پرس میدیا
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی، رایدەگەیەنێت، هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر بڕیار و پێشهاتێکی مەترسییدارە، سەرەتایەکی تاریکیشە بە ئاڕاستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنیی کە لەسایەیدا هیچ بۆ ئازادیی دەربڕین و کاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە.
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە: لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی گیرۆدەی برسێتی و بێکاری و دەیان قەیرانی دیکەی دروستکراو بۆتەوە و باجی سیاسەتی هەڵە و قۆرخکاریی و گەندەڵیی ٢٩ ساڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات، لەبری مشورخواردنی خێرای حکومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و گونجاو، خۆی خەریککردووە بە هەوڵی سزادان و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک ڕەخنەیەک بگرێت و باس لە گەندەڵیی بکات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، دوایین هەوڵی سەرۆکی حکومەت لەو پێناوەدا، بەکارهێنانی دادگا و داواکاریی گشتییە بۆ ناچارکردن و بەکارهێنانی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەمان سۆران عومەر سەعید.
فراکسیۆنەکە، جەختیکردەوە: ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ، پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە و سەرەتایەکی تاریکە بە ئاراستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی کە لەسایەیدا هیچ مەودایەک بۆ ئازادی دەربڕین و کاری پەرلەمانیی ناهێڵێتەوە، ئەرکی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بژێوی و گوزەرانی خەڵکە کە بە دوو مانگیش توانای دابەشکردنی موچەیەکی نەماوە!.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، کە ئەوان چاوەڕێ بوون ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو کاراتر بێت لە بینینی ئەرک و مومارەسەی دەسەڵاتەکانی، بەڵام بەداخەوە بەتەواو خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێکی سیاسیی دیاریکراو و بۆتە پاشکۆی سیاسەت و ئەجێندای حکومەت و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانتاران جگە لەوەی لە ڕۆڵی چاودێریکردن و لێپرسینەوە خراون، خەریکە وایلێدێت نەشتوانێت قسە بکات و ڕەخنە بگرێت!.
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان راشیدەگەیەنێت، وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ ههڵوێستی فراكسیۆنهكان و كهسایهتی و جهماوهری كوردستان, ڕایگشتییش لەم پێشهاتە خەتەرناکە ئاگاداردەکەینەوە، داواش لە هەموو فراکسیۆنەکانی پهرلهمان دەکەین ڕێگەنەدەن ئەم ههوڵه سەربگرێت کە دواجار پەرلەمانی کوردستان لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییەوە دەکاتە دەزگایەکی بندەستی حکومەت و بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان.
داڕشتنەوە: باران
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق