مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئاب، ڕایگەیاند پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و بڕیاریداوە مانگانە بڕی 320 ملیار دینار لە بودجەی هەرێم بنێرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند، " ئەمڕۆ دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەم لەگەڵ مستەفا کازمی، بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنم کە بەغداد بڕی 320 ملیار دینار وەک گەڕاندنەوەی بەشی خۆمان لە بودجە دەنێرێت".
لەلایەکی دیکەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، د.ڕێبوار کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، " بەغدا بەپێی داهاتی بەردەستی، 320 ملیار دینار تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ هەرێم دەنێرێت، دواتریش بەپێی یاسای بودجەی 2021 بڕیار لەسەر چارەنووسی پشکی هەرێم دەدرێت ".
د.ڕێبوار کەریم ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەرێم ڕازی بووە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی خاڵە گومرکیەکانی عیراق بێنە نێو گومرگەکانی هەرێمی کوردستان و نیوەی داهاتی گومرگەکانیش تەسلیمی بەغدا بکەن".
No comments:
Post a comment