پرس میدیا
وتەبێژی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەركردنى کێشەکان ڕێککەوتن.
جوتیار عادل وتەبێژی حکوومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند بڕیاردراوە بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە رۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کردووە.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە لە پەیوەندییە تەلەفوونییەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. "
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەرانی دابەش نەکردووە و بەوهۆیەوە پزیشکان و فەرمانبەرانی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی مانگرتنیان راگەیاندووە.
No comments:
Post a Comment