سه‌ڵاح سالار
ساڵی 1963 ڕژێمی تازه‌ی به‌عسییه‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولسه‌لام عارف هه‌موو هه‌وڵی خۆی خسته گه‌ڕ بۆ سه‌ركوتكردنی شۆڕشگێڕانی كوردستان و كوژاندنه‌وه‌ی كوانووی كوردایه‌تی.
یه‌كه‌م كارێك كه كردیان تاوانبار و خوێنڕێژێكی وه‌كو سدیق مسته‌فای موسڵاوی، ناسراو به زه‌عیم سدیقیان ده‌ستئاوه‌ڵا كرد به ئاره‌زووی خۆی په‌لاماری كوردستان بدات.
زه‌عیم سدیق فه‌رمانده‌ی لیوای بیست بوو، وشه‌ی زه‌عیم به‌مانای پێشه‌وا بۆ ئه‌و نه‌هاتووه، به‌ڵكوو پله‌یه‌كی سه‌ربازی بوو ئه‌وكاته له بری عه‌مید ده‌گوترا زه‌عیم، ته‌نانه‌ت ئه‌و نازناوه‌ی عه‌بدولكریم قاسمیش كه ده‌وترا زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم قاسم هه‌ر مه‌به‌ست پله سه‌ربازییه‌كه‌ی كه‌ی بوو كه عه‌مید ڕوكن بوو.
لیوای بیست، كه به‌ناوه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی ناوبانگی ڕۆییبوو، واتا لیوای عه‌شرین، سوپایه‌ی دڕنده‌ی عێراق بوو، ده‌وڵه‌تی عیراق لیوای عه‌شرین و زه‌عیم سدیقی ڕاسپارد كه بكوژ و ببڕ خۆیانن چی ده‌كه‌ن ده‌ستكراوه‌بن به‌مه‌رجێ خه‌باتی كورده‌كان تێكبشكێنن.
له 9ی حوزه‌یرانی 1963 په‌لاماری كوردستانیان دا، له شاری سلێمانی و شارۆچكه‌ی سه‌یدسادق قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان ڕاگه‌یاند و كۆشتارێكی گه‌وره‌یان له سلێمانی ئه‌نجامدا كه سه‌دان كه‌س كوژران و هه‌زارانیش ده‌ستگیركران، له‌سه‌یدسادق موختاری شاره‌كه و چه‌ند كه‌سی تریان شه‌هید كرد و له هه‌ندێ گوند و ناوچه‌ی تریش خه‌ڵكی مه‌ده‌نییان شه‌هید و ده‌ستگیر كرد.
به‌مه‌ش كۆتاییان نه‌هێنا و ڕۆژی 12ی ئابی 1963 لیوای عه‌شرین به فه‌رمانده‌یی زه‌عیم سدیق و نزار خه‌زره‌جی هێرشیان كرد بۆ داگیركردنی ناوچه ئازادكراوه‌كانی سه‌ر به شاری هه‌ڵه‌بجه، سه‌ره‌تا هاتنه سه‌یدسادق و به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه جووڵه‌یان كرد. شۆڕش بڕیاری وابوو پێش به‌و په‌لاماره‌ی لیوای عه‌شرین بگرن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌یدسادق ـ هه‌ڵه‌بجه، له پردی زه‌ڵم واتا نزیك دوو ڕێیانی خورماڵ ـ هه‌ڵه‌بجه سه‌نگه‌ریان لێگرتن، هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عیراق زۆر نابه‌رابه‌ر بوون، پێشمه‌رگه چه‌كی كه‌م و كۆن و ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كانیش زۆر كه‌م بوون. سوپای عێراق تۆپ و فڕۆكه و زرێپۆش و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زۆر و پێشكه‌وتوو له‌گه‌ڵ سه‌ربازی زۆر.
ئه‌م دوو هێزه له پردی زه‌ڵم به‌ره‌و ڕووی یه‌ك بوونه‌وه، ڕۆژی 12ی ئاب تا ئێواره پێشمه‌رگه به‌رگریی قاره‌مانانه‌ی كرد و له‌ژێری تۆپباران و بۆردومانی فڕۆكه و شه‌ستیر و دۆشكای زرێپۆش به‌رگه‌یان گرت و سوپای عێراقیان شكاند و ئێواره به لووتی شكاوه‌وه به‌ره‌و سه‌یدسادق گه‌ڕانه‌وه.
به‌ڵام ڕۆژی دواتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی پیشمه‌رگه شه‌هیدی زۆریان دابوو، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان نه‌بوو به‌رگه‌ی ئه‌و له‌شكره زبه‌لاحه بگرن بۆیه پاشه‌كشه‌یان كرد به‌ره‌و هه‌ورامان و سوپای عێراق چوه ناو شاری هه‌ڵه‌بجه و شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كرده‌وه.
ڕۆژی 12ی ئابی 1963 به‌خوێنی 9 پێشمه‌رگه و هه‌ندێكیش ده‌ڵێن: 12 پێشمه‌رگه شاڵاوی ئه‌و سوپایه تێكشكێنرا. فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌كان محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ناسراو به حه‌مه گوڵپی بوو، كه هاوكات باوكیشی وه‌ك هێزی به‌رگریی گوندنشینه‌كان به‌شداریی كردبوو.
شه‌ڕ گه‌رم ده‌بێت تا و ئهڕادهیهی ده‌بێته شه‌ڕی ده‌سته و یه‌خه و تێكڕژان، كاتێ حه‌مه گوڵپی فیشه‌كی پێنامێنێ به خه‌نجه‌ره‌كه‌ی په‌لاماری زرێپۆشه‌كه ده‌دات و عه‌ده‌د دۆشكاكه دائهپاچێت، به‌ڵام زرێپۆشهكهی دواوه ته‌قه‌ی لێده‌كات و شه‌هیدی ده‌كات.
سه‌ربازانی عێراقی سه‌ریان سووڕ ده‌مێنێت له ئازایی و قاره‌مانیی ئه‌م پیاوه و هاوڕێكانی، بۆیه كه ئێواره به شكاویی ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌ره‌و سه‌یدسادق ته‌رمه‌كه‌ی به‌دوای ئۆتۆمبێلدا تا ناوشاری سه‌یدسادق ڕاده‌كێشن و له‌ناوبازاڕی شاره‌كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه فڕێی ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت ئۆتۆمبێلی سه‌ربازییش به‌سه‌ریدا ده‌ڕوات، ده‌یانه‌وێ تۆڵه‌ی ناوبانگی شكاوی خۆیان به‌وه بكه‌نه‌وه و چاوترسێنی خه‌ڵكیی پێ بكه‌ن، بۆیه تا سێ ڕۆژ ته‌رمه‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه ده‌هێڵنه‌وه و رێگه ناده‌ن كه‌س به‌خاكی بسپێرێت.
نزار خه‌زره‌جی كه ئه‌وكاته ئامر سریه‌ی په‌ڕه‌شووت بوو به كامێرا تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی وێنه‌ی ته‌رمی حه‌مه گوڵپی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ی سه‌یدسادق ده‌گرێت.
خه‌ڵكی سه‌یدسادق ئه‌مه‌یان زۆر پێ‌ناخۆش ده‌بێت و به‌هۆی ئه‌وه‌ی شاره‌كه‌ش گه‌مارۆ دراوه نه‌یانده‌توانی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن، ئه‌وكاته سه‌یدسادق شارۆچكه‌یه‌كی زۆر بچووك بوو وه‌ك ئێستا ئه‌وه‌نده گه‌وره و فراوان نه‌بوو.
پاشان چه‌ند پیاوماقووڵێكی سه‌یدسادق كه بریتیبوون له: مامۆستا مه‌لا ساڵحی زارا پێشنوێژ و وتاربێژی شاره‌كه، حاجی مه‌لا حهمهكهریمی نه‌وێ، مه‌لا ئه‌حمه‌دی نه‌وێ، حاجی حهوتبرا، ده‌ڕۆن بۆ لای به‌رپرسانی سه‌ربازیی و تكا ده‌كه‌ن با ئه‌و ته‌رمه بنێژن، سه‌ره‌تا ڕێگه ناده‌ن و ده‌ڵێن: ئه‌م پیاوه به خه‌نجه‌ر خه‌ریكبوو زرێپۆشێك بگرێت و قسه‌ی تر زۆر ده‌كه‌ن، به‌ڵام دوایی قایل ده‌بن به‌و مه‌رجه‌ی مه‌راسیمی بۆ نه‌كه‌ن و چه‌ند كه‌سێك زیاتر نه‌ینێژن. ئیتر هه‌ر به جلوبه‌رگه‌كه‌ی خۆیه‌وه له گۆڕستانی سه‌یدسادق به‌خاكیان سپارد.
پاش ئه‌وه‌ی له ساڵی 1964 بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی ئاگربه‌ست له‌نێوان شۆڕش و میرییدا هاته كایه‌وه، كه‌سوكاری شه‌هید حه‌مه گوڵپی هاتن به‌هاوكاریی خه‌ڵكی سه‌یدسادق ته‌رمه‌كه‌یان ده‌رهێنایه‌وه و بردیانه‌وه بۆ زێدی خۆی بۆ گوندی گوڵپ.
ئه‌و قاره‌مانێتییه‌ی حه‌مه گوڵپی وه‌ك داستان خه‌ڵك دهیگڕایهوه و ناوبانگی به كوردستاندا بڵاوبووه‌وه و له هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان و شاره‌زوور ده‌نگی دایه‌وه و تا ئێستاش هه‌ر باس ده‌كرێته‌وه.
سه‌رچاوه:
ـ سه‌یدسادق پایته‌ختی شاره‌زوور، (ده‌ستنووس): ئاماده‌كردنی: سه‌ڵاح سالار.
ـ كه لێره‌وه سه‌یری ژیانی خۆم ئه‌كه‌م، دكتۆر فایه‌ق گوڵی.
ـ نووسینێكی دكتۆر ناجیح حهمهگوڵپی.
No comments:
Post a comment