لە سلێمانیەوە بریاری نوێ دەرچوو - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

لە سلێمانیەوە بریاری نوێ دەرچوو

لە سلێمانیەوە بریاری نوێ دەرچوو


پرس میـدیا 

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ 17 بڕیاری نوێی بۆ پارێزگاکە دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان، رێگاکانی نێوان پارێزگاکان بە داخراویی دەمێننەوە و، لەهەر شوێنێک، رێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.



 هەروەها بەپێی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی تاقیکردنەوەی قۆناخی پێنجەمی پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەو تاقیکردنەوەی پراکتیکیی ئامادەییە پیشەییەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیاندا بە پێیی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچن.



دەقی بڕیارەکان



بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی



بابەت/ گشتاندن 



ئەمڕۆ (27-6-2020)، لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پاڵپشت بە بەیانی ژمارە (42)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆ، بڕیاریدا بە:



1- هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تردا لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (٢٠٢٠/٧/١) بە داخراویی دەمێنێتەوەو رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆ بکات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دیاریکراون و لەدوای ئەو کاتەشەوە وەزارەتی ناوخۆ ئەم بابەتە دیاری دەکات.



2- راگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆو کەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان بەپێی سروشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، درێژ دەکرێتەوە بۆ ڕۆژی (4-7-2020).



3- هەموو مزگەوت و پەرستگا و شوێنە ئاینییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا بە داخراوی دەمێننەوە.



4- تاقیکردنەوەی قۆناغی پێنجەمی پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەو تاقیکردنەوەی پراکتیکیی ئامادەییە پیشەیەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا بە پێیی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچن.



5- تاڕۆژی (4-7-2020)، هەموو نۆرینگە ئەهلیەکانی پزیشکی ددان دادەخرێن و لەکاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە ڕاوێژکارییەکانی پیرەمێردو شۆڕش تایبەت بە ددان بکەن. هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.



6- تا ڕۆژی (4-7-2020) لە سنووری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەکان تەنها بە دلیڤەری دەتوانن کاربکەن و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەکانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.



7- نێرگەلەخانەو هەر کافتریایەک کە نێرگەلە پێشکەش بکات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیک، جیمەکان، یانە شەوانەکان، مەیخانەکان، شوێنەکانی کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن، هۆڵی بۆنەو کۆڕو کۆبوونەوەکان، بەداخراوی دەمێننەوە.



8- پرسەو پرسەی گەڕەکەکان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو کۆبوونەوەیەکی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێک قەدەغەن.



9- گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) تا ڕۆژی (٢٠٢٠/٧/٤) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.



10- هەر شۆفێرێکی (تەکسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.



11- قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا بەردەوام دەبێت و هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان تەنها بە پێ دەتوانن هاتووچۆو بازاڕ بکەن.



12- لە دابەشکردنی موچەدا فەرمانگاو خەزێنەو بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەکەن بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان و، فەرمانگەکان بەپێی لیستی موچە بەهەمان ڕێکارو ڕێنمایی تەندروستیی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاریدەکرێت موچە دابەش دەکەن.



13- لە هەر شوێنێک، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.



14- هەر کۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێکی کەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.



15- پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆبوونەوەیەک بەدوور بگرن.



16- پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان لێپرسینەوەو ڕێکارەکان وردتر و زیاتر و خێراتر بکەن و هەر فەرمانگە و لیژنەیەک کەمتەرخەمیی بکات، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.



17- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن.





د. هەڤاڵ ئەبوبەکر

پارێزگاری سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©