ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی لە دیدارێکدا ڕایگەیاند، "تورکیا لەسەر ئاستی باڵا باسی ویلایەتی موسڵ دەکات".
هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی (العربیة)ی سعودیەدا ڕایگەیاند، " نائامادەگی وڵاتانی عەرەبی لە عێراق وایکردووە ئێران و تورکیا مامەڵە بە چارەنوسی وڵاتەوە بکەن، و حکومەتی مستەفا کازمی دەرفەتێکە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینەو راگرتنی بەهەدەردان و گەندەڵی و دەستوەردانی بیانی لە عێراق".
ئاماژەی بەوەشکرد، " لە کۆندا عێراق لە سێ ویلایەت پێکهاتبوو، بەغدادو بەسرەو موسڵ، ویلایەتی موسڵ لە دهۆک و هەولێرو سلێمانی و کەرکوک و نەینەوا تاوەکو خانەقین پێکدەهات، و قسەکردنی تورکیا لەبارەی ویلایەتی موسڵ پێشتر لەسەر ئاستی بەرپرسانی تورکیا یەکێک لە بابەتە قەدەغەکراوەکان بوو، بەڵام ئێستا لەسەر بەرزترین ئاست قسەی لەبارەوە دەکەن".
هۆشیار زێباری ئەوەشی ئاشکراکرد، " ئێران بەهۆی ململانێکانی پێشترو جەنگەکانەوە مەترسی ئەمنی لە عێراق هەیە هاوکات خواستی ئابوریشی هەیە، و لەڕووی مێژووییەوە ناکۆکییەکانی نێوان تورکیاو ئێران دینی و مەزهەبی بوبێت یاخود سیاسی، بەڵام بەرژەوەندی ئابوری بەهێز هەردوولای کۆکردوەتەوە".
جەختیکردەوە، " ئەرکی حکومەتی عێراقە دەنگی بەرزتر بێت لە روبەڕووبونەوەی فراوانخوازی تورکیا، و وڵاتانی عەرەبی هەڵەیان کرد کە دوای لەناوچونی رژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا عێراقیان لە ئامێز نەگرت".
هۆشیار زێباری ڕونیکردەوە، " وڵاتانی عەرەبی توانای ئامادەگی سیاسی و ئەمنییان لە عێراقدا نییە، بەڵام کات تێنەپەڕیوەو ئەگەر دۆزینەوەی زەمینەی هاریکارییان هەیە لەگەڵ حکومەتی مستەفا کازمی".
No comments:
Post a Comment