فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە کوڕەکانی نەوشیروان هەڵگەڕاونەتەوە؟ - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە کوڕەکانی نەوشیروان هەڵگەڕاونەتەوە؟

فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە کوڕەکانی نەوشیروان هەڵگەڕاونەتەوە؟



پرس میدیا - تایبەت 

هەردوو فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دژی سیاسەتی کارکردنی بزوتنەوەکە وەستاونەتەوە و بە نیازن دەست لە بزوتنەوەی گۆڕان بکێشنەوە ئەوەش بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەی حکوومەت تێیدایە و بزوتنەوەکەش بێدەنگی لێکردووە. 

سەرەتای ئەم هەفتەیە عەلی حەمەساڵح دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشاوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لە لایەن رێكخەرو خانەی راپەڕاندن بووە لەسەر کێشانەوەی ئیمزاكەی بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی بۆ پەرلەمان. 

دەستلەکارکێشانەوەی عەلی حەساڵح بەدوای بەیاننامەکەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراقدا هات کە داوای کردبوو بزوتنەوەکە لە حکوومەتی هەرێم بکشێتەوە ئەوەش بەهۆی بێ ئومێد بوون لە ئەنجامدانی چاکسازی و بەردەوامی گەندەڵی و دزی کردن لە داهاتی گشتی و خاڵە سنوورییەکان. 

دۆخی ئێستای گۆڕان 

بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت کە لە رابردووی بزوتنەوەکەدا هاوشێوەی نەبووە، بە جۆرێک هەردوو فراکسیۆنی بزوتنەوەکە لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان لە بزوتنەوەکە کردووە. 

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە پێنج ئەندام پێکهاتووە، هەموو ئەندامەکان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی پێویستە حزبەکەیان لە حکوومەتی هەرێم بکشێتەوە و ئەوان پێیان وایە ئەو ئامانجانەی بزوتنەوەکە بۆی بەشداری لە کابینەی نۆیەم کرد بەدەستنەهاتوون. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ناوخۆی گۆڕان بە پرس میدیای وت، زیاتر لە مانگێکە فراکسیۆنی گۆڕان بە فیعلی خۆیان لە بزوتنەوەکە پچڕاندووە و سەربەخۆیانە کار دەکەن، ئەو بەیاننامەیەش بڵاویان کردەوە ئامانجی ئەوە بوو ناراستەوخۆ سەربەخۆ بوونی خۆیان رابگەینن. 

سەرچاوەکە باسی لەوەشکرد بەشێکی زۆر لە ئەندامانی جڤاتی گشتی لەگەڵ داواکارییەکانی فراکسیۆنی بەغدان بەڵام لە ترسی دوور خستنەوەیان بێدەنگی لێ دەکەن. 

دەنگە نارزاییەکانی ناو گۆڕان دوور دەخرێنەوە 

لە دوای مردنی نەوشیروان مستەفا و گرتنە دەسەڵاتی کوڕەکانی (چیا و نما) ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیان لە کارکێشاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی بەرچاو لە لایەن بزوتنەوەکەوە دوور خراونەتەوە. 

ئەوانەی لە بزوتنەوەکە دوور دەخرێنەوە زیاتر ئەو کەسانەن کە لەگەڵ سیاسەتەکانی بزوتنەوەکەدا نین بڕوایان وایە نابێت لەگەڵ پارتی دیموکرات دەست تێکەڵ بکەن. 

هەروەها رەخنەی جدیان لە ئەدای کاری بزوتنەوەکە هەیە، دیارترین ئەو کەسانەی کە پێشتر لە لایەن خانەی ڕاپەڕندنی بزوتنەوەکەوە دوور خرایەوە، عەبدورەزاق شەریف ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو کە بەهۆی رەخنەکانی لە ئەدای کاری بزوتنەوەکە دوور خرایەوە. 

عەبدورەزاق شەریف بە پرس میدیای وت، بزوتنەوەی گۆڕان لە تەواوی ئەو پرەنسیپانەی بزوتنەوەکەی لەسەر دامەزرابوو پاشگەز بووەتەوە ئێستا بووەتە حیزبێکی بنەماڵەیی و خەریکی پارەپەیداکردنە. 

هەروەها وتی بەهۆی خراپی ئەدای کاری گۆڕانەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ئەو چەند کورسیەی ماویانە ئەوانەش لەدەست دەدەن. 

بزوتنەوەی گۆڕان بەهۆی نزیکبوونەوەی لە پارتی دیموکرات رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی رەخنەی لایەنگرانی بوویەوە بە جۆرێک ژمارەیەکی زۆر کادری ئەو حزبە بە شێوەی گروپ و تاک دەستیان لەکارکێشایەوە، هەر ئەوەش وایکرد ژمارەی کورسییەکانی بزوتنەوەکە لە ٢٥ کورسییەوە بۆ ١٢ کورسی دابەزن. 

بۆچی سەرۆکی فراکسیۆنی پەرلەمان دەستی لە کارکێشایەوە؟ 

ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان خۆیان لەوە دەبوێرن لەسەر ئەو پرسە قسە بۆ میدیاکان بکەن، پرس میدیا قسەی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە کرد ئامادەنەبوون لەوبارەوە قسەیان هەبێت. 

بەپێی زانیارییەکان ماوەی زیاتر لە شەش مانگە بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی پەرلەمان نارازین لە ئەدای حکوومەت چەند جارێک خانەی ڕاپەڕاندن و هەردوو کوڕەکەی نەوشیروان مستەفایان لەو بابەتە ئاگادار کردووەتەوە بەڵام گوێیان لێ نەگیراوە. 

هەر ئەوەش وایکردووە رەخنەکانیان دژی حکوومەت و پڕۆسەی چاکسازی لە میدیاکانەوە توندتر بکەنەوە، لەسەر ئەدای پەرلەمانتارەکانی گۆڕان چەند جارێک پارتی بە کەناڵی جیاواز گلەیی لە بزوتنەوەی گۆڕان کردووە. 

سەرچاوەکەی پرس میدیا وتی پرسی بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان کێشەکانی فراکسیۆنەکەی تەقاندەوە، بە جۆرێک فشارێکی زۆر لەسەر عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنەکە دروستکراوە تا واژووەکەی لەسەر بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکوومەت بۆ پەرلەمان بکشێنێتەوە بەڵام ئەو داواکارییە لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە رەتکراوەتەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی پرس کوڕەکانی نەوشیروان و رێکخەری گشتی بە عەلی حەمەساڵحیان وتووە پۆستی سەرۆکی فراکسیۆن، گوزارشت لە سیاسەتی بزوتنەوەکە دەکات نابێت بێ پرسی خانەی راپەڕاندن بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، بۆیە لەسەر ئەم وتانە عەلی حەمەساڵح دەستی لە کار کێشاوەتەوە. 

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە لە ناو ئەندامانی پەرلەمانی بزوتنەوە ٣-٤ ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەگەڵ خانەی راپەڕاندن و ئەوانی تریان لە گروپی نارازرییەکانن داوای کشانەوەی بزوتنەوەکە لە حکوومەت دەکەن. 

بزوتنەوەی گۆڕان و خاڵە سنوورییەکان 

ئەو سەرچاوەیەی پرس میدیا لە ناو جڤاتی گشتی وتی، بەشێکی زۆری ئەو رەخنانەی لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە لە گۆڕان گیراون ئەوەیە کە پەرلەمانتارەکانی زۆرترین فشاریان لەسەر پرسی دەروازە سنوورییەکان دروستکردووە لە کاتێکدا گۆڕان خۆشێ بەشێکە لەو پڕۆسەیە. 

بە تایبەت لە مەرزی کێلێی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە ئەو کۆمپانیایەی ئیدارەی مەرزەکە دەکات سەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و بە دیارییکراوی سەر بە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفایە، پێشتریش لەسەر خراپ ئیدارەدانی مەرزەکە لە لایەن شۆفێرانەی مەرزەکەوە هێرشکرایە سەر ئۆفیسی کۆمپانیاکە. 

هەرچەندە ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی ئاب بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا بە فەرمی رەتی کردەوە هیچ کۆمپانیایەکی هەبێت بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی مەرزکان. 



ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©