ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیركردنی شەش تیرۆریستی داعشی لە سنووری باشووری رۆژئاوای پارێزگای كەركووك رایگەیاند.
لە راگەیەندراوێكدا ئاژانسەکە بڵاویکردەوە هێزەكانیان پشت بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی و لە میانی ئۆپەراسیۆنێكدا، شەش چەکداری داعشیان لە سنووری قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای كەركووك دەستگیركردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو ئەو شەش چەکدارەی داعش لە میانی بەردەوامی هەوڵەكانی هەواڵگریی و هاوكاریی هاووڵاتییاندا، دەستگیركراون.
باس لەوەكراوە كە لە کاتی دەستگیركردنی ئەو چەکدارانەدا، دەستبەسەر بڕێك تەقەمەنییدا، گیراوە.
هەروەها هاتووە چەکدارە دەستگیركراوەكان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواكراون، دوای وەرگرتنی وتەكانیان، بە مەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا رەوانەی لایەنی دادوەریی كراون.
دەستگیرکردنی ئەم چەکدارانە دوای ئەوە دێت پێشتر تەقینەوەیەك لە سنووری ناحیەی ریاز سەربە قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای پارێزگای روویدابوو بەهۆیەوە ئافرەتێك كوژرا و دوو كەسی دیكەیش برینداربوون.
No comments:
Post a Comment