ویژدان و ویستی چاكە .. لەپشت دروستبوون و جوڵانیەوەن.

مێشكی مرۆڤ دەتوانێ بەركاری هەموو جۆرەكان بێ...وەك میكانیزمێك بەردەسیتی بیركردنەوەی هەموویان بێت.

دیارە بیركردنەوەی راستەقینە لای مرۆڤ كاتێك دروست دەبێت كە بتوانێت حەزە مرۆیی وغەریزەییەكانی تێپەرێنێت و كلتورو خواست و بەرژەوەندیە كەسی و پاڵنەرە ئایدیۆلۆژیەكانی وەكەنار بخات.. ئیتر ئەو كەسی گەیشتوەتە پلەی ئازادی و كردەو وتەو مامەڵەكانی داهێنانی و ئەخلاقی بن.

كاتێك عەقڵی مرۆڤ لەدەرگای سیاسەت دەدات بێخەوش نابێت لە تێكەڵنەكردنی ئەم سیانە، واتە هیچ كات نەیتوانیوە پاڵفتە بێت و یەك جۆر بیركردنەوە هەڵبژێرێت، بەڵام جێی خۆیەتی بوترێت چەندە لە جۆری بیركردنەوەی یەكەم بەدووربێت، ئەوەندەش كردە سیاسیەكانی جێگەگیری نێو واقیعن روەو ئامانجن. دواجار لێرەدا كەباس لە عەقڵ و ئاكار دەكرێ پرسەكە دەچێتە سەرئەوەی كە جۆری بیركردنەوەی دووەم و سێیەم شایەن بە لایەنگیری و ئەنجامدانن و كردەكەشیان بەعەقڵانیەت و ئەخلاقی دێتە هەژمار.. بۆیە ئێمەش لەو تێروانینە خۆمان نابوێرین، لەوروانگەوە دەڵێین..بۆ سیاسەت و كردەی سیاسەتیش لەو تێروانینەوە هەمان تاس و حەمامە.

عەقڵ هەردەم دەرگایەكی بێ كۆتات بۆ دەكاتەوەو بەوەی ئیتر بەشوێن راستەقینەكاندا بگەرێی و تێبگەی كەسیاسەت كارزانی و تێگەیشتن و زانستە، بۆ ئەنجامدانی سیاسەتێكی راستەقینە دەبێت میكانیزمی عەقڵانی و واقیعیت لەبەردەمدا بێت، بەڵام ئەخلاق ئەتگەیەنێ بەوەی كە سیاسەتكردن بە مرۆڤ دۆستی دەكرێ و هەوڵی نیازپاكی مرۆڤێكە لە پێناو بەدەستهێنانی هەرچی بەرژەوەندی و سودە بۆ مرۆڤەكانی تر، مامەڵەیەكی ئینسانیانەیە لەگەڵ مرۆڤەكاندا و پێت دەڵێت سیاسەتی ئاكاریانە لەخۆشەویستیەوە سەرچاوەدەگرێ و ئامانجی ئاسایشی كۆمەڵایەتیە.

عەقڵ لەنێوسیاسەتدا پێشبركێی گومانكردنە لە هەرچی بێجگە لەخودی گومان ! ئەو گومانانەی لە كەینونەی شتەكان ناوەستن و بەڵكو لەدۆخ و شەئنی هەموو شتەكان پرسیار دادەنێن، ئیترلەمامەڵەشدا ئەوە پرسی ترس و پێگە و جۆری وەلائە كنەی پرسیار دەدات و پرسیار بەشوێن پرسیار بەدووی یەكدا دێت و بۆ وەڵامەكانیش ئیتر پیاوی سیاسی ئاتاج بە وەلامدەرەوەی دەرەوەی خۆیە تابگاتە زانیاری هێن و قسەهێن ! بۆ ئەوەی پرسیاری كەسەكان و بارودۆخەكانی بۆ وەڵام بداتەوە. بەڵام لە سیاسەتی ئەخلاقیدا بەشوێن چاكەی گشتیەوە وێلە، ئەوەندەی پشت بەیەقین و باڵاگەردانی متمانە دەبەستێت لە مامەڵەو پەیوەندیەكانیدا، بەشێوازێك پرسی سزاو تۆڵەو رق لێبونەوەو هەڵویستوەرگرتنی توندوتیژانە دەچنە پەراوێزی میكانیزمەكانەوە.

بۆیە بەرای من دەبێت سیساسەت تێكەلەَیەك بێت لە عەقڵانیەت و ئەخلاق، چونكە ناكرێت سیاسەت بەبێ عەقڵانیەت ودارشتەكانی گومان و پرسیار هەڵبگیرێت وەناشكرێت سیاسەت بە بێ ئەخلاق بەردەوامی هەبێ و دەركەوتە ئەخلاقیەكانی وەك متمانەو یەقین لەمامەڵەو پەیوەندیدا وون ببن، چونكە ئەوكات ئەو سیاسەتكردنە جەهەنەمێكە بۆ سیاسەتمەدارەكان لە پێش هەمووشتێ!

ئەگەر بریار بێت سیاسەت رێوشوێنێك بێت كەسانی عاقڵ تیایدا خەریكی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەكان بن ، ئەوا جێی خۆیەتی بوترێت كە كەسانی سیاسی عەقڵانی هەمیشە بەرژەوەندی راستەقینە كۆیان دەكاتەوە، ئەو جۆرە بەرژەوەندیەی لە لەكاتی بەدەستهێنانیدا دەچێتە گیرفانی هاو ئامانجەكانەوە بەگشتی، نەك بەرژەوەندی درۆینە، درۆینەیەك كەتاك و بنەماڵەو گروپێك خەریكی دارشتنینی و بۆ ئامانجێكی خۆیان وتیایدا وێرانەیەك بۆ ئامانجی گشتی وكۆمەڵگە بەرێوە بێ!! بۆیە ئەخلاق و سیاسەتی ئەخلاقی ئەمانە جێدەهێڵن، دەچنە بازنەیەكی جوانترەوە مامەڵەدەگەن چونكە ئەخلاق دەیەوێ فەزیلەت دەركەوتە بێ، وادەبینێ مرۆڤەكان بەوپێیەی لەمرۆڤ بونیاندا یەكن ئیتر پەیوەندیان بەیەكترەوە بەرژەوەندی جێ دەهیڵرێت و زیاتر بۆ ئەوە پێكەوەدەبن و كۆن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ژیانو مرۆڤ بوونیان بكەن، هەموو شتەكانی تر بەجۆرێك ئەم تان پۆیە نەبرٍن. لەسیاسەتی ئەخلاقیدا ئامانجێك ئامادەیە تەنانەت سنووری كۆبوەكان دەبرێت و دەچێتە خزمەتی مرۆڤایەتی و سیستمی گشتی گەردوونەوە. هەر ئەمەشە كە لەو شوێنەی بەرژەوەندی دێت و دەیەوێ نێوانی كۆبوە سیاسیەكان و هاوكارو هاوئامانجەكان تێك بدات ئاكار رێگر دەبێت و ناهێڵیت، خۆ ئەگەر بەرژەوەندیش ئەوێی تێک دا ئەوە دیارە ئەو شتە لە ڕوکارا ئاكار بووە گەرنا بەرژەوەندی بووە.

كاتێكیش سیاسەت ، بوویە ئەو میكانیزمەی كە بتوانێت خەڵکی لەسەر بەرژەوەندی درۆینە کۆبکاتەوە، ئەوكات وەهم و ئایدیۆلۆژیاو تاقمگەری سەرچۆپی كێشی ئەو زەماوەندی بێ بوكەیە كە ماڵێكی نوێی خۆشەویستی پێ ئاوەدان نابێتەوە.

بۆیە كردەی ئەخلاقی لەلایەن سیاسەتمەداری ئەخلاقیەوە كاتێك ئەنجام دەدرێ، دەزانێ چاكەی گشتی لێدەكەوێتەوە، كورد واتەنی وەك ئەوە وایە(چاكە بكات و بیدات بەدەم ئاوەوە!!) بۆیە بەتەمای ئافەریمی ئەوان نابێت ودەرگایەك بۆ تەشویق و ماساوچێتی ئەوانی تر ناكاتەوە، ئەوەش رێگر دەبێ لەبەردەم كۆیلایەتی، چونكە كۆیلایەتی راستەقینە ئەوكاتە درووست دەبێت كە كەسێك چاكەیەك بكات و بەتەمای پاداشتی ئەوانی تربێت!!كاتێكیش كردەو مامەڵەی كۆیلایەتی بن بر كرا ئیتر دیكتاتۆرێكیش لەسەر زەمین بوونی نابێت.

بەشی دووەم

كاتێك باس لە سیاسەت دەكرێت راستەوخۆ مرۆڤ یەكەم جار بیری بۆلای سیاسەت دەچێت، وەك ئەوەی بڵێ ئەوەی بەهێز نەبێ ناتوانێ سیاسەت بكات، دیارە (هێز- القوە)یش بریتیە لەو كارایی و قورساییەی مرۆڤ بۆ بەگەرخستنی سەرچاوەكانی هێز و ئەو توانا جۆربەجۆرانەی كەخاوەنیەتی بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی و بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندیەكانی و كاریگەری لەسەر ئەوانی تر.

لە جیهانی سیاسەتدا زیاتر سێ ئاراستەو ڕوانین بۆ ناساندنی هێز بونیان هەیە:

یەكەم: وادەبینێت كە هێز بریتیە لەتوانای كاریگەری دانان لەسەر ئەوانی تر، و ژێرباركردنی ئەوانی تر بۆهەژموونی خۆ، بەشێوەیەك كەلەخزمەتی بەرژەوەندیەكانی خاوەن هێز دا بێت.

دووەم: وادەبینێت كە هێز بریتیە لە بەشداری كاراو دیار لە درووستكردنی بریاری گرنگ لە نێو كۆمەڵگەدا.

سێیەم: وادەبینێت كە هێز بریتیە لە كۆكردنەوەی هەردو تێڕوانینە ئاماژەپێدراوەكانی بەرتر، بەوەی كە پێێوایە هێز بریتیە لە بریاردان و زاڵبوون وكۆنترۆڵی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی كەسێكی دیاریكراو یان گروپ و تاقمێكی دیاریكراو لە بواری وروژاندنی پرس وكێشەو بابەتەكاندا. 

دیارە لە پرسی ئاكاریدا هەردەم هێز وەك فەزیلەت و چاكەی بنچینەیی بۆ مرۆڤ هەژماركراوە، بێهێزی یاخود نەبوونی هێز پێچەوانەی یەكەمی بوەو بەردەوەام بەنەنگی و بەسەرەتای خاڵیبوونەوەی مرۆڤ لەكاراو كەناركەوتنی دێتەهەژمار. 

تا بە ئیمرۆ بریاری یەكلاكەرەو تەحەكوم كردن بەسەر ناكۆكیەكان و كێشەكان بریتیە لەهێز نەك دادپەروەری، چونكە دواجار دادپەروەری دەركەوتەیەكی ئەرێنی و دەرەنجامێكی ئاكاری و عەقڵانی بەكارهێنانی هێزە. ئاینیش زۆرجار ئەمەی وەك فاكتێك تەماشە كردووە، لە فەرمودەدا هاتووە (المۆمن القوی خیر واحب الی الله من المۆمن الچعیف). 

خاوەنبوونی هێز بە بوونی كۆمەڵێك تایبەتمەندی گرنگ وهەمەجۆردەكرێت، گەورەترینیان عەقڵ و ئابوری و پێگە (سیاسی-كۆمەڵایەتی- مەعریفی) ولێوەشاوەیی و تواناو تەندروستی جەستەیی...هتد 

دیارە خاوەن بوونی هێز بەتەنیا بەبێ بوونی عەقڵێك و نۆرم و بەهایەكی ئاكاریانە دواجار چەكوشێكەو بەسەری خاوەنی دا دەكێشێتەوە. بۆیە هێز لەلای مرۆڤ كاتێ بۆ دەسەڵاتداری بەكار ببرێت لەلای سیاسیەكان و دەسەبژێردا كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی كاری سیاسەت و وەرگرتنی دەسەڵات و كردەی فەرمانداری و فەرمانرەوایی بۆ خۆیان قۆرخ بكەن.

بوونی " دەسەبژێر - نوخبە" و گرنگیەكی تەواوی هەیە بۆ كۆمەڵگەكان، چونكە میكانیزمێكی رێگەخۆشكەرو ئاسانكاری كردنێكە بۆ كاری سیاسی تۆكمە و كردەی سیاسی لەناو دەوڵەتدا، یان لەناو هەر كۆمەڵگەیەكی سیاسی دا. چونكە هەر كۆمەڵگەیەك لەم سەرزەمینەدا لە دوو توێژی سەرەكی پێكدێت، (چینی دەسەبژێر) واتە كەمینەیەكی خاوەن هێزی دەسەڵاتداری سیاسی، كە هەموو نەریتە ژیانیە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریەكانی كۆمەڵگەی دەتوانێت لە ژێر چنگدا بێت، بۆ ئەوەی رۆڵێكی بەرچاو لە ناو پێكهاتەو مەنزومەی سیاسی لەرێگەی دەست بەسەراگرتنی سەرچاوەكانی بریار و رۆڵی لە دارشتنەوەیدا هەبێت . 

توێژی دووەم كە توێژی زۆرینەی فەرمان بەسەرداكراوی خەڵكی ووڵاتە و كاریگەرە بەو بریارو فەرمانانەی كە لەلایەن توێژی یەكەمەوە بۆی دادەبەزن.

كاتێك پرسی سیاسەت و ئاكار دێتە پێشەوە، راستەوخۆو ناراستەوخۆ پرسەكە لەدووتوێی ئەو دەركەوتانە پیشان دەدرێت كە جۆری مامەڵەی چینی یەكەم و بەكاربردنی ئەو تواناو هێزو جۆری پەیوەندیانەیەتی لەگەڵ چینی دوەم و چۆنیەتی ئەو فەرمانداری و فەرمانرەواییەی كە ئەنجاكی دەدات.

گرفتێك لە تێگەیشتنی ئاكار (اخلاق) لەلایەن فەیلەسوفانەوە بوونی هەیە، هەندێ لەوانەی كەوەك كۆمەڵناس باسیان لە ئاكار كردووە بەوەی كەدەركەوتەیەكی مرۆیی خواستەكانی مرۆڤە لە پێگەیەكی دیاریكراودا، وەك ئەوەی هەیەو دەركەوتە بووە ئیتر باس لە نیازو ویستی پشت ئەو دەركەوتەیە ناكەن، هەروەها پرسی چاك یان خراپی كردەكە لای لێناكەنەوە، ئەوەندەی دەیانەوێ بڵێن ئەمە كردەیەكی مرۆییەو دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیە، بەڵام دیارە فەیلەسوفانی ئاكار لەوانە (ئیمانۆئیل كانت) ئاكار دەبەستێتەوە بەو ویستە چاكەیەی كەلەناو مرۆڤدا چرۆدەكات و دواجار دەركەوتەیەكی ئینسانی دەبێت كە چاكەیە. 

فەیلەسوفێكی وەكو ماركس و نیچە) ئیمە بەنموونە وەربگرین كەوەك كۆمەڵناسی تەماشەی ئاكاریان كردووە بەوەی كە ماركس گوتویەتی ئاكار بریتیە لەو رێو شوێن و نەریتانەی كە بەهێزەكان (چینی یەكەم= دەسەبژێر) دایدەهێنن و بەهاداری دەكەن لەنێو خەڵكداو وەك میكانیزمێك بۆ زیاتر چەوساندنەوەی بێهێزەكان (چینی دووەم).

بەتایبەتی ئەو پێی وایە بەها ئەخلاقیەكان بەرهەمی ئەوانەن كەخاوەنی هێزن و لەچینی دەسەبژێرن بەتایبەتی ئەوانەی كە میكانیزمەكانی بەرهەمهێنان و ئابووریان قۆخكردووە بۆخۆیان. بۆیە ئاكار دواجار لە خزمەتی چینێكی دیاریكراوی كەمینەی خاوەن ئابوری و دەسەڵاتدارە..

بەڵام فەیلەسوفێكی وەكو (نیچە) بەپێچەوانەی ئەم تێفكرینەی (ماركس) پێی وایە ئاكار دەسكردی مرۆڤەكان خۆیانە، ئاكاری بەزەیی وچاكەكاری و ئارامگرتن ئەمە چینی بێهێز دایهێناوە تاوەكو چینی یەكەمی خاوەن هەژموون بەكاری بهێنێت و لەرێیەوە گوزەرانی ئاسانترو دەسكەوت و سودێك لێیەوە بەدەستبگات. ئەمەلەكاتێكدا كەئیتر میكانیزمەكانی ململانێ و بەرگری لەدەست داو بوە ملكەچی چینی یەكەم ئیتر لەم بەهاو رێو شوێنە ئاكاریانە سود وەردەگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لەگەڵ چینی یەكەم هیچ نا گوزەران بكات. بۆیە بە پێی تێفكرینی (نیچە) ئاكار دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر:

ئەوانیش:

ئاكاری سەركردەو دەسترۆیشتوی كۆمەڵگە و كە ئیمە وەك دەسەبژێر ناوزەدمان كردن، ئاكاری ژێردەستە كەچینی دوەم و گوێرایەلەكەی كۆمەڵگەیە. دیارە ئاكاری چینی ژێر دەستە بەزەیی و قوربانی دان وهیواو سۆزو بەخشندەیی. 

هەرچی ئاكاری سەردەستەیە واتای پیاوەتی و ئازایەتی و پاڵەوانی و جورئەت و ئیرادەو ئازادی وو نەفس بەرزی و پشت بەخۆبەستن و روبەرووبونەوەی ئازارو مەترسیەكانە، كەبەمانە مرۆڤ مرۆڤ واتای مرۆڤی هاوەن هێزی بۆ دەگەرێتەوە، كەژیانی راستەقینە ئەم جۆرە ئاكارەی گەرەكە. 

ئەم تێقكرینەی ماركس ونیچە بەوەی كە ئاكار دەركەوتەی رۆڵ و پێگەو چینەكۆمەڵایەتیەكانە، خوێندنەوەی روخساریانەی ئاكارە، كۆمەڵناسان و بیرمەندانی رەوتی فینۆمینۆلۆژی ئەم تێگەیشتنەیان هەیە زیاتر، عەلی وەردیش لە تێگەیشتنی بۆ ئاكارو رەفتاری مرۆیی هەمان تێزی هەیەو پێی وایە: ئەو مرۆڤەی هەتا دوێنێ ژێردەستەبوو ئاتاجی بەبەزەیی و دەستراكێشانی ئەم و ئەو بوو بۆ هاوكاریكردنی، خەونی بە دروشمی دادپەروەری و دیموكراسی و یەكسانی و برایەتیەوە دەبینی، ئیمرۆ دەگاتە پێگەكەی دوێنێی ئەوی سەردەستە، فەرمانداری دەكات، خەونی ئەو چینەی سەرەوەی هەیە، ئەوەی دوێنێ خەوی پێوە بینی بوو ئیمرۆ لەبیری دەكات و كاری توندوتیژی وچەوسانەوەو پلیشانەوە ی ئەوانی تر دەبێتە رەفتاری و پەیرەوی لێدەكات.

بۆیە بەرای ئێمە ئاكار خەصڵەتی گشتی مرۆیی بوونی هەیە، گەرانەوەیە بۆ ناخی مرۆڤ و ویستی چاكە، ئەو ناخەی كەهەست بەپێویستی و خەمی هەموو چینە كۆمەڵایەتیەكان و مرۆڤەكان لەهەر ئاست و پێگەیەكدا بن لەهەگبەی گرتوە، بۆیە سیاسەتی راستەقینەی ئاكاری دەبێت وەها دەركەوتە بكات كەچاكەی تەنها بەرماڵی خۆی و بنەماڵەو دەوروبەرە نزیكەكان نەناسێت بەڵكو مرۆڤ و مرۆڤایەتی و هەمووان ببینێت.

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©