جاشایەتی یان چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردن و شەڕی لابەلا - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

جاشایەتی یان چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردن و شەڕی لابەلا

جاشایەتی یان چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردن و شەڕی لابەلا

پرس میدیا

جەلال ئەحمەد

ئاشکرایە ئەوکەسەی کە پەنا بۆ کفرکردن دەبات لە قسەکردنیدا (والعیاذ بالله)، مەبەستی ئەوە نییە بڵێ من کافر بووم، ئەیەوێ بڵێ زۆر من توڕەبووم.

ئەم خەڵكەش کاتێک داوای مافەکانیان لە بەغدا دەکەن لە خۆپیشاندانەکاندا، یان لە پۆست و لێدوانەکانیاندا و گەڕانەوە بۆ بەغدا وەک دەرچەیەک دەبینن، مەبەستیان خیانەت و جاشایەتی نییە.

ئەوە پەیامی ئەوپەڕی تووڕەیی خەڵکە.
ئەیانەوێ بە حوکمڕانان بڵێن لێتان توڕەین و بێزاری لەدەست ئێوە و ستەم و گەندەڵی و ناعەدالەتی ئێوە، خەریکە سەرمان دەکێشێت بۆ بەغدا.

(كالمستجير من الرمضاء بالنار) وەک ئەو کەسەی لەتاو گەرما پەنا بۆ ئاگر ببات، بۆیە تاوانبارکردنی ئەم خەڵکە بە خیانەت و جاشایەتی تۆمەتێکی بێبنەماو ناڕەوایە، ئەوە خودی دەسەڵاتە، کە ماوەی دەیان ساڵە بە سیستمێکی فاشیلی حوکمڕانی، بنەماکانی مانەوەو بەردەوامی بۆ قەوارەکە لاوازکردووە و خەڵکی بێئومێد و بێئینتیماکردووە، ئاخر ئەوانەی ئەوقسانە دەکەن هەندێکیان کوڕەشەهید و پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسین، مەسەلەی پەیوەندیش لەگەڵ مەرکەز، ئەوە حیزبەکانی دەسەڵات دەبێ ئاخرکەس ڕوویان بێت باسی بکەن، هەر لەدوای ڕاپەڕین هێشتا قوربانییە بێکفنەکانی ئەنفال و کیمیا باران کفنەکانیان زەرد نەبووبوو، چوونە بەغدا و ئەملاو ئەولای صدامیان ماچکرد! ڕۆژژمێری ئێمە پڕیەتی لە 31 ی ئاب و 16 ی ئۆکتۆبەر.

تەیارەی تورکی و ڕاجیمەی ئێرانی و دەبابەی عێراقی، دەیان داستانی ئابڕووبەریان هەیە لە(شار)و (دەشت) و (دۆڵ) و (کێو) و (کەپک)ەکانی ئەم نیشتمانە بەشمەینەتە.

ئێستەش بەشێک لە بارگرانی دارایی هەرێم، ئەو پلە و پۆست و ئیمتیازات و مووچەی بندیوارانەیە کە دەدرێت بەکۆنە بەعسییەکان و خزمە تازەکانی مەرکەز.

ئەم قەوانە سواو و تۆمەتە بێبنەمایەش ستەمێکی ترەو دەخرێتە پاڵ نەهامەتی و قەیرانەکانیترو بەلاڕێدابردنی کێشەکانە و دروستکردنی شەڕێکی لابەلایە و بۆ چەواشەکردنە و بەمەبەستی شاردنەوەی ڕاستییەکانە و هێندەیتر خەڵک تووڕەدەکات، چونکە خەڵک باش دەزانن کێ پێشبڕکێی ڕاکردن بەرەو بەغدا و شەڕی پۆستی سیادی و بەدەستهێنانی ئیمتیازات دەکات و سەرقاڵی (صفقات)ە لە بەغدا.

بۆیە لەبری ئەم تۆمەت بەخشینەوەیە، بپرسن ئاخۆ چی ئەم خەڵکەی بێئومێد کردووە و کێ ئاوەها تووڕە و بێزاری کردوون؟!

جگە لە هەموو ئەوانەش ئێستا لە دنیادا سەردەم سەردەمی مرۆڤ سەنتەری و پاراستنی شکۆی تاک و دابینکردنی ماف و ئازادی مرۆڤە و هاوڵاتیبوون پێوەری مامەڵەکردنە و باس باسی دەوڵەتی مەدەنی و تێپەڕاندنی جیاکاری نەتەوەیی و ئایدۆلوژییە و ئەو سەردەمە بەرەو ئاوابوون دەچێت کە جیاکاری لە نێوان هاوڵاتیاندا بکرێت.

بۆیە کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگە بەیەکسانی و وەک مرۆڤ و هاوڵاتی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئیدی هەموو مافە تایبەتەکانی خۆی وەک ڕێزگرتن لە نەتەوەو ئاین و ئازادی ڕادەربڕین وەک سەرەتاییترین مافەکانی دەستەبەردەبن و هیچکەس خەمی ستەملێکردن و پێشێلکردنی ماف و زەوتکردنی ئازادییەکانی نابێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©