لە هەڕەشەی بە شەق کردنە دەرەوە تا جیابوونەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

لە هەڕەشەی بە شەق کردنە دەرەوە تا جیابوونەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان

لە هەڕەشەی بە شەق کردنە دەرەوە تا جیابوونەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان



پرس میدیا  - راپۆرت
کۆبوونەوەکەی رۆژی ڕابردووی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵۆزترین دانیشتنی ئەو بزوتنەوەیە بوو کە تێیدا وتوێژەکان لە سیاغی فەرمی دەرچوون هەڕەشەی کردنە دەرەوە بە شەقی تێدا بەکارهات. 

لە کۆبوونەوەکەدا دوو بەرەی جیاوازی ناو بزوتنەوەکە لێدوانی توندیان دژی یەکتر دا و هەریەکەیان ئەوی تر بە تۆمەتی جیاواز تۆمەتبار دەکات. 

سەرچاوەی ناكۆكییەكان بۆ مانەوەو كشانەوە لە كابینەكەی مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوەو گرژییەكە لە نێوان دوو بەرەی دژ بەیەك بووە لەسەر ئەم پرسە. 

کێشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر لەوە ئاڵۆزتربوون کە دەردەکەون، ئێستا لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان دوو باڵی سەرەکی دروستبوون، باڵێک داوای کشانەوەی بزوتنەوەکە لە حکوومەت دەکەن، باڵێکیش داوای مانەوە لە حکوومەت دەکەن. 

کۆبوونەوەکەی جڤاتی نیشتیمانی 

تیمی وەزاریی گۆڕان رۆژی شەممە ٥ی ئەیلوول لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی میوانداری كراون بۆ پێدانی ڕوونكردنەوەو بەرچاوڕوونی لەبارەی كارەكانیان‌و ئەدای تیمەكەیان. 

بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بە پرس میدیای وت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی داوایكردووە ئەو قسەكانی بكات ‌و ڕێگەی بدەن بڕوات، لەبەرئەوەی دەگەڕێتەوە هەولێرو ئەمڕۆ لە چوارچێوەی شاندی هەرێم دەچێتە بەغدا. 

بەپێی وتەی ئەو بەشداربووەی کۆبوونەوەکە، لە چوارچێوەی قسەكانیدا ئاوات شێخ جەنابت ڕەخنەی لە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا گرتووە بەوەی دژی تیمی وزاری گۆڕان لە حکوومەت کار دەکەن. 

بەوەش غالب محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغداد، داوای كردووە بمێنێتەوەو گوێ لە گوتەكانی‌و وەڵامی ڕەخنەكان بگرێت. 

"غالب وتی منیش قسەم هەیەو دەبێت گوێ بگرێت، كاك ئاواتیش ئامادەیی پیشان نەدا گوێی بۆ بگرێ‌و وتی ڕۆژێكی تر دادەنیشین‌و چیتان هەیە باسی دەكەین" ئەوە بووە هۆی تێکچوونی کۆبوونەوەکە و توندبوونی قسەکانی هەردوولا، بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بە پرس میدیای وت. 

"بەردەوام بیت بە شەق دەتکەمە دەرەوە" 

بەپێی زانیارییەکانی پرس میدیا کە لە چەند بەشداربوویەکی ناو کۆبوونەوەکەوە دەستی کەوتووە، کاروان هاشم ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی لە سەر توندبوونەوەی گفتوگۆکان بە غالب محەمەد پەرلەمانتاری بەغدای بزوتنەوەکەی وتووە، ئەگەر بەردەوام بیت بە شەق ئەتکەمە دەرەوە، ئەوەش وایکردووە کە غالب محەمەد و کاروان هاشم هەوڵی پەلاماردانی یەکتر بدەن. 

جیا لەوان، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتیش دژی غالب محەمەد قسەی کردووە لەبەرانبەریشدا غالب بە گاڵتەجاڕییەوە بە دانا عەبدولکەریمی وتووە رێگای کەلار – سلێمانیت جوانە. 

بەهۆی ئالۆزبوونی دۆخەکەوە غالب محەمەد هۆڵی کۆبوونەوەکەی جێهێشتووە، غالب وەک نوێنەری فراکسیۆنی بەغدای گۆڕان بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە، ئەندامانی فراکسیۆنی بەغدا داوا دەکەن گۆڕان لە حکوومەت بکشێتەوە، لەبەرانبەریشدا تیمی وزاری گۆڕان داوای مانەوەی دەکەن. 

لە دوای هاتنە دەرەوەی غالب محەمەد لە کۆبوونەوەکەی جڤاتی نیشتیمانی، فراکسیۆنی بەغدای گۆڕان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ پەرلەمانتارەکەیان دەربڕی و جەختیان لەوەکردەوە کە دەبێت گۆڕان لە حکوومەت بکشێتەوە. 

فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا، لە یوسف محەمەد، غالب محەمەد، هوشیار عەبدوڵلا، بەهار مەحموود و کاوە محەمەد پێکدێن، ماوەی چەند مانگێکە بەشداری کۆبوونەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان ناکەن، تەنیا رۆژی رابردوو غالب محەمەد بە نوێنەرایەتی فراکسیۆنی بەغدا بەشداری کۆبوونەوەی جڤاتی کردووە. 

بەپێی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ پرس میدیا کرد، ئامانجی کۆبوونەوکە کردنەوەی گرێ کوێرەی نێوان تیمی وزاری حکوومەت و فراکسیۆنی بەغدای گۆڕان بووە، بەڵام کۆبوونەوەکە گرژییەکانی زیاتر کردووە. 

فراکسیۆنی بەغدا سەربەخۆیی رادەگەینێت؟ 

بەپێی لێدوانی چەند بەشداربووییەکی کۆبوونەوەکە، پێشبینی دەکەن فراکسیۆنی بەغدای بزوتنەوەکە دەست لە کاربکێشنەوە و وەک فراکسیۆنی سەربەخۆ کار بکەن بەوەش بزوتنەوەی گۆڕان هیچ ئەندامێکی لە پەرلەمانی عێراق نابێت، ئێستا لە ناو فراکسیۆنە کوردییەکانی بەغدا چەند پەرلەمانتارێکی دیکە وەک سەربەخۆ کاردەکەن. 

فراکسیۆنی بەغدای گۆڕان رۆژی شەممە لە راگەیەندراوەکەیاندا باسیان لەوەکردووە لە نزیکترین دەرفەتدا هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن، لەگەڵ ئەوەشدا سووربوونی خۆیان لە کشانەوەی گۆڕان لە حکوومەت دووپاتکردەوە. 

لاهور جەنگی فراکسیۆنی بەغدا دەجوڵێنێت؟ 

رزگار محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە سایتی باس نیوزی سەر بە باڵی مەسروور بارزانی وتووە، گومان دەکەین فراکسیۆنی بەغدا لەلایەن لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتییەوە بجوڵێنرێن. 

”هەڵسوکەوتوو قسەکردنیان گونجاو نییە، قسەکانیان گومانی لەسەرە، بەڵگەی تەواومان لەبەردەستدا نییە كە لاھوور جەنگی بیانجوڵێنێت، بەڵام بە یەک نەفەس قسە دەکەن، بە تایبەت جووڵانەوەکانیان لە نێو کۆبوونەوەکان، بۆیە بە یەكێك لە ئەگەرەكانی دادەنێین كە ئەو ئاراستەیان بكات“. رزگار محەمەد وای وتووە. 

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانیش هەمان کێشەی هەیە 

هەفتەی رابردوو عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان دەستی لە کار کێشایەوە، ئەوەش فراکسیۆنەکەی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کردووە. دەستلەکارکێشانەوەکە بەهۆی فشارەکانی کشانەوەی واژووی پرساندنی سەرۆکی حکوومەتەوە بوو. 

بڕیار وابوو کۆتایی هەفتەی رابردوو پرسی سەرۆکی فراکسیۆنی گؤڕان یەکلا بکرێتەوە بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی ناو بزوتنەوەکە دواخرا. 

پرۆ پارتی، هاوئاوازی پارتی ئەمانە ئەو دەستەواژانەن کە ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان هێنایانە ناو میدیای کوردییەوە، نەیارەکانی بزوتنەوەکە و لایەنگرانی پارتیان پێ وەسف دەکرد، کەچی ئێستا بزوتنەوەکە هەمان ناو ناونیشانی پێ وەسف دەکرێت. 

بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لەلایەن کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە ئیدارە دەدرێت و داهات و پارەی بزوتنەوەکەش هەر لەلایەن ئەوانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، ئەوەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە کادرانی ئەو بزوتنەوەیە دەست لە کاربکێشنەوە. 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©