پرس میدیا
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند تا ئێستا ٨٨ هەزار پێوەری زیرەکی کارەبایان لە گەڕەکە جیاوازەکانی شاری سلێمانی بەستووە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
لەوبارەوە سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە پرس میدیای ڕاگەیاند لەسەرەتای دەستکردن بە پڕۆسەی دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشەکانی کارەبا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تا ئێستا ٢٩ هەزار ٢٠٠ بۆردیان بەستووە کە ٨٨ هەزار هاوبەشی کارەبایان تێدا جێکراوەتەوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی وتیشی کارەکانی بەستنی پێوەری زیرەک بەردەوامە و تیمەکانیان رۆژانە لە گەڕەکەکان سەرقاڵی بەستنی ئەو پێوەرانەن.
ئەو باسی لەوەش کرد تا ئێستا کار لەسەر هەزار و ٥٥٠ محاویلە لە سەر ٩ فیدەر کراوە بە نیازن تا کۆتایی ئەمساڵ بەشێکی زۆری گەڕەکانی سلێمانی تەواو بکەن،
هەروەها ئەوەشی وت کە پرۆسەکە لە لایەن لیژەنەیەکی تایبەتمەنەدەوە سەرپەرشتی دەکرێت و تا ئێستا کارەکانیان بە وردی بەڕێوەچوون.
پرۆسەی دانانی پێوەری زیرەک لە کابینەی پێشوی حکوومەتەوە دەستی پێکردووە و سەرەتا لە پارێزگای دهۆک بە شێوەی تاقیکردنەوەیی جێبەجێکراو ئێستا لە شاری سلێمانی دەبەسترێت.
No comments:
Post a Comment