کاریگەرییەکانی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتن لەسەر عێراق و ئەمریکا - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

کاریگەرییەکانی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتن لەسەر عێراق و ئەمریکا

کاریگەرییەکانی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتن لەسەر عێراق و ئەمریکا


پرس میدیا - تایبەت 

مستەفا کازمی ئیستا بە یاوەری شاندێکی باڵای کابینەکەی لە ئەمریکایە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبوویەوە، لەگەڵ مستەفا کازمی شاندێکی هەرێمی کوردستانیش بەشدارن. 

سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا زیاتر دەستکەوتی بۆ هەردوو سەرۆک تێدایە تا دەستکەوتی ستراتیژی بۆ هەردوو وڵات بەو پێیەی ئەمریکا و عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕون و تێیدا گۆڕانکاری لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئەنجام دەدرێت. 

بەشێک لە چاودێران و شارەزایان پێیان وایە سەردانەکە گرنگی تایبەت خۆی هەیە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر داهاتووی عێراق جێدەهێڵێت، بەڵام لە بەرانبەردا بەشێکی تر پێیان وایە ئەو سەردانە دەستکەوتەکانی کورت مەوداون ئامانجی ستراتیژی ناپێکن. 


سەرگوڵ قەرەداغی ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانی دەڵێت سەردانەکە بە دڵنیاییەوە گرنگی زۆری بۆ عێراق هەیە و پێی وایە پێشوازی کردن لە وەفدی عێراق لە ئەمریکا و لەو ئاستە باڵایەدا گرنگی سەردانەکە دەردەخات. 

سەرگوڵ قەرەداغی بە پرس میدیای وت، سەردانەکە گرنگی ئابووری، سەربازیی و سیاسیی هەیە، لە رووی ئابوورییەوە سەرۆکی ئەمریکا وتی کە رێککەوتنی ئابووری گرنگ لە گەڵ عێراق ئەنجام دەدەن ئەوەش یارمەتیدەردەبێت لە تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییە ئێستا عێراق تێی کەوتووە. 

هەروەها ئەو پێی وایە لە رووی سەربازییەوە گرنگی خۆی هەیە بەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا وتی هێزەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە کە ئەوەش داواکارییەکەی ناو ماڵی شیعەیە و لەماوەی پێشوودا لە پەرلەمانی عێراق یاسایەک بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان دەرچوێنرا. 

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی پێی وایە لەرووی سیاسیشەوە سەردانەکە گرنگی تایبەتی بۆ خودی کازمی هەیە بە تایبەت عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت دەچێت و کازمیش بە نیازە پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو وەربگرێتەوە و لیستی تایبەتی خۆی هەبێت بۆیە سەردانەکە پێگەی کازمی بەهێز دەکات. 


بەڵام لە بەرانبەردا سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق بە پرس میدیای وت سەردانەکە لەئێستادا کەمێک گونجاو نییە بۆ سەرۆکی ئەمریکا بەتایبەت بەرەو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نزیک دەبینەوە کە ئەوە خاڵێکی لاوازە، بەڵام لە هەر بارێکدا سەردانەکە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق گرنگ بوو، گرنگ بوو بێتە کۆشکی سپی و سەرۆکی ئەمریکا ببینێت. 

سەرکەوت شەمسەدین کە شارەزایەکی باشی دۆخی ئەمریکایەو ئێستا لەوێ دەژیت دەڵێت گرفتێکی دیکەی سەردانەکەی ئەوەیە کە ئیدارەی ئێستای ترامپ کەسێکی وای تێدا نەماوە شارەزاییەکی باشی دۆخی عێراق بێت، تەنانەت بەرپرسە سەربازییەکانیش نەماون کە شارەزای دۆخی عێراقن، بە تایبەت ئەوانەی کە خۆیان بە دۆستی عێراق دەزانن. 

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەڵێت بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکەی لەوەدایە، کە شاندێکی هەرێم لەگەڵ شاندەکەی کازمی بوو ، کە ئەوە بۆ کازمیش گرنگ بوو توانی جۆرێک لە یەکگرتوویی عێراق لای واشنتن نیشان بدات. 

سەرکەوت شەمسەدین پێی وایە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوە باشە کە واز لۆبی کردن دژی عێراق بهێنێت و ئەو سیاسەتە پشت گوێ بخەن کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنی عێراقیدا بکەن. 

لەوبارەوە دەڵێت: بۆ هەرێمی کوردستان واباشە کە سیاسەتەکان لەگەڵ عێراقدا پێکەوە هەنگاو بنێ، ئەگەری زۆری هەیە ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریکا نەتوانێ سەرکەوتوو بێت و ئیدارەیەکی نوێ بێتە ئاراوە ئەو ئیدارە نوێیەش لەگەڵ یەکگرتوویی عێراقدایە نەک پارچە پارچە بوونی. 


لەبارەی بەشداری شاندێکی هەرێم لەگەڵ مستەفا کازمی عارف روشدی راوێژکار لە مەکتەبی سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە گەری دووەمی دان و ستانی ستراتیجی نێوان عیراق و ئەمریکا هەنگاوێکی گرنگە دەرەنجامی ئەرێنی دەبێت هەر وەک لە هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی پێویستی دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە ، هەروەها لە رووی سیاسیی و هاوکێشەی حکومرانی باش لە عیراق سەنگی هەرێمی کوردستان بە دیار دەخات. 

مستەفا کازمی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەوە چەند تویتێکی بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی کرد و نووسی، كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆك ئەنجامدا، دەچینە قۆناغێكی نوێ لەهاوكاریكردن بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش و پتەوكردنی هاوبەشیمان لەبواری ئابوری.سوپاسی سەرۆك ترەمپ و دۆستە ئەمریكییەكانمان دەكەین كە لەجەنگی دژی تیرۆر هاوكارییان كردین. 





ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©