پرس میدیا
مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەتۆمەتی تێوەگلان لە كوشتنی خۆپیشاندەران لە باشووری عێراق بڕیاری قەدەغەی گەشتكردنی بۆ ئەفسەرێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی دەركرد.
ئەحمەد موللا تەڵال وتەبێژی حكوومەتی عێراق لە تویتێكدا رایگەیاندووە مستەفا كازمی بڕیاری قەدەغەی گەشتكردنی بۆ فەریق جەمیل شەممەری دەركردووە كە ناوبراو تێوەگلاوە لە كوشتنی خۆپیشاندەرانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار.
ئەحمەد موللا تەڵال روونی كردووەتەوە كە ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت، موڵەتێكی ساختە بە فەریق جەمیل شەممەری دراوە لەوەی بتوانێت بۆ چارەسەرکردنی پزیشكی گەشتی دەرەوە بكات.
لە بەرەبەیانی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ، هێزێكی ئەمنی كە لە دەرەوەی پارێزگای زیقار رەوانەكرابوون، هێرشیانكردە سەر خۆپیشاندەران لە نزیك پردی زەیتون ناوەڕاستی ناسرییە كە لە ئاكامدا، ٣٢ خۆپیشاندەر كوژراون و ٢٢٠ی دیكەیش برینداربوون.
ئەو هێرشە دوای رۆژێك لە گەیشتنی فەریق جەمیل شەممەری بۆ زیقار روویدا كە ئەو كات لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەهدی-ەوە وەك ئەندام لە شانەی قەیرانەكانی تایبەت لە پارێزگای زیقار بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی رەوشی ئەمنی و سەپاندنی یاسا دەست نیشانكرابوو.
چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان، فەریق جەمیل شەممەری بەوە تۆمەتبار دەكەن كە پێشتر فەرمانی تەقەكردنی لە خۆپیشاندران بە هێزە ئەمنییەكان داوە.
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشەكەی سەر خۆپیشاندەرانی نزیك پردی زەیتون، فەریق جەمیل شممەری لە پۆستەكەی دوور خستبووە و لەو كاتەوە تا ئێستا هیچ پۆستێكی پێ نەدراوە، بەڵام لە وەزارەتی بەرگریی عێراق خزمەتی دەركرد.
No comments:
Post a Comment