دوای ئیمارات سێ وڵاتی تری عەرەبی دەیانەوێت لەگەڵ ئیسرائیل ڕێكبكەون.
میدیا ئیسرائیلییەكان ئاشكرایان كرد، دوابەدوای ڕێككەوتنی تەلئەبیب و ئەبوزەبی سێ وڵاتی تری عەرەبی دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە.
میدیاانی ئیسرائیل لە زاری چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی وڵاتەكەیان ئاشكرایانكرد، بەشی هەرە زۆری وڵاتانی عەرەبی ئەو ڕێككەوتنە بە هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنی وەسف دەكەن و ئێستا لە هەموو كاتێك وڵاتانی بەحرەین و میرنشینی عومان و سودان دەیانەوێت هاوشێوەی ئیمارات پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە.
میدیاكان ئەوەشیان خستووەتەڕوو، تێڕوانینی ئەو وڵاتانە بۆ ئیسرائیل گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئێستا لێپرسراوانی بەحرەین و میرنشینی عومان و سودان، تەلئەبیب بە هاوپەیمانێكی نزیكی خۆیان دەزانن، بەتایبەت لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی وڵاتانی ئێران و توركیا لە ناوچەكەدا.
جێی ئاماژەیە، دوێنێ پێنج شەممە 13/8/2020 بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و محەمەد بن زاید شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و لەسەر ئاساییكردنەوەی تەواوی پەیوەندییەكانی نێوانیان گەیشتنەتە ڕێككەوتن، دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕێككەوتنەكەی بە (مێژوویی) ناوبرد.
No comments:
Post a Comment