پرس میدیا
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان رایگەیاند خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە ١ی ئەیلوول دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە ٣٠ی حوزەیران کۆتایی پێ بێت.
رۆژی شەممە ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ تاوتوێ کردنی وادەی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە ئۆنلاین کۆبوویەوە.
بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەک پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەرزکردووەتەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، كە بریتین لە:
خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە ١ی ئەیلوول دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە ٣٠ی حوزەیران کۆتایی پێ بێت.
لە نێوان ٢٠ی ئەیلوول تاوەکو ٤ی تشرینی یەکەم پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى لە هەرێمى کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دو رێكکەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى (٢٠٢٠-٢٠٢١) دەستنیشان بکەن.
- سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) بریتیە لە خوێندنى ئاوێتە واتە (blended learning).
- خوێندنى وانە پراکتیکییەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتایى ساڵ و تەطبیقاتى ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت.
- ماوەى نێوان ١ی ئەیلوول تاوەکو تاوەکو ٤ی تشرینی یەکەم ئەو ماوەیە بۆ راهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت یان ڕێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆ و قەرەبووکردنەوەى وانە فەوتاوەکان.
- هیچ کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (١٥) هەفتە کەمتر بێت.
- بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لەنێوان زانکۆکانى هەرێم سیستمى میواندارى دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت.
- بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ راسپاردەى دەکات.
- لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ پرۆسەى خوێندنى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات.
ئاماژە بەوەشدراوە کە کۆى ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بە پرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاوتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجوومەنى وەزیران بەمەبەستى تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق