پرس میدیا
دەستەی گشتیی گومرک لە عێراق رایگەیاند، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستگیراوە بەسەر بڕێک دەرمانی پزیشکیی دروستکراوی ئیسرائیل دا.
دەستەی گشتیی گومرک لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە فەرمانگەی گومرکی کارگۆی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەستیگرتووە بەسەر (پۆستێک) کە دەرمان و پێداویستی تاقیگەیی لەخۆگرتووە و دروستکراوی ئیسرائیل بووە کە هاوردەکردنی پێچەوانەی مەرج و رێنماییەکانە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە پشت بەستن بە حوکمەکانی ماددی ٦٨/دووەم لە یاسای گومرک ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٨٤ی هەموارکراو، دوای پێکهێنانی لیژنەیەک لە نوێنەرانی لایەنە پەیوەندارەکان لە فەرمانگەی گومرکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، پۆستەکە لەلایەن ئەو لیژنەیەوە لەناوبراوە.
دەستەی گشتیی گومرک لە عێراق هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو کارگۆیەی کە دەستی بەسەردا گیراوە و چۆنییەتی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا نەخستووەتە روو.
عێراق هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیل نییە و پێشتریش ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو راگەیەنرا، رەتکردەوە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو هەنگاوەی بە خیانەت لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لە قەڵەم دا.
No comments:
Post a Comment