حکومەت کارنامەکەی خۆی جێبەجێنەکردووە!! (زنجیرەی یەکەم) - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

حکومەت کارنامەکەی خۆی جێبەجێنەکردووە!! (زنجیرەی یەکەم)

حکومەت کارنامەکەی خۆی جێبەجێنەکردووە!! (زنجیرەی یەکەم)

پرس میدیا

پرس میدیا بەدواداچوون دەکات بۆ کارنامەی حکومەت بەچەند زنجیرەیەک، بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا خاڵەکان جێبەجێ کراوە یاخود نا

زنجیرەی یەکەم

بەڵێن عزەت میکە

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا چەند بابەتێکی وەکو هێڵە گشتییەکانی کارنامەکەی خستەڕوو، ئەوەش بەو مانایەدێت کە کابینەی نۆیەم لەماوەی چوار ساڵی تەمەنییدا دەیەوێت ئەو هێڵە گشتییانە جێبەجێبکات، لەم زنجیرە ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدەین هەڵسەنگاندن بکەین لەنێوان بەڵێنەکانی نێو کارنامەکە و ئەوەی لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا جێبەجێکراوە. 

هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەم دابەشکراون بەسەر شەش ئاستی جیاوزدا کە بریتین لە: ئاستی چاکسازی، ئاستی خزمەتگوزارییەکان، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، ئازادیی و دیموکراسیی و پێکەوەژیان، پەیوەندیەکانی هەرێم لە ئاستی هەرێمیی و نێەودفەوڵەتی، ئاستی ئابووری و دارایی و ئاستی کارگێڕی. 

بۆ هەریەکێک لەو ئاستانە دەبێت بە وردی و بە داتا، هەڵسەنگاندن بکەین و بۆ هەر یەکێکیان ڕاپۆرتێکی جیاواز لە چوارچێوەی زنجیرە ڕاپۆرتەکەدا دەخەینەڕوو. 

یەکەم ئاست کە لە کارنامەکەدا ئاماژەی پێکراوە ئاستی چاکسازییە، ئەوەش بە سیازدە خاڵی کورت خراوەتەڕوو: 

خاڵی یەکەمی ئاستی چاکسازی لە کارنامەکەی کابینەی نۆیەمدا دەڵێت: کاردەکەین بۆ چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆر و خانەنشین و چارەسەرکردن و رێکخستنەوەی دەوام و گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە بەرامبەر هەر سەرپێچیەک کە لەم کەرتە کرابێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەسپاندنی یاسا و دروستکردنی ئەنجومەنی ڕاژە و ئامادەکردنەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان بە فۆرمێکی تازە و گونجاو. 

سەبارەت بە خاڵی یەکەم، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەوە هەندێک بڕیار و ڕینمایی دەرکرا بۆ ڕێکخستنەوەی کات و شێوازی دەوامی فەرمانگەکان، بەڵام ئەو بڕیارانە گشتگیرنەبوون و لە زۆنی سەوز بە هەند وەرنەگیرا و لە زۆنی زەردیش دوای چەند مانگێک پشتگوێ خرا، هەر لەو خاڵەدا باس لە چەسپاندنی یاسا و دروستکردنی ئەنجومەنی ڕاژە کراوە، پەرلەمانی کوردستان یاسای تایبەت بە چاکسازی لە مووچە و دەرماڵەکانی پەسەندکردووە، بەڵام هەرچەندە بڕیاربوو لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە نەراوە، هیچ ئەنجومەنێکیش بەناوی ئەنجومەنی ڕاژە پێکنەهێنراوە. 

خاڵی دووەمی کارنامەکە دەڵێت: کار دەکەین بۆ نەهیشتنی ڕووتین و هەروەها خێراکردنی ڕاپەراندنی ئیش و کاری هاوڵاتیان و ڕێزگرتن لێیان لە دامودەزگا فەرمییەکاندا. بە کردەوە هەوڵ دەدەین بۆ بەخزمەتگوزارکردنی دامەزراوە حکومییەکان لە ئاست هاوڵاتیاندا. لە پەیوەندیی بەم بابەتەوە هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنیەکان دەدەین. 

بەڵام لەم کابینە نوێیەدا و لەسەرەی وەرگرتنی مووچەدا خانەنشینێک گیان لەدەستدەدات، ئەمە نموونەیەکی لەو دۆخەی کە نەک دامەزراوەکان نەبوونەتە شوێنی خزمەتکردن و ڕێزگرتن لە هاوڵاتیان بەڵکوو بوونەتە هۆی سووکایەتیپێکردن و زیان پێگەیاندنیان، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی شێوازی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، هەروەها هیچ هەنگاوێکیش بۆ بەئەلکترۆنییکردنی کاروباری حکومەت نەکراوە، وەکو ئەوەی لە خاڵی دووەمدا ئاماژەی پێکراوە. 

لە خاڵی سێیەمدا ئاماژە بەوەکراوە: نابێ بەرپرسانی باڵای حکومەت پێگەی کارگێریی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەکاربهێنن. بە پشت بەستن بە یاسا بەرکارەکانی هەرێم، نابێ بەرپرسان کاری بازرگانی و بەڵێندەرایەتی و وەبەرهێنان بکەن و لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەک لەم بوارەدا دەکەین. 

ئەمە خاڵێکی تەواو گونجاو و باشە ئەگەر جێبەجێ بکرایە، بەڵام لەماوەی زیاتر لە ساڵێک لە تەمەنی کابینەکەدا، هیچ بەرپرسێکمان بەبینی کە سزابدرێت یان بدرێت بە دادگا بەهۆی ئەوەی کاری بازرگانیی و وەبەرهێنانی تێکەڵی کاری حکومەت کردووە. 

لە خاڵی چوارەمدا هاتووە: ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و بەستنی کۆنگرە و کۆنفراس، بە پێی پێویستی دەبێت و رێگە لە بە هەدەردانی سامان و خەراب بەکارهێنان و بەلاڕێدابردنێک لەم بوارانەدا دەگرین. 

ناکرێت هەڵسەنگاندنی تەواو و واقعیی بۆ ئەم خاڵە بکرێت، چوونکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی ڕێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، کەمترین چالاکیی و سەردان و کۆنفرانس لە ئاستی جیهاندا ئەنجامدراوە و ئەوەش کوردستانی گرتووەتەوە، نازانرێت ئەگەر بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆۆسە نەبایە، حکومەتی هەرێم خۆویستانە پابەندی ئەم خاڵەی کارنامەکەی دەبوو یان نا. 

لە خاڵی پێنجەمدا ئاماژە بەوەکراوە: بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندڵیەکی دارایی و کارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵک و مومتەلەکاتی هەرێم، ئەمەش لە رێگەی کاراکردن و پشتیوانی کردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی. 

دووبارە لەماوەی دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە تا ئێستا، هیچ کەس و لایەنێک لەلایەن ئەو دامەزراوانەی کە لە خاڵەکەدا هاتوون سزانەدراوە و نەدراوە بە دادگا. 

خاڵی شەشەم ئاماژە بەوەدەکات: کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا، بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان. بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە کاردەکەین بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان بە پێی یاسای پەیوەندیدار. 

بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵیک بەسەر ئەم بەڵێنەدا، نە سندوقی داهاتە نەوتییەکان دامەزراوە، نە شەفافیەت هاتووەتەئاراوە. 

لە خاڵی حەوتەمدا ڕونکراوەتەوە کە بە پێی ستاندەرە جیهانییەکان، چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆڕاک دەکەین و رێکاری یاسایی بۆ هەر سەر پێچیەک کە لەم لایەنە ژیاریەدا بکرێت دەگرینە بەر. بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین. 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەریخست نەک هەر ئەم بەڵێنە جێبەجێنەکراوە، بەڵکوو دۆخی کەرتی تەندروستی زۆر لەوە خراۆترە کە هاوڵاتیان چاوەڕوانیان دەکرد، هاوکات ئەو دامەزراوەیەی کە باسی لێوەکراوە دانەمەزراوە و هیچ هەنگاوێکیش بۆ دامەزراندنی نەنراوە. 

لە خاڵی هەشتەمدا ئاماژە بەوەکراوە: چاکسازی لە سیستەمی باج دەکەین و دەبێ دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر ببێت و هەموو رێکارێکی یاسایی و کارگێڕی دەگرینەبەر بۆ رێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە دەگرینە بەر بۆ رێکخستنی باج. 

ئەمە هەنگاوێکی زۆر کاریگەر دەبوو ئەگەر بگیرایەتەبەر، بەڵام نە ئەو هەنگاوە نراوە نە هیچ چاکسازییەک لە بواری باج و وەرگرتنییدا ئەنجامدراوە. 

خاڵی نۆیەم دەڵێت: کار دەکەین بۆ رێگەگرتن لە قۆرخکاری (احتکار) بە پێی یاسای بەرکار و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و هاندانی کۆمپانیاکانی پشکداری. 

بەڵام هیچ کۆمپانیایەک لەسەر قۆرغکاری سزانەدراوە و هیچ کۆمپانیایەکی پشذکداری دانەمەزراوە و ململانێێ دروستی بازرگانی لە بازاڕەکانی هەرێمدا لەئارادا نییە. 

لە خاڵی دەیەمدا ئاماژە بەوە کراوە: پشتیوانی کاری چاودێریی پەرلەمانی دەکەین و بۆ ئەم مەبەستەش پابەند دەبین بە هەموو رێکارەکانی چاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بە پێی یاساو پەیڕەوی ناوخۆ و بنەماکانی کاری پەرلەمانی. هەروەها بە پێی بنەماکانی کاری پەرلەمان، ڕێز لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی دەگرین. 

بەڵام تا ئێستا لە پەرلەمانەوە نە لێپرسینەوە لە هیچ بەرپرسێکی حکومەت کراوە، نە متمانەی لێ وەرگراوەتەوە، تەنانەت دوای ئەوەی چەندین جار سەرۆکی حکومەت بانگهێشتکراوە بۆ پەرلەمان بەڵام ئامادە نەبووە بچێتە بەردەم پەرلەمانتاران، بەچەندین شێوەش دژایەتی ئۆپۆزسیۆن کراوە بە پێچەوانەی ئەوەی لە کارنامەکەدا هاتووە. 

خاڵی یازدەیەمی کارنامەی حکومەت ئاماژە بەوە دەکات کە سندوقی خانەنشینی بە پێی یاسای پەیوەندیدار لە هەرێم کارا دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سندوقە گەرانتی مافەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بکات. 

ئەمەش جێبەجێ نەکراوە وتا ئێستاش شتێک نییە بەناوی سندوقی خانەنشینیی لە هەرێم، لەکاتێکدا مانگانە بڕێک لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بەناوی ئەوەی دەخریتە سندوقی خانەنشینییەوە، بەبێ ئەوەی سندوقەکە هەبێت. 

خاڵی دوازدە دەڵێت: بە هەماهەنگی لەگەل سەرۆکایەتی هەرێم، لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێم، پێداچوونەوە بە میکانیزمی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەین و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری بسپۆرانی ناوخۆ و دەرەکی ئەم هێزانە لە ستانداردە سەربازییەکان نزیک بکەینەوە. 

لەم بوارەدا چەند کۆبوونەوە و هەنگاوێک نراوە، ئەوانیش لەژێر فشاری هاوپەیماناندا بووە، بەڵام تا ئێستاش نەک هەر هەنگاوی کردەیی نەهنراوە، تەنانەت میکانزیمەکانی جێبەجێکردنی ئەم خالەش دیارینەکراوە و ماوەیەکی زۆریشە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بەو بوارە وەستێنراون. 

لە کۆتا خاڵی کاربامەکەدا هاتووە: کار دەکەین بۆ سەروەرکردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە کوردستاندا کەس لە سەرووی یاسا بێت. هیچ کەسێک رێگەی پێنادرێت بە هۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا رابکات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, هەروەها کاری جدی دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە ناو کۆمەڵگەکەماندا. 

لەم خاڵەشدا دوو بواری گرنگ باسکراون بەڵام بەداخەوە هیچ یەک لەو بوارانە بچووکترین گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە ئەگەر دۆخیان خراپتر نەبووبێت باشتر نەبووە. 

لەم هەڵسەندگاندنەی سەرەوەدا دەردەکەوێت لە ئاستی یەکەمی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی حکومەت کە ئاستی چاکسازییە، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکی ڕابردوودا بچووکترین دەستکەوت نەهاتووەتەئاراوە تا ئاماژەی پێ بدرێت و ڕونیش نییە کە داهاتووی ئەم پرۆسەیە چی دەبێت کە کابینەی نۆیەم بە شێوەیەکی فراوان بانگەشەی بۆ دەکات. 

هەڵسەناگدنی ئاستەکانی تری هێڵە گشتییەکانی کارنامەکە لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا دەخەینەڕوو.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©