پرس میدیا
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پڕۆژە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی رایگەیاند:"پشتیوانی ھیچ یاسایەک ناکەین کە کاریگەری لەسەر بچوککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین ھەبێت".
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پاشگەزبوونەوەی فراکسیۆنەکەیان لە پشتیوانی کردنی پڕۆژەیاساکە راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی گۆڕاندا هاتوە:"داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین پرۆژەکە رابگرێت، لە بری ئەمە کار لەسەر ئەو دۆسیانە بکات کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵک و موچەخۆران و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی".
پاشگەزبوونەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لەدوای درووستبوونی شەپۆلێکی فراوانی نارەزایی چالاکوانان و رۆژنامەنوسان هات کە دژی پڕۆژەیاساکە وەستاونەتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی گۆڕان
* راگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی گۆڕانەوە
ھاونیشتیمانیانی بەڕێز
لەبارەی پرۆژە یاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی
دەمانەوێت لێرەوە دڵنیاتان بکەینەوە، ئێمە بە ھیچ شێوەیەک پشتیوانی ھیچ یاسایەک ناکەین کە کاریگەری لەسەر بچوککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین ھەبێت.
ئەو ڕەخنەو سەرنجانەی بۆ ئێمە ھاتوە جێگای بایەخەو ڕێزلێگێراوەو پێوەی پەیوەستین.
یەک: سەرجەم ئەو ئەندامانەی فراکسیۆنی گۆڕان واژویان لەسەر پرۆژەکە کردوە، واژوەکەیان دەکشێننەوە.
دوو: ئەم پرۆژە تەنیا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە، خوێندنەوەی دووەم و راپۆرت نوسین و دەنگدان لەسەر پرۆژەکە ماوە، داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین پرۆژەکە رابگرێت، لە بری ئەمە کار لەسەر ئەو دۆسیانە بکات کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵک و موچەخۆران و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.
سێ: لە ئێستادا چەندین دۆسییە، لە دادگاکانن کە رۆژنامەنوسان و ھاولاتیان، لەسەر بابەت و نوسینەکانیان لە پیێگە ئەلیکترۆنیەکان بڵاوبوەتەوە بە یاسای سزادانی عێراقی و خراپ بەکارھێنانی مۆبایل مامەلەیان لەگەل دەکرێت، حوكمدان بەم یاسایەنەش زیندانی کردنی تێدایە، ھەولدەدەین لە داھاتودا ئەو یاسایانەی کۆت و بەند بۆ ئازادی و ئازادی رادەربرین دروست دەکەن ھەموار بکەینەوە.
چوار: بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانین دۆسیەی تیرۆرو ئازادی ڕادەربڕین پێکەوە تێکەڵ بکرێن.
فراکسیۆنی گۆڕان
٢٠٢٠/٨/١٦
No comments:
Post a Comment