پرس میدیا
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نووسینگەی خۆی لەنێو وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کردەوە و کۆمەڵێک پێداویستی پزیشکیشی پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم کرد.
لەوبارەوە خاڵس قادر بەڕیوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کردنەوەی نووسینگەکە بۆ مەبەستی هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوەکە دەبێت بۆ کارئاسانی و هاوکاریکردنی وەزارەتی تەندروستی دەبێت بەتایبەتیش بۆ کارەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت.
خاڵس قادر وتی: "تا ئێستا ئەو رێکخراوە چەند جارێک هاوکاری کردووین بەناردنی پێداویستییەکان چ کیت بێت یان بەشێک لە پێداویستییەکانی دیکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دوێنێش شەش ئەمبولانسیان پێشکەش کردین وەک بەشێک لەو هاوکارییانە کە بەهاوکاری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دابین کرابوو".
بەڕیوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەوەی کردنەوەی نووسینگەکە چی لە دۆخی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەگۆڕێت لە هەرێمی کوردستان وتی: "هەماهەنگی و هاوکارییەکان خێراتر دەبێت، سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رێکخراوەکە لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە باشتر و خێراتر دەبێت بۆ ئێمە".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق