پرس میدیا
بەرپرسی تیمی وتەبێژانی هاوپەیمانی رایگەیاند، "ئەوەى حکومەتى هەرێم ناوى لێناوە چاکسازى بەمەستى دابینکردنى بودجە و کەمکردنەوەى خەرجیەکانى، بریتیە لەکەمکردنەوەى مووچەى فەرمانبەران".
دکتۆر فەیسەڵ عارەب بڵباس بەرپرسی تیمی وتەبێژانی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی حزبەی راگەیاند، "لەکاتێکدا بەهۆى پەتاى کۆڕۆنا و قەدەغەى بەردەوامى هاتوچۆ، خەڵک لەبارێکى ئابووریى زۆر خراپدایە و فەرمانبەران ماوەى دوو مانگە چاوەڕێى مووچەى مانگى دووى ئەمساڵن و کاروکاسبى بەیەکجارى وەستاوە و پارە لەبازاڕەکاندا نەماوە، حکومەت دەبوایە لەجیاتى دەستبردن بۆ مووچە، بیرى لەچاکسازیکردن لە بندیوارەکان و گەڕاندنەوەى داهاتى خاڵە سنووری و گومرگیەکان و نەوت و گاز بکردایەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەهاوپەیمانىی نیشتمانى هەر لەسەرەتاوە جەختمان کردوەتەوە کە لەم بارودۆخە قەیراناویدا نابێ دەستکاریى مووچەى فەرمانبەران بکرێ، چونکە چینى فەرمانبەر لەگەڵ ئەوەى خاوەن داهاتێکى سنووردارە، هۆکارێکیشە بۆ جووڵە و بووژانەوەى بازاڕ و دەستپێکردنەوەى کاسبکاران بەکارەکانیان لەڕێى ئەو پارەیەى کە دێتە ناو بازاڕەکانەوە".
لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، "ئەم بڕیارانەی حکومەت نە چاکسازیە و نەچارەسەر بەڵکو خراپ کردنی بارودۆخی سیاسی و ئابوری ھەرێمی کوردستانە، لەبری پاداشت بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان کەمکردنەوەی موچەیان سزایەکی بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستانە".
No comments:
Post a Comment