پرس میدیا
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژەبڕیارێکی ئەمریکای بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکی سەر ئێران رەتکردەوە و ئەوەش نیگەرانیی واشنتنی لێکەوتەوە، ئێرانیش دەڵێت ئەمریکا پەراوێز خراوە.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە رایگەیاندووە،
ئەنجوومەنی ئاسایش پڕۆژەبڕیارێکی گونجاوی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی 13 ساڵەی چەکی سەر ئێران رەتکردەوە و ئەوەش رێگە دەداتە "گەورەترین وڵاتی سپۆنسەری تیرۆر" کە بەبێ هیچ سنووردارییەکی نەتەوەیەکگرتووەکان چەک بکڕێت و بفرۆشێت.
مایک پۆمپەیۆ رایگەیاند، چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەهۆی "تووندوتیژییەکانی ئێران"ـەوە رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، داوایانکرد گەمارۆی چەکی سەر ئێران درێژبکرێتەوە.
پێشتر هەر یەکە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل پاڵپشتیان لە درێژکردنەوەی گەمارۆکە دەکرد و هەفتەی رابردووش هەر شەش ئەندامەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو پێکەوە داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد تا ئەو گەمارۆیە درێژبکاتەوە.
گەمارۆی چەکی سەر ئێران ماوەی 13 ساڵە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، بەڵام لەسەر بنچینەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا کۆتاییدێت. ئەمریکا لە ئایاری 2018دا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە.
ئێران پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنەکە کرد و دەڵێت، "دووژمنەکەم هەرگیز ئاوا پەراوێزنەخراوە". عەباس مووسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتێکدا نوسیویەتی "لە مێژووی 75 ساڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا بەو جۆرە پەراوێزنەخراوە".
No comments:
Post a Comment