کابینەی نۆیەم کارنامەکەی جێبەجێ دەکات؟ (زنجیرەی دووەم) - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

کابینەی نۆیەم کارنامەکەی جێبەجێ دەکات؟ (زنجیرەی دووەم)

کابینەی نۆیەم کارنامەکەی جێبەجێ دەکات؟ (زنجیرەی دووەم)

پرس میدیا

پرس میدیا بەدواداچوون دەکات بۆ کارنامەی حکومەت بەچەند زنجیرەیەک، بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا خاڵەکان جێبەجێ کراوە یاخود نا

زنجیرەی دووەم 

بەڵێن عزەت میکە

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا چەند بابەتێکی وەکو هێڵە گشتییەکانی کارنامەکەی خستەڕوو، ئەوەش بەو مانایەدێت کە کابینەی نۆیەم لەماوەی چوار ساڵی تەمەنییدا دەیەوێت ئەو هێڵە گشتییانە جێبەجێبکات، لەم زنجیرە ڕاپۆرتەدا هەوڵدەدەین هەڵسەنگاندن بکەین لەنێوان بەڵێنەکانی نێو کارنامەکە و ئەوەی لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا جێبەجێکراوە. 

هێڵە گشتییەکانی کابینەی نۆیەم دابەشکراون بەسەر شەش ئاستی جیاوزدا کە بریتین لە: ئاستی چاکسازی، ئاستی خزمەتگوزارییەکان، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، ئازادیی و دیموکراسیی و پێکەوەژیان، پەیوەندیەکانی هەرێم لە ئاستی هەرێمیی و نێەودفەوڵەتی، ئاستی ئابووری و دارایی و ئاستی کارگێڕی. 

بۆ هەریەکێک لەو ئاستانە دەبێت بە وردی و بە داتا، هەڵسەنگاندن بکەین و بۆ هەر یەکێکیان ڕاپۆرتێکی جیاواز لە چوارچێوەی زنجیرە ڕاپۆرتەکەدا دەخەینەڕوو. 

ئاستی دووەم لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەکەی کابینەی نۆیەم بریتییە لە ئاستی خزمەتگوزارییەکان: 

خاڵی یەکەمی کارنامەکە باس لەوە دەکات کە: کاردەکەین بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستیی گشتی و گەیاندنی خزمەتێکی باشتری تەندروستی بە هاوڵاتیان و هەوڵی جێگیرکردنی سیستەمی بیمە یا خود دڵنییایی تەندروستی بە پێی پێوەری گونجاو بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان دەدەین. هەروەها کار دەکەین بۆ پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسای مافی نەخۆش و رێکخستنەوەی ماف و ئەرکی پزیشکان بۆ پاراستنیان لە هەر دەستدرێژییەک. 

بەڵام وا زیاتر لە ساڵێک بەسەرئەم بەڵێنەی حکومەتدا تێدەپەڕێت و هیچ هەنگاێکی کرداریی لەو بوارەدا بەدیناکرێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش بەتەواوەتی شکستخواردوویی و لاوازیی کەرتی تەندروستی لە هەرێم نمایشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا لەبری بیمەکرد کە لە کارنامەکەدا باسی لێوەکراوە، هەوڵێکی گەورە لەئارادایە بۆ گواستنەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە کەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت. 

لە خاڵی دووەمی کارنامەکەدا هاتووە: کار دەکەین بۆ چارەسەرییەکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا، لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهینان و کەمکردنی بەهەدەردان و دابەشکردنێکی پێشکەتوو و گونجاوی کارەبا. هەروەها کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەیەکی گونجاوی نرخی کارەبا و دامەزراندنی میکانیزمێکی کاریگەر و سەردەمیانە بۆ کۆکردنەوەی پارەی کارەبا لە بەکاربەران. 

هەرچەندە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو، بڕی پێدانی کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا زیاتری کردووە، بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو زیاتربوونی کارەبایە پەیوەندی بە وەستانی هەندێک لە کارگە و فەرمانگە و شوێنە گشتییەکانەوە هەیە کە ڕاگیراون و کارەبای پێویستی ئەو شوێنانە دابەش دەبێتەوە بەسەر هاوڵاتیاندا و بەو شێوەیەش ڕوون نییە کە ئەگەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی ڕێگریی لێی نەبوایە کارەبا زیادی دەکرد یان نا، هاوکات، بوونی بە هەزاران مۆلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکان و لاوازیی هێڵەکانی دابەشکردنی کارەبا و سیستمی کۆکردنەوەی پارەی کارەبا وەکو ساڵانی پێشووە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، کە ئەم سێ بابەتە بە جەوهەری گۆڕانکاری و چاکسازیین لەبواری کارەبادا. 

خاڵی سێیەم دەڵێت: کار دەکەین بۆ چاککردن و بەرزکردنی ئاستی خزمەتگووزارییەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کەرتی گشتی و دانانی رێکاری ڕاکێشانی بەشداریی سەرمایەدارانی هەرێم و دەرەکی بۆ بەشداری لە ئاواکردنی قوتابخانەی نوێ لەو شوێنانەی پێویستە. هەروەها کار دەکەین بە پێداچوونەوە بە مەنهەجی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەرۆکیان بە پێی ستانداردە باوەکان. 

بواری پەروەردە لە کەرتی گشتییدا، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کە کابینەی نۆیەم دەستبەکاربووە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و وەکو ساڵانی پێشوو بەردەوام ڕووی لە لاوازبوونی زیاترە و بە تەنیشت ئەوەوە کەرتی تایبەت لە بواری پەروەردەدا تادێت بە هێزتر دەبیت و دەستی سەرایەدارە حزبییەکان لەناو بوارەکەدا درێژتر و درێژتر دەبێت. 

خاڵی چوارەمی کارنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە: کار دەکەین بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکانی سەر زەویی هەرێم بۆ بواری خواردنەوەی هاوڵاتیان و بە جۆرێک ئاوی پاک بگەیەنرێتە هەموو هاوڵاتیان و تا بکرێت ئاوی ژێرزەوی بەهەدەر نەدرێت. 

لەگەڵ ئەو بەڵێنەی ناو کارنامەکەی کابینەی نۆیەم، کێشەی کەی ئاو لە ۆریک لە گەڕەکە کۆنەکانی هەولێر و سلێانی بەردەوایی هەیە و لەماوەی ئەو ساڵەشدا کە کابینەی نۆیەم دەستبەکاربووە هیچ گوژمەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی دابەشکردنی ئاو تەرخاننەکراوە و بەو هۆیەشەوە چەندین جار شکان لە بۆرییەکاندا ڕوویداوە و هاوڵاتیان چەندین ڕۆژ بێئاو بوون، هاوکات دانانی پێوەری ئاو لە هەندێک لە ناوچە جیاوازەکان بووەتە مایەی نیگەرانی هاوڵاتیان چوونکە دانانی ئەو پێوەرە دراوە بە کۆمپانیا حزبییەکان و ناڕوونی لەو داهاتە هەیە کە دەستی دەکەوێت و نازانرێت ئایا بەڕاستیی ئەو پارەیەی دەدرێت بە کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت یان نا. 

خاڵی پێنجەم دەڵێت: کار دەکەین بۆ باشترکردنی ڕێگەوبانی هەرێمی کوردستان و سیستەمی هاتووچۆی هەرێم وهەوڵدەدەین وەبەرهێنانی بیانی و کەرتی تایبەت بۆ ئەم بوارە رابکێشین و رێگەوبانی هەرێم کە ساڵانە هۆکاری زیانی گیانی و مالیی هاوڵاتیانمانە لە ستانداردە باوەکان نزیک بکەینەوە. 

قوربانیانی هاتوچۆ لە هەرێم زۆر زیاترن لەو ستانداردەی کە لە جیهاندا دانراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی و کۆنیی ڕێگاوبانەکان، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کە کابینەی نۆیەم دەستبەکاربووە، هیچ هەنگاوێکی کرداری بەئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەنراوە، هەرجەندە هەندێک لە ڕێکخراوە بیانییەکان هاوکارییان داوە بە حکومەت بۆ دروستکردنی ڕێگەی نوێ، بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە وەکو پێویست ئەو پارەیە بۆ ئەو مەبەستە بەکارنەهێنراوە کە بۆی تەرخانکراوە، کابینەی نۆیەم نەیتوانیوە هیچ شەقامێکی "های وای" لە کوردستان دروستبکات کە گرنگترین هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاتوچۆ، لە ماوەی ڕابردوودا بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەک دانراوە وەکو شەقامی سەد مەتری سلێمانی، بەڵام شێواز و ناوەڕۆکی جێبەێکردنی ئەو پڕۆژەیە و دەیانی تریش بەشێوەیەکە کە حکومەتی هەرێم هیچ پارەیەکی ئەوتۆیان تێدا خەرج ناکات و لەبەرامبەردا کۆمپانیا حزبییەکان پڕۆژەکە جێبەجێدەکەن و بەهۆی پڕۆژەکەوە دەبنە خاوەنی چەندین پێگەی بازرگانیی ستراتیژیی لە نزیک پڕۆژەکان وەکو بەنزینخانە و فرۆشگا و موڵکداریی زەویی و چەندین ڕێگەی تر. 

لە خاڵی شەشەمدا هاتووە: کار دەکەین بۆ رەخساندنی بواری کار بۆ کەرتی تایبەت و فراوانکردنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، تاکو بەم هۆیەوە دەرفەتی کار زیاد بکرێن و یاساکانی کار بە جۆرێک رێک بخرێن کە دەرفەتی کار بۆ گەنجانی هەرێم زیاتر بکرێت. 

نەک هەر گرنگی بەم بوارە نەدراوە، بەڵکوو لە ماوەی ڕابردوودا ڕێژەی بێکاریی لە کەرتی گەشتوگوزار بە نموونە، بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تەنها لەوکەرتەدا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس بیکاربوون، بێگووان کەرتەکانی تریش لە دۆخێکی هاوشێوەدان. 

لە خاڵی حەوتەمدا ئاماژە بەوەکراوە: کاردەکەین بۆ زامنکردن و رێکخستنەوەی سەرجەم مافە یاساییەکانی کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت، بە جۆرێک مافی خانەنشینی و کاتژمێرەکانی کار و بیمە یا خود دڵنیایی تەندروستی و داهاتوویان پارێزراو بێت. 

ئەم بەڵێنەی ناو کارنامەکەش ێبەجێنەکراوە، بێجگە لەوەی خزمەت بە کارمەندانی کەرتی تایبەت نەکراوە، زیاتر لە ٤٠٠ لیار دینار کە لە کرێکار و کۆمپانیاکان وارگیراوە بۆ دەستەبەری کرێکاران، دیارنەماوە و دەبوو لەو پارەیە لەماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا قەرەبووی کرێکار و کارمەندان بکرێتەوە بەڵام ئەوە نەکرا لەبەر ئەوەی پارەکە تێکەڵی پارەی حکومەت کراوە و ئێستا هیچ بڕێک لەناو سندوقی دەتەبەرەکەدا نییە، کە ئەمە دزینی ڕاستەوخۆی پارەی کرێکارانە. 

خاڵی هەشتەم باس لەوە دەکات: خزمەتی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەمئەندامانی سەنگەر و بریندارەکان و قوربانیانی هەڵمەتەکانی جینۆساید و زیندانییە سیاسیەکان، لە کارە بەراهییەکانی حکومەت دەبێت. هەروەها کار دەکەین بۆ پێداجوونەوە بە لیستەکانیان و پاکردنەوەیان لەو ناوانەی بە شێوازی نایاسایی زیادکراون. 

لەم بوارەشدا حکومەت بە دەستێکی کورتەوە ساڵی یەکەمی تەواوکرد، خۆکوشتنی بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیاویی لەم ماوەیەی ڕابردوودا شایەتی خراپی دۆخی ژیانیان دەدات، هاوکات لەماوەی رابردوودا چەندین جار زیندانیانی سیاسیی خۆپیشاندانیان کردووە و ئاماژەیان بەوەکردووە کە مافەکانیان وەکو پێویست دابیننەکراوە. 

خاڵی نۆیەم دەڵێت: بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، گرنگیی تایبەت بە کاروباری خاوەن پێداوسیتیە تایبەتیەکان دەدەین. 

خاوەنپێداوسیتییە تایبەتەکان، ستەملێکراوترین تویژی کۆمەڵگەن، لە ساڵی رابردوودا بە دەیان جار هاتوونەتە سەر شەقام و گوزارشتیان لە خراپی دۆخی ژیانیان کردووە، ئەگەر خێر و سەدەقی دەسترۆشتووان نەبوایە ئەستەبوو کەئەندا و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بەردەوامبوونایە لەو ژیانە کولەمەرگییەی تێیدان. 

لە خاڵی دەیەمدا هاتووە: ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە و کار دەکەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە کلتوری ژینگە پارێزی. کار دەکەین بۆ بەکارخستنی سیستەمێکی پیشکەوتووی ریسایکل و چارەسەریی زبڵ و خاشاک وکەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان. 

ساڵەهای ساڵە کابینە یەک لەدوایی یەکەکان هەمان دروشم بەرزدەکەنەوە، بەڵام لەبواری کردارییدا هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت، نوێترین نموونەش کارگەی ڕیسایکلینی سلێمانییە، کە زەوییەکەی دابینکراوە و تاپۆکراوە لەسەر کۆمپانیایەکی حزبیی، بەڵام دوای وار ساڵ هێشتا هیچ هەنگاوێک بۆ دامەزراندنی کارگەکە نەنراوە و زەوییەکە بە مەبەستی تر بەکارهێنراوە. 

خاڵی یازدەیەم باس لەوەدەکات: لە سەر شێوازێکی دادپەروانە و هاوسەنگ کار دەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شار و قەزا و ناحیەکان و گرنگی تایبەت دەدەین بە هاندانی خەڵکی لادێکان بۆ مانەوەیان لە گوند و دێهاتەکانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری شایستە بۆیان. 

لەم بوارەدا هیچ هەنگاوێک نەنراوە و ئەوەی لە واقعدا هەیە هەنگاونانە بە ئاراستەی پێچەوانەی بەڵێنەکەی کابینەی نۆیەم. 

خاڵی دوانزەی کارنامەکە دەڵێت: گرنگی تایبەت دەدەین بە فەراهەمکردنی پانتایی کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی یاسادا و پاڵپشتی بوارە وەرزشی و هونەری و فەرهەنگی و کلتورییەکان دەکەین لە هەرێمی کوردستان. 

بەپێچەوانەی بەڵێنی ناو کارنامەکەی کابینەی نۆیەم، ئازادیی کاری ڕێکخراوەیی بەتەواوەتیی بەرتەسککراوەتەوە، هیچ پشتیوانییەکی ڕیکخراوە مەدەنییەکان ناکرێت و تەنها ڕێکخراوە حزبییەکان بۆیان هەیە چالاکی ئەنجامبدەن، لەماوەی زیاتر لە ساڵێکی کاری کابینەکەدا، هیچ چالاکییەکی گەورەی وەرزشیی و هونەری و کلتووری لە هەرێم بەڕێوەنەچووە کە جێی سەرنج بێت. 

لە خاڵی سێزدەیەمدا ئاماژە بەوەکراوە: کاردەکەین لە پێناو گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمەش لە رێگەی پێشخستن و بەرزکرنەوەی ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە ڕووی جۆری، هەروەها فەراهەمکردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و توێژینەوەی زانستی. هەروەها کار دەکەین بۆ رێکخستنەوەی کاری زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان و پێداچوونەوە بە کوالێتی زانستی و نرخەکانیان. 

کەرتی خوێندنی باڵا نەک هەر پیشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر ئەو کەرتە پاشەکشە دەکات و زانکۆکانی کوردستان لە ڕانکینە جیهانییەکاندا دێنەخوارەوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا بە دەیان زانکۆوپەیانگایئەهلی کراونەتەوەکە سیاسەتی ولاتانی تر جێبەجێ دەکەن 

خاڵی چواردەیەم دەڵێت: بە ئەلەکترۆنی کردنی کاروباری حکومەت(حکومەتی ئەلکترۆنی)، چ لە ئاست کاروباری ناوخۆی حکومەت و چ لە ئاست پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنییەکان بۆ هاوڵاتیان، لە ئەرکە لە پێشینەییەکانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگە لە ڕووتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و کاتی هاوڵاتیان و دامەزراوەکان دەگیرێت و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێتەوە. 

هەرچەندە کابینەی نۆیەم هەنگاوی گەورەی بە ئاراستەی بەدیهێنانی ئەم بەڵێنەی نەداوە، بەڵام لە سادەترین هەنگاودا شکستێکی گەورەی ڕووبەڕووبوویەوە، ئەویش بریتیبوو لە بەئەلکترۆنییکردنی پێشکەشکردنی "عەریزە" بە فەرمانگەکان، لەم پرۆسەیەدا گەورەترین ناڕەزایەتی هاتەئاراوە، هەم لەلایەن عەریزەنوسەکانەوە و هەم لەلایەن هاوڵاتیان، چوونکە پرۆسەکە درایە دەست کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکانی سەر بە حزب، ئەمەش ئەو کەسانەی نیگەران و نانبڕاوکرد کە دەیان ساڵە پیشەیان عەریزەنوسینە، هاوکات نرخی عەریزەنوسینی لە چەند هەزارێکەوە گەیاندە ١٥ تا ٢٥ هەزار دینار کە ئەمە بارگرانییەکی گەورە لەسەرشانی هاوڵاتیان دروستدەکات و پارەکەش کە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا حزبییەکانەوە نەک حکومەت، بەمەش یەکەم هەنگاویی بەئەلکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکان شکستیهێنا و نەتوانرا هەنگاوی تری بەدوادابێت. 

لە خاڵی پانزەیەمدا هاتووە: گەنجانمان سەرمایەیەکی نیشتیمانیی گەورە و کاریگەری مرۆیین و ئایندەسازی وڵاتەکەمانن. بۆیە لە میانەی کار و بەرنامەی گشت وەزارەتەکان، کار دەکەین بۆ بەکارخستن و ئاراستەکردنی تواناکانیان بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەتوو، کە ئایندەیەکی گەشتر بۆ وڵات فەراهەم بکات. 

ئەم خاڵە تەنها دروشمە و هیچ میکانیزمی کارێکی تێدا باسنەکراوە تا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. 

خاڵی شانزەیەم باس لەوە دەکات: شوێنەوارە مێژووییەکانمان بەشێکن لە سەرمایەی مێژوویی و کلتوری وڵاتەکەمان و پاراستنیان ئەرکێکی لە پێشینەمان دەبێت و کاردەکەین بۆ بەهێزترکردنی ئالییەتی دۆزینەوە و سەرپەرشتی و پاراستنیان و هەروەها هەوڵی بەکارخستنی کاراتری ئەم شوێنەوارانە دەدەین بۆ بواری گەشتیاری ، بە پێی ستانداردە باوەکان. 

ئەم خاڵە تەنها دروشمە و هیچ میکانیزمی کارێکی تێدا باسنەکراوە تا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©