پرس میدیا
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، كوژرانی 13 چەكدار و دەستگیركردنی 23ی دیكەی سەربە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش راگەیاند.
لەمبارەیەوە فەریق روكن ئیسماعیل مەحلاوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند هێزێكی هاوبەش بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی راوەدوونانی چەکدارانی داعش لە باشووری مووسڵ ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئۆپەراسیۆنەكە دوای ئەوە ئەنجامدراوە کە زانیاری بە دەست بە هێزە ئەمنییەكان گەیشتبوو لەوەی ژمارەیەك تیرۆریست دزەیان كردووەتە ناو ناوچەكانی باشووری مووسڵ.
بە وتەی فەریق روكن ئیسماعیل مەحلاوی لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، 13 چەكداری داعش كوژراون و 23ی دیكەیش دەستگیركراون، هەروەها سێ تونێل و دوو حەشارگەی چەك و تەقەمەنی چەكدارانی داعش خاپووكراون.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، فەریق روكن ئیسماعیل مەحلاوی ئاماژەی بەوەیش دا كە تیرۆریستە دەستگیركراوەكان بە ئامانجی لێكۆڵینەوە براون بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا.
ئیسماعیل مەحلاوی باسی لەوەیش كرد کە لە رۆژانی داهاتوودا، ئۆپەراسیۆنی نوێ دژبە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی دیكەی باشوور و رۆژئاوای مووسڵ ئەنجام دەدرێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق