ئەرمەن لە گێڕانەوەی عبدالرزاق بەدرخاندا - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

ئەرمەن لە گێڕانەوەی عبدالرزاق بەدرخاندا

ئەرمەن لە گێڕانەوەی عبدالرزاق بەدرخاندا


پرس میدیا


هەموو ساڵێك یادی کوشتاری ئەرمەن لە ناو کورد دەکرێتەوە وەک بڵێی کورد خاوەنی دۆزەکە بن، وبێ ئەوەی بە قووڵی بەو باسەدا ‏بچن، و کەمێك خۆیان ماندووکەن شتێ زیاتر بخوێنەوە، بۆ بینینی گۆشەیەکی تر لەو باسەدا. 

هەندێ بەناو ڕۆشنبیری کورد زۆر بە ‏سەخاوەتەوە کورد تۆمەتبار دەکەن بە هەموو کارەساتێکی مێژووی کۆن و نوێ وەك بڵێی کورد خاوەنی ئیمپراتۆریەتێک بووبن بڕیاری ‏سیاسی ناوچەکە بەدەستی ئەوان بێت! نازانن کورد میلەتیکی بێ دەسەڵات وبەنجبووی بە خوڕافاتی دین و ڕێچکە سۆفیەکان بوون، بە ‏ئاسانترین شیوە فریودەدران! ئێستاش سەرۆکێکی تورکی لە چاخی ئەتۆم و ئینتەرنێت و شۆڕشی زانیاری، بە دنیایەك عەیب و عار و ‏مەلها و گەشتوگوزاری سێکسییەوە توانای فریودانی کوردێکی موسڵمانی زۆری هەیە، ئەی دەبێت ئەو کاتانە خەلیفە چ ڕەمزێکی ‏موقەدەس بوو بێت بۆ کورد؟!‏

جگە لەوەش جارێکیتر سیاسی و بەناو ڕۆشنبیری کورد لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیا و دین و بانگەشەی وڵاتە زلەکان، هیچ لە جەور و ‏ستەمی میللەتانیتر نابینێت لە دژی کورد، تەنها کاردانەوەی خۆی دەبینێت لە دژی جەور وستەمی ئەوان! بە تایبەت ئەگەر ئەو میللەتانە لە ‏ئەنجامی هەلەپاسی و ستەمی خۆیان نەتەوەیەکی گەورەتر و بەهێزتریان لێ ڕاست هاتبێت وەك کورد بێ وەی و بەبەزەیی نەبووبن ‏لەگەڵیاندا! لە باسی کوشتاری ئەرمەندا سەدان بەڵگەنامەی ڕووسی و ئەمریکی و ئینگلیزی، ئەوە باسی عوسمانییەکانیش لەولاوە ‏بوەستێ، هەن کە ئاماژە دەکەن بەو تاوانانەی چەتە و منداڵکوژەکانی مورتەزەقەی ئەرمەن ئەنجامیان داوە لە دژی کورد، بە پاڵپشتی ‏چەک و هێزی ڕوسیای قەیسەری مەسیحی لە هەر شوێنیك تیایدا باڵا دەست بوون.‏

من دەتوانم سەدان بەڵگەی ئەو ئەرشیفانە بهێنمەوە، بەلام گەورەترین بەڵگە لای من بەڵگەکانی میللەتی خۆمانە، بۆیە بەڵگەکانی ‏عەبدولڕەزاق بەدرخانی کوڕی نەجیب پاشای کوڕی میر بەدرخانی بۆتان، بۆ من لە هەموو بەڵگەکانی ڕووسی وئەمرکی و عوسمانی ‏گرنگترە، چونکە عەبدولڕەزاق بەدرخانی لەناو گۆڕەپانەکە بوو وەك کەسێکی سیاسی و ڕابەری عەسکەری وهەزاران چەکداری کورد ‏لەگەڵی بوون. عەبدولڕەزاق بەدرخان مرۆڤێکی خەباتگێڕ وماندوونەناس بوو، تەنها خەمێکی ڕزگاری وئازادی کورد بوو، دۆستی ‏سەرەکی رووسیا بوو، نزیکترین کەس بوو بۆ دڵی ئەرمەنەکان، کە پەیوەندیەکی زۆر باشی لەگەڵیان هەبوو.

لەو کتێبەدا کە لە ئەرشیفی ‏ڕووسیدا پارێزراوبوو [ژینامەی عەبدولڕەزاق بەدرخان] بۆت دەردەکەوێت کە عەبدولڕەزاق بەدرخان سەرەڕای ڕێز وخۆشەویستی و ‏دۆستایەتی ڕاستگۆیانەی بۆ ئەرمەن، جەنگانی لە دژی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی ئەوسا، وکوژاندنەوەی هەزاران فیتنە و ئاشووب لە ‏نێوان کورد و کورد و کورد وئەرمەندا، هێشتا ئەرمەنەکان بەردەوام لە دژیدا کاریان دەکرد، وسەرئێشەیان بۆ دروست دەکرد، هانی ‏پلەدارە سەربازییە بەرزەکانی ڕووسیایان دەدا لە دژیدا، تا کار بەوە گەیشت خۆشی کەوتە ژێر هێرشی چەتە ئەرمەنییەکان بە پاڵپشتی ‏ڕووسەکان ناچار بە خۆ بەدەستەوەدان کرا، ئەگەر ئەفسەرێکی ناسیاوی خۆی لەوێ نەبا دەشیانکوشت!‏

ئەو پیاوە خەباتگیڕە زۆر ڕاشکاوانە باسی پەیوەندی خۆی و بنەماڵە ناودارەکەی بەدرخان دەکات لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی، چۆن خەلیفە ‏سوڵتان عبدالحمید هەموو کەس وکاری دەگرێت ونەفییان دەکات بۆ تەڕابلوس پایتەختی لیبیای ئێستا، و چۆن هەتا هاتنی حکومەتی ئیتیحاد ‏وتەڕەقی یش سەرەڕای ئازاد کردنی بوڵغار وئەرمەن و هەموو ڕەگەزەکانی تر، هێشتا ماڵباتی بەدرخان لە زیندان دەهێڵنەوە بۆ هەڤدە ‏مانگ زیاتر! ل٣٩‏
دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا دەڵێ هەستم بەوە کرد کە ژیانمان لە مەترسیدایە، بۆیە عەبدولڕەزاق بەدرخان ڕادەکات بۆ ڕووسیا و داوا ‏دەکات ڕووسیا لێیگەڕێ بە هێمنی بژیت لە سەرزەمینیدا و خەریکی کار وباری خۆی بێت!‏

ئەوەی لای من گرنگە ئەوەیە عەبدولڕەزاق بەدرخان کە تۆمەتبار دەکرا بە پیاوی ڕووسیا، و هاوکاریکردنی سەربازی لەگەڵیدا، و ‏سەرەڕای ئاسۆفراوانی و کرانەوەی بەسەر ئەرمەنەکان، بەڵام چۆن باسی ئەرمەنەکان دەکات؟! لەکاتێکدا کە ئەو ژینامەیەی لەناو ‏دەسەڵاتی ڕووسەکان نووسیوە، زۆر ئازایانە باسی رووسەکان و ئەرمەنەکان دەکات، نەك وەك هەندێ سەرکردەی ئاخیرزەمانی ‏مارکسی وماوی کورد، کەشین بۆ مارشەمعونی ئاسووری دەگێڕێ، و سمکۆی شکاک دەداتە بەر نەفرەت بەوپەڕی بێ کەڕامەتی و ‏دوور لە واقیعی مێژوویدا.‏

ئامادەکردنی؛ محەمەد هەریری

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©