هاوپەیمانیی نیشتمانی لە پەیامی جەژنە پیرۆزەدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات بۆ پەرلەمانی کوردستان - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

هاوپەیمانیی نیشتمانی لە پەیامی جەژنە پیرۆزەدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات بۆ پەرلەمانی کوردستان

هاوپەیمانیی نیشتمانی لە پەیامی جەژنە پیرۆزەدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات بۆ پەرلەمانی کوردستان

پرس میدیا

ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە راگەیەنراوێکدا پەیامی جەژنە پیرۆزە ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها داوادەکات هەرچی زووە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

دەقی راگەیەنراوی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی:

هاوڵاتیانی بەڕێز...

کوردستانیانی ئازیز...

جێگەی داخە کە هاوڵاتیان ئەمساڵیش لەبارو دۆخێکی سەختدا و بەکۆڵێک قەیرانەوە پێشوازی لە جەژنی قوربانی پیرۆز دەکەن و جارێکی تریش جەژنێکی بێناز بەڕێدەکەین.

ئەویش لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و دارایی و ئابووریی سەخت و ئاڵۆزدا، سەرباری قەیرانی تەندروستی و پەتای کۆرۆنا کە پێکەوە تەنگییان بەهاوڵاتیان هەڵچنیوە و بێهیوا و نائومێدی کردوون و عەوداڵی چارەسەرن و لە دووی فریادڕەسێک دەگەرێن.

دەمانەوێت لە جەژنی قوربانی پیرۆز لەگەڵ ئاراستەگردنی پەیامی جەژنە پیرۆزە بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان و عێراق. وە هیوابوون بەوەی کە ئەم جەژنە ببێتە مایەی هاتنە ئارای خۆشگوزەرانیی و ئارامیی بۆ هاوڵاتیانمان و ڕەوینەوەی مەترسییە تەندروستییەکان. پەیامێک ئاراستەی دەسەڵات و ھاووڵاتیانی کوردستان بکەین بەو ئومێدەی ببێتە دەرچەیەک بۆ رزگار بوونی کوردستان لەو دۆخە سیاسیی و ئابووری و ئیداریەی کوردستانی تێی کەوتووە.


بۆیە ئێمە لێرەوە بە گرنگ و پێویستی دەزانین، پەیامی جەژنە پیرۆزە بکەینە دەرفەتێک، بۆ بریاردان لەکاری پێکەوەیی و هەمووان بەیەکەوە شان بدەینە بەر ڕاستکردنەوەی باری لاری گەلەکەمان، کە بێگومان ئەمەش لەخۆبووردەیی و پشوودرێژیی پێویستە کەبتوانین دۆخێکی باشتر بۆ هاوڵاتیان بهێننەئاراوە.

بەڵگەنەوویستە کە کوردستان لە خراپترین ئاستی بەڕێوەبردندایە و گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت و ناڕوونی لە سەرچاوەکانی داهات و خەرجییەکان و دەستبردن بۆ قوتی مووچەخۆران بووەتە هۆی دروستبوونی گەورەترین قەیران لەم هەرێمە.

بەرێزان..

سەرەتا گرنگە هەمووان بە ڕوحیەتی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین، چوونکە ئەو دۆخەی هاتووەتەئاراوە بەرهەمی شێوازی سیاسەتکردنی ئەو حزبانەیە کە لە دەسەڵاتدان و بەڕوونی دەردەکەوێت کە شکستیان هێناوە لە ئیدارەدانی وڵات.

دەبێت ھەموان هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەین کە لە ئەستۆی تاک بە تاکی ئێمەدایە، ناکرێت کەس خۆی لێ بەدەر بکات و پێکەوە فشاری راستەقینەبین بۆ چاککردنی دۆخەکە و شان بدەینە بەر ئەو بارە قورسە. ئیتر کاتی وەستانە بەرامبەر ستەمی ئەم دەسەڵاتە، وە پێمان وایە هەنگاوەکانی چارەسەر بۆ رزگار بوون لەم دۆخە مەترسیدارە زۆرە و بژرادەکان کراوەن، ئەوەی پیویستە ئیرادەی بریارەو کاتی ھیچ بیانوو و پاساوێک نەماوە. پێمانوایە چارەسەری ڕیشەیی بە ھەماھەنگی و کاری پێکەوەیی و خەباتی بەرەیی دەست پێدەکات، چونکە سەلما کە تاکە سەرکردەیەک، یان گروپ و حزبێکی دیاریکراو بەتەنها ناتوانێت چارەسەری ئەم بارودۆخە بکات.

راستە ئەوەی دۆخەکەی بەم ئاستە گەیاندووە، بێباکی و ستەمی دەسەڵاتە بە پلەی یەکەم، بەلام لە راستیدا دەبیت ھەمومان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین و هەست بە کەمتەرخەمییمان بکەین لە ئاست ئەم بارودۆخە.

بۆیە ئێمە پێمان وایە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە دەبێت ئەم هەنگاوانە بگیرێتەبەر:

١- بڕیاردان لە ھەڵبژاردنی پیشوەختە بۆ پەرلەمانی کوردستان ھاوکات لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی عیراق.

٢- ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، بەشێوەیەک ھاوشێوە بێت لەگەڵ یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەلەسەر بنەمای لیستی تاکەکەسی بێت نەک لیستی حزبی. هەروەها کەمکردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاران و دیاریکردنی نوێنەر لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بەپێوەری رێژەیی سەد هەزار کەس بۆ کورسیەک و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەسەر بنەمای فرە بازنەیی بۆ پەرلەمان.

٣- ھەموار کردنەوەی یاسای ئەنجومەنی وەزیران و کەمکردنەوەی ژمارەی وەزارەت و دەستە و راوێژکاران لە پێناو کەمکردنەوەی خەرجی و سوک کردنی باری گرانی حکومەت لەم رێژە زۆرەی موچە خۆری پلەباڵاکان.

٤- ھەڵوەشاندنەوەی کۆمیسۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان کە کۆمیسۆنێکی دابەشکاری حزبی و بارگرانیەکی دارایی زیادی دروست کردوە و ماوە یاسایی ئەنجومەنەکەی بەسەرچووە.

٥- نوسینەوەی رەشنووسی دەستورو پەسەند کردنی لە راپرسی گشتی لە لایەن ھاووڵاتیانەوە.

٦- گۆرینی سیستەمی بەرێوەبردنی سیاسی و ئیداری کوردستان بە سیستەمێکی نوێ کەلەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبردن بێت و ئەو سیستەمەش جێگیر بکریت لە دەستوردا.

٧- ھەمواری یاسای حزبە سیاسیەکان بە جۆریک کۆتای بھێنریت بە دانانی دوکانی سیاسی و حزبی دەستەمۆی دەسەڵات.

٨- داڕشتنی ستراتیژێکی هەمەلایەنەی گشتگیر، لەپێناو یەکلاییکردنەوەی کێشەی ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان، لەماوەیەکی پێوانەیدا.

بەهیوای کارکردنی پێکەوەیی لە پێناو بەدیهێنانی ئایندەیەکی گەش و پرشنگدار بۆ ئەم نیشتمانە و سەلامەتی و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان.

دووبارە پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین و بەهیواین جەژنی داهاتوو لە دۆخ و بارێکی باشتردا جەژنەپیرۆزە لە یەکدیی بکەین.

جەژنتان پیرۆزبێت و هەردەم لەخۆشیدابن.

ئەنجومەنی سیاسی

ھاوپەیمانیی نیشتمانی

٢٠٢٠/٧/٣٠

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©