بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دەدرێت؟ - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دەدرێت؟

بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام دەدرێت؟


پرس میدیا - تایبەت 

پڕۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر بە دڵی زۆرینەی حزبە سیاسییەکان نییە و پێیان وایە ئەو یاسایە ناتوانێت خواستی هاوڵاتیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان جێ بکاتەوە لە بەرانبەریشدا بەشێک لە یاساناسە سەربەخۆکان دەڵێن پڕۆژەکە باشترین دەرفەتە کە هاوڵاتیان بتوانن نوێنەری راستەقینەیان بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن. 

کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە ژێر فشاری خۆپیشاندەرە توڕەکانی عێراقدا، حکوومەت و پەرلەمان پڕۆژەیاسایەکیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئامادەکرد تا بەپەلە تا بەشێک لە توڕەیی ئەو خۆپیشاندەرانە عێراقیانە کەم بکاتەوە کە بەردەوام لەسەر جادەکان بوون دروشمیان دژی تەواوی حزب و سیاسییەکان دەوتەوە. 

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی سێشەممە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ و بەبێ ئامادەبونی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکان پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بە گوێرەی یاساکەش بۆ هەر ١٠٠هەزار کەسێک کورسییەکی پەرلەمانی دیاریکراوە و هەر قەزایەکیش دەبێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن. 

یاساکە حیزبە گەورەکان دەکاتە ئامانج؟ 

جەلال ئەحمەد ئەدامی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانی پێی وایە یاساکە حیزبە گەورەکان دەکاتە ئامانج و رێگەیان پێنادات کە هاوشێوەی یاسای پێشوو کاندید ڕەوانەی پەرلەمان بکەن. 

جەلال ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە یاساکە دەتوانێت هاوکارێکی باشی ئەو گروپ و دەستانە بێت کە دەیانەوێت نوێنەری راستەقینەی خەڵک بن لە پەرلەماندا. 

ئەو پێی وابوو کە پێویستە هەمان رێکار بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش بگیرێتە بەر و داوای کرد هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام بدرێن. 

هاوکات حاکم شێخ لەتیف یاساناس و شارەزا لە یاسای هەڵبژاردنەکان پێی وایە یاساکە دەبێتە چەکێکی باش بە دەست هاوڵاتیانەوە تا نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن. 

ئەو دەڵێت فرەبازنەیی لەقازانجی دیموکراتی و خەڵک و لە زیانی ئەم مۆدێلەی ئێستای حیزبەکانە من پێشترویش وتوومە ھەمو سیستەمەکان باشی و خراپیان ھەیە، بەڵام باشترینیان بۆ خەڵک و بۆ دیموکراتی فرەبازنەییە." 

هەروەها دەڵیت سیستمی فرە بازنەیی حیزبەکان ناچار دەکات بەدوای باشترین و مەقبولترین و بەتواناترین کاندیدا بگەڕێن، نەک کادیرە گوێڕایەڵەکانی خۆیان بنێرن بۆ موچەو ئیمتیازات. 

هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت؟ 

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق رۆژی ٣١ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا و لە وتارێکدا وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە عێراق دیارییکرد و رایگەیاند لە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام دەدرێت، هەفتەیەک لە دوای دیارییکردنی ئەو وادەیە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند ئامادەن لەو وادەیەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببەن. 

هەرچەندە حیزبە سیاسیەکان بە تایبەت لایەنە کوردییەکان لەگەڵ یاساکەدا نین بەڵام پێناچێت کازمی بچێتە ژێر باری ئەو داواکاریانەی کە داوای دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بە تایبەت کە کازمی لە ئەمریکایە و پشتیوانییەکی باشی کۆشکی سپی بەدەستهێناوە. 



یاساکە بەپەلە تێپەڕێندراوە و ناڕوونە 

د.بەهار مەحمود پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەپرس میدیای ڕاگەیاند ئەم یاسایە لە دۆخێکی نا ئاسایدا دەنگی پێدراو تێپەڕیووە، لەوکاتەدا خەڵک هاتبونە سەر شەقام،بۆیە بەشێک لە هێزە گەورەکان ئەمەیان قۆستەوە و یاساکەیان تێپەڕاند. 

لەبارەی ناوەڕۆکی یاساکەوە، بەهار مەحمود دەڵێت جێبەجێکردنی ئەم یاسایە زۆر زەحمەتە چونکە یاساکە هیچ ڕون نیە و دەیان کێشەی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێی وایە ئەم یاسایە دەبێتە هۆی زیندووکردنەوەی عەشیرەتگەری و ناوچەگەری. 

هاوکات سالار مەحمود ڕاوێژکاری پێشووی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق بە پرس میدیای وت یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق زۆر ناڕون و تێکەڵە. 

ئەو پێی وایە سەرۆکی پەرلەمان نەیتوانیوە رۆڵێكی بێ لایەنی لەم بابەتەدا ببینێت و خۆی سەرپەرشتی ئەو رەوتە دەکات کە یاری بەکات دەکەن و دەیانەوێت هەڵبژاردن لە عێراق نەکرێت. 

یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە ٥٠ بڕگە پێکهاتوە و بەگوێرەی یاساکە ململانێی کاندیدەکان لەسەر ئاستی کەسی دەبێت نەک لیستی حزبی، هەروەها بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسێک کورسییەکی پەرلەمانی لەسەر ئاستی قەزاکان دیاریکراوە، ئەگەر قەزایەکیش نەگەشتە ئەو رێژەیە ئەوا لەگەڵ نزکترین قەزای دراوسێدا دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن. 

کورد بەشداری لە دەرچواندنی یاساکە نەکرد 

لەو دانیشتنەی پەرلەماندا کە یاساکە دەنگی پێدرا ناکۆکی سەرەکی فڕاکسیۆنەکان لەسەر هەردوو مادەی ١٤ و ١٥ی پڕۆژەیاساکەبوو، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران و بەبێ رەزامەندی کورد ئەو دو بڕگەیە و سەرجەم بڕگەکانی دیکەشیان تێپەڕاند. 

فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری کۆبوونەوەکەی رۆژی دەنگدان بە یاساکەیان نەکرد هەریەکەیان بیانوویەکی دژی یاساکە هێنایەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا یاساکە دژی کاری حیزبەکانە و زیاتر ئامانجی لەوەیە هاوڵاتی نوێنەری راستەقینەی خۆی دیارییبکات کە ئەوەش پێچەوانەی خواستی حیزبەکانە. 

فراكسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێڕاق بەیاننامەیەكیان خوێندەوە و رایانگەیاند، ئەو لایەنانەی دەنگیان بە پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەكان عێراق داوە و پێشێلی ئیرادەی دەنگدەرانی عێراقیان كردوە. 





ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©