ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ سێ چالاکوانی دیکەی سیاسی لە لایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکران بەوەش تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا ژمارەی دەستگیرکراوە سیاسییەکان گەیشتە پێنج کەس.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پرس میدیای راگەیاند لە لایەن هێزێکی ئاسایشی پارتییەوە لە دەڤەری بادینان هەریەکە لە بەندەوار ئەیوب رەشید، پەهلەوان عادل بناڤی، کارکەر روستینکی چالاکوانانی سیاسی ناوچەی بادینان دەستگیرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پرس میدیا، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانەدا هیچ بڕیارێکی دادوەر پیشانیان نەدراوە و راستەوخۆ کەلەپچە کراون و بەرەو شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ دووچالاکوانی دیکەی سیاسی لە شاری دهۆک و قەزای زاخۆ لە لایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکران.
دەستگیرکردنی ئەم چالاکوانە سیاسییانە بەدوای شەپۆلی رەشبگیری هێزە ئەمنییەکانی پارتی لە دهۆک دێت کە لە دوای خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ناوچەکە دژی گەندەڵی و دابەش نەکردنی مووچە ئەنجامدران.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، لە خۆپیشاندانەکانی دهۆک و زاخۆدا زیاتر لە ١٥٠ کەس دەستگیرکراون کە تا ئێستاش ٢٠ کەسیان ئازاد نەکراون و لە زیندانەکانی ئاسایشدان.
ئاسایشی پارتی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوانە کردووەتەوە و بە نیازە لە رێگەی دادگاوە سزای چەند ساڵێک زیندانی کردنیان بەسەردا بسەپێنێت.
No comments:
Post a comment