پرس میدیا
راکان سەعید جبوری پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، گۆڕانکاری لە سێ پۆستی کەرکووک کردووە کە بەرپرسەکانیان کوردن.
بەپێی زانیارییەکانی پرس میدیا ئەو سێ بەرپرسەی پۆستەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە پشکی کوردن و بریتین لە؛ پۆستی بەڕیۆبەری ناحیەی سەرگەڕان، پۆستی قایمقامی قەزای دووبز، هەروەها پۆستی قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک کە لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017ەوە شارەکەیان بەجێھێشتبوو.
لەو باریەوە کامیل ساڵەیی قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک رایگەیاند "ئیدارەی کەرکووک پەیوەندیان پێوە کردووە و پێیان راگەیاندووە کە بەڕێزت لە پۆستەکەت دوورخراویتەتەوە".
کامیل ساڵەیی وتیشی: "ئێمە بەھیچ شێوەیەک بەو بڕیارە رازی نین و سەرووی خۆشمان ئاگادارکردووەتەوە لە بڕیارەکە".
قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک، كامیل ساڵەیی و هەریەك لە لوقمان حوسێن بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان و عەبدوڵڵا نورەددین قایمقامی قەزای دووبز لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە کەرکووک-یان جێهشتووە و لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون.
کامیل ساڵەیی رایگەیاند، ئەو دوو مانگ جارێک چووەتە کەرکووک و مۆڵەتی وەرگرتووە و بەئەنقەست خۆی خانەنیشین نەکردووە، چونکە چاوی لە پۆستەکەیەتی و وتی: "نامەوێت ئەو پۆستەی کورد بدرێت بە کەسێکی تر".
سالەیی جەختیشی لەوە کردەوە بە نیازن سکاڵا تۆمار بکەن و ناڕەزایەتییەکانیان بگەیەننە لایەنە پەیوەندیدار.
No comments:
Post a Comment