باشوور و پەکەکە؛ پەیوەندییەکی سی ساڵە و دۆستایەتییەکی پتەو - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

باشوور و پەکەکە؛ پەیوەندییەکی سی ساڵە و دۆستایەتییەکی پتەو

باشوور و پەکەکە؛ پەیوەندییەکی سی ساڵە و دۆستایەتییەکی پتەو

پرس میدیا

بەڵێن عزەت میکە 

زیاتر لە چل و دوو ساڵ پێش ئێستا لە باکووری کوردستان پارتێکی کوردی بە هزری مارکسیی لینییەوە دامەزرێنرا و دوای چەند ساڵێک دەستی بە خەباتی چەکداریی و پارتیزانیی کرد، ئێستا ئەو پارتە، لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەندێک وڵاتی جیهانیشدا، ئەندام و لایەنگر هەیە، پارتی کرێکارانی کوردستان، ناوی ئەو پارتەیە. 

چیرۆکی دروستبوونی پارتەکە و دەستکردن بە خەباتی چەکداری، چیرۆکێکی پڕ لە وردەکاری و سەرکێشیی و ئاڵەنگارییە، لەگەڵ ئەوەشدا پەڕینەوەی خەباتی پارتەکە بۆ پارچەکانی تری کوردستان بابەتێکی گرنگ و جێسەرنجە. 

باشووری کوردستان وەکو یەکێک لە پارچە هەرە گرنگەکانی کوردستانی بەشکراو، هەرزوو بە خەبات و هزری پارتی کرێکارانی کورستان ئاشنا بووە و نزیکەی سێ دەیە دەبێت لە باشوور هاوسۆزیی و ئەندامیی و هەماهەنگیی لەگەڵ پەکەکە سەریهەڵداوە. 

پارتی کرێکارانی کوردستان بە سێ شەپۆلی جیاواز لە باشووری کوردستان گەشەیکردووە: 

یەکەم/ دوای پرۆسەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بێهیوابوونی خەڵک و پێشمەرگە لە شۆڕشێ نوێ و جێهێشتنی باشووری کوردستان بەرەو ڕۆژهەڵات و بوون بە پەنابەری پێشمەرگەکانی شۆڕشی نوێ، بەشێکی زۆر لە سەرکردە و پێشمەرگە و ڕۆشنبیرانی شۆڕش، بێهیوابوون لەوەی حزبەکانی باشووری کوردستان بتوانن لەدەستی داگیرکەر ڕازگاریان بکات، چوونکە ساڵی ١٩٧٥ نسکۆی شۆڕشی ئەیلولیان بینیبوو و ساڵی ١٩٨٨ بۆ ١٩٨٩ بەهەمان شێوە بێهیوابوون و شکستی پلانەکانی شۆڕشی نوێیان بینی، ئەمەش وایکردبوو ئەوانەی هزرێکی کراوەیان هەیە زووتر لە دۆخەکە تێبگەن و بەدوای بەدیلێکی گونجاوتردا بگەڕێن، لەوکاتەوە هەندێک لەوانە ئاشنا بوون بە هزری پەکەکە و ئەو بنەما هزریانەی شۆڕشکە کە ئۆجەلان دایڕشتبوون، دوای چەند ساڵێک لەوە و بەتایبەتی دوای ڕاپەڕینی گەلی باشووری کوردستان، خەڵکێکی زۆر هاوسۆزیی بۆ پەکەکە لە دڵییدا گەشەیکرد و هێدی هێدی ڕێکخستنی نهێنی دروستبوو کە ئەرکی سەرەکی ئەم ڕێکخستنانە کۆکردنەوەی کۆمەک و ناردنی بوو بۆ قەندیل، هاوکات بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستانیش لە سەروبەندی ئەنفالەکاندا ڕوویکردبوویە هەندەران لەوێ ئاشنابووبوون بەو خەباتە مەدەنی و شێوازیی لۆبیکردنەی کە پەکەکە پێی هەڵدەستا، بۆیە وردە وردە پەکەکە و ئاراستە سیاسییەکەی لە دڵی کوردانی باشووردا جێی خۆی کردەوە. 

دووەم/ دوای ڕاپەڕین خەڵکی باشووری کوردستان ئەو حزبانەی تاقیکردەوە کە شۆڕشیان کرد و ئەزموونەکەیان لەبەرچاوبوو، هەموو کەموکورتییەکانیان بینی، بۆیە ئەمە وایلێهات بێزاریی لە حزبە کوردییەکانی باشوور دروستبێت و ئەو دۆخە ئابووری و سیاسیی و سەربازییەی هێنایانە ئاراوە، ڕەنگادانەوەی هەبوو لەسەر خەڵکی باشووری کوردستان کە لە پشتیوانییکردنی ئەو حزبانە بکشێتەوە، هاوکات خیانەت و فێڵکردن و شەڕی ناوخۆ و چەندین ڕووی تری ناشرینی ئەم حزبانە بۆ خەڵكی باشور دەرکەوت و ئەوەش وایکرد کە خەڵك بەدوای بەدیلێکی تری نەتەوەییدا بگەڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش پەکەکە تاکە بەدیلی لەبەرچاوانبوو، چوونکە پەکەکە هێشتا لە خەباتی پارتیزانیی و لە شۆڕشدابوو و هیچ ئەزموونێکی کردەیی نەبوو تا هەڵسەناگاندنی پێ بکرێت و جوگرافیای شۆڕشەکەش هێندە دووربوو لە خەڵکی ئاسایی کوردستانەوە کە تەنها خاڵە ئەرێنییەکان دەماودەم دەگەیشتنەوە خەڵك و هیچ کات باس لە لایەنی نەرێنی ئەو بزوتنەوە و شۆڕشە نەکراوە، ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی بوو بۆ ئەوەی خەڵکی باشوور وەکو بەدیلێکی راستەقینە و جدیی سەیری پەکەکە بکەن لەو سەردەمەدا. 

سێیەم/ دەوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیی و ڕاپەڕینی خەڵکی چەندین وڵاتی عەرەبیی، لە سوریاش خەڵکی ناڕازیی هاتە سەر شەقامەکان و لەو سەروبەندەشدا کوردانی ڕۆژئاوا جاڕی شۆڕشی ڕۆژئاوایان دا و شۆڕشەکەش لەسەر بنەما هزرییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕۆنرا کە دامەزرێنەری پەکەکەیە، دوای ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا توانی هەندێک لە ئامانجەکانی خۆی بەدەستبهێنێت و لە هەندێک ناوچەی کوردییدا خۆبەڕێوەبەری بنیاد بنێت و ئەزموونێکی نوێی سەردەمییانە پێشکەش بکات، خەڵکێكی زۆر بەتایبەتی لە توێژی گەنجانی نەوەی دوای ڕاپەڕینی باشوور، سەرسام بوون بەو ئاراستە هزرییە و ئەمە وایکرد هاوسۆزیی و پشتیوانییەکی فراوان لە باشووری کوردستان بۆ ئاراستەی هزریی پەکەکە و ئۆجەلان سەرهەڵبدات. 

بەو سێ شەپۆلەی کە خرانەڕوو، پەکەکە و ئاراستە هزرییەکەی لە باشووری کوردستان گەشەیسەند و لە هەندێک دۆخدا بوو بە مەترسی بۆ سەر هەژوموونی پارتە باڵادەستەکانی باشوور. 

پارت و ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە لە باشوور 

سەرەڕای ئەو هاوسۆزیەی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ پەکەکە هەیانە، هاوکات پەکەکە هەوڵیداوە بە ڕێگەیەکی تر ئەندام و لایەنگرانی لە باشوور ڕێکبخات، ئەو ڕێگەیەش بریتییە لە دامەزراندنی پارتی سیاسیی و ڕێکخراوی مەدەنیی. 

لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، پارتی یەکێتی نەتەوەی دیموکرات دامەزرا، دواترو لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا پارتی چارەسەری دیموکراتی دامەزرا، پاشانیش تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان دامەزرا و دواتریش بەرەی دیموکراسیی گەل، هەموو ئەمانە لەسەر بنەما هزرییەکانی ئۆجەلان ڕۆنرابوون و پەکەکە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی دەکردن، لەگەڵ ئەو حزبانەشدا بە دەیان ڕێکخراو و گروپی مەدەنیی کاریان لەسەر هەمان ئاراستە دەکرد و لەلایەن پەکەکەوە پشتیوانیی دەکران. 

بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی کاتێک سەرنج لە دیمەنی سیاسیی باشووری کوردستان دەدەیت، پەکەکە و ئەو حزب و ڕێکخراوانەی سەر بەون قورساییەکی ئەوتۆیان نییە و نەیانتوانیوە هەنگاوی گەورەی سیاسیی بنێن و خۆیان لەو چوارچێوە بەرتەسکە ڕزگار بکەن کە نزیکەی سێ دەیەیە لە باشوور تێی کەوتوون. 

هۆکاری سەرەکی ئەمەش بریتییە لەوەی پەکەکە پلان و ستراتیژێکی ڕوونی بۆ باشووری کوردستان نییە و کار بۆ پێشخستنی خەباتی خۆی لەم پارچەیەی کوردستان ناکات و پاساویشی بۆ ئەمە بریتییە لەوەی باشوور لە دەستی کورددایە و پارچەیەکی ئازادکراوە و نایەوێت کێشەی بۆ دروستبکات. 

خەڵکی باشوور و هزری پەکەکە 

بەشێوەیەکی گشتی هاوسۆزیی و هەوادارییەک لە خەڵکی باشووری کوردستاندا بۆ پەکەکە لەئارادایە، بەڵام ئەو هاوسۆزیی و هەوادارییە نەبووەتە هۆکار بۆئەوەی خەڵکی باشوور پشتیوانیی پراکتیکی جوڵانەوەی پەکەکە و پارتە هاوئاراستەکانی لە باشوور بکەن. 

هاوسۆزییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پەکەکە تائێستاش هێزێکی شۆڕشگێڕە و لەسەر کۆمەڵێک بنەمای هزریی کاردەکات کە بنەمای سەرنجڕاکێش و گونجاون لەگەڵ خواستەکانی مرۆڤ، هاوکات ئەزموونی ڕۆژئاوا و بانگەشەی یەکێتی نەتەوەیی و پتەویی ناوخۆی پەکەکە و چەند خاڵێکی تر وایانکردووە کە خەڵکی باشوور هاوسۆزییەکی باشی لەگەڵ پەکەکە هەبێت، تەنانەت ئەندام و لایەنگری حزبەکانی تری باشوور لەگەڵ ئەوەی ئەندام و لایەنگر و کادری ئەو حزبانەن هاوکات هاوسۆزن لەگەڵ سیاسەتی پەکەکە و ئاراستە هزرییەکەی. 

بەڵام ئەو هاوسۆزییە نەبووەتە هۆکار بۆئەوەی پەکەکە و حزب و ڕێکخراوەکانی سەر بەو لە باشووری کوردستان ببنە خاوەن هێزی جەماوەری و هەژموونی سیاسیی و تا ئێستاش نەیانتوانیوە تەنانەت ڕێکخستنێکی فراوانی حزبیی لێرە دابمەزرێنن، هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی پەکەکە نەیتوانیوە بە باشی خوێندنەوە بۆ دۆخی باشووری کوردستان بکات و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ دۆخەکەدا، چوونکە لەدوای ڕاپەڕینی گەلی کوردستانەوە، حزبە کوردییەکانی باشوور دۆخێکیان هێناوەتەئاراوە کە خەڵک کاتێک ئامادەیە حزبایەتی بکات و کاری سیاسیی بکات کە بەرژەوەندی ئابووری لەگەڵدا بێت و بەبێ ئەوە خەڵکێکی زۆر ئامادە نابێت جوڵە بکات و ببێتە بەشێک لە ئاراستەیەکی سیاسیی.

No comments:

Post a Comment

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

Contact Form

Name

Email *

Message *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©