ئەمڕۆ سێ شەممە، فراکسیۆنی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بانگێشتی موستەفا کازمی یان کردووە بۆ ئامادەبوونی لە دانیشتنی پەرلەماندا.
فراکسیۆنی فەتح ئەمڕۆ سێ شەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، فراکسیۆنەکەیان داوایان لە مستەفا کازمی کردووە، تاوەکو ئامادەبێت بۆ گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی پرسی بەزاندنی سەروەرییەکانی عێراق، هەروەها ژمارەیەک پرسی دیکەی تایبەت بە حکوومەت.
هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "میواندارییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی هەستیارترین پرسەکانە کە حکوومەت نەیتوانیوە تێیاندا سەرکەوتووبێت، لەناویشیاندا پرسی بەزاندنی سەروەرییەکانی عێراق لەلایەن ئەمریکا و سوپای تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان".
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە کە دانیشتنێکی نائاسایی تایبەت بە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دروستبوونی قەیرانی تەندروستی ئەنجام بدرێت.
No comments:
Post a Comment