یەکگرتوو لە حکوومەتی خۆجێی دهۆک کشایەوە یان دەرکرا؟ - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

یەکگرتوو لە حکوومەتی خۆجێی دهۆک کشایەوە یان دەرکرا؟

یەکگرتوو لە حکوومەتی خۆجێی دهۆک کشایەوە یان دەرکرا؟


پرس میدیا - تایبەت
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو میدیای پارتی بڵاویکردەوە کە بەفەرمی بەرپرسانی یەکگرتوو لە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی هاوبەشی هەردوولا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی لە پارێزگای دهۆک ئاگادارکراونەتەوە، بۆیە پێویستە لە زووترین کاتدا پۆستەکانیان رادەست بکەنەوە. 

لەوبارەوە کەناڵی رووداوی سەر بە باڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە زاری سەباح باپیری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە. 

سەباح باپیری رایگەیاندووە ئەوان پێیان باشبووە لە حکومەت بەردەوام بن، "بەڵام پارتی ئێمەی ئاگادارکردووە کە رێککەوتنەکە هەڵوەشاوەتەوە". 
رێککەوتنی یەکگرتوو و پارتی 
ساڵی 2016 دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رێککەوتنێک لەنێوان یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی خۆجێی دهۆک واژووکرا کە پارتی 25 پۆستی دابووە یەکگرتوو، بەڵام 18 پۆستیان پڕکرابوونەوە. 

گرنگترین ئەو پۆستانەی پارتی بە یەکگرتووی دابوو جێگری پارێزگار و دوو بەڕێوەبەری گشتی و چوار بەڕێوەبەری ناحیە بوون. 

یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک سێ کورسی هەیە کە ئەندامەکانی بریتین لە سەباح عەلی، عەبدولسەمەد تیلی و پەروین مەجید. 

ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک، ژمارەی‌ كورسییەكانی 28 كورسین، پارتی بە ١٩ کورسی زۆرترین دەنگی هەیە، یەکگرتوو بە سێ کورسی دەنگی دووەمی ناو ئەنجوومەنەکەیە بە دوای ئەودا یەکێتی و گۆڕان هەر یەکی یەک کورسییان هەیە. 
بۆچی رێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە؟ 
پارتی دیموکرات لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە زۆر بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو رەخنانە دەکات کە رووبەڕووی دەکرێنەوە، ئەوەش بەهۆی کاریگەری بڕیارەکانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و کوڕە گەورەی سەرۆکی پارتییە. 

یەکگرتووی ئیسلامی لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک رەخنەی لە ئەدای حکوومەتی خۆجێی دهۆک گرتووە ئەوەش وایکرد بەرپرسانی پارتی لە ناوچەکە نیگەران بن لە هەڵوێستەکانی یەکگرتوو بۆیە هەڕەشەی دەرکردنیان لە حکوومەتی خۆجێی لێکردن. 

رۆژی هەینی ١٢ی ئەیلوول مەسعود سەرنی کارگێڕی لقی یەکی پارتی لە دهۆک بۆ رادیۆی رووداوی سەر بە پارتی قسەی کردووە و دەڵێت لە یەكگرتووەكانی دهۆك قبوڵ ناكەین بەشداری خۆپیشاندانەكان بكەن. 

ئەو بەرپرسەی پارتی وتوویەتی ئەگەر یەكگرتوو بەردەوام بێت لە دژایەتیكردنی حكومەتی خۆجێی دهۆك ئەوا لە حكومەتی خۆجێی دهۆك دەریان دەكەین. 

جگەلەوە پارتی لە بابەتی واژووی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو بۆ پرساندنی سەرۆکی حکوومەت نیگەران بووە. 
بەرپرسانی دەڤەری سلێمانی یەکگرتوو دەڵێن خۆمان کشاینەوە 
ئەبووبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەکگرتوو بە پرس میدیای وت هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی پەیوەندی بەواژووی فراکسیۆنی یەکگرتوەوە هەیە بۆپرساندنی سەرۆکی حکومەت وجێگرەکەی و وەزیری دارایی لەسەر لێبڕینی مووچە. 

ئەبووبەکر هەڵەدنی وتی پارتی دوو بژاردەی خستووەتە بەردەمیان، یا کشانەوە لە حکوومەتی خۆجێی یان کشانەوەی واژووکانیان ئەوانیش بژاردەی یەکەمیان هەڵبژاردووە. 

لە بەرانبەردا سەباح باپیری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بە کەناڵی سپێدەی زمانحاڵی یەکگرتووی وتووە ئەوان پێیان باش بوو کە پارتی پرسەکان تێکەڵ نەکات بەوپێیەی رێککەوتنی حکوومەتی خۆجێی دهۆک جیاوازە لە ئۆپۆزسیۆن بوونی یەکگرتوو لە ناو پەرلەماندا. 

سەباح باپیری وتیشی کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکگرتوو بەهۆی ئەوەوەیە کە ئەندام پەرلەمانانی یەکگرتوو بەشداربوون لە کۆکردنەوەی واژوو بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەندام پەرلەمانەکانی یەکگرتوو بە پرنسیپەوە بەشداری کۆکردنەوەی واژویان کردووە بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەت، چونکە لێبرینی موچە و نەناردنی بودجەی گشتی بۆ پەرلەمان، شایەنی ئەوەیە کە مەسرور بارزانی لە پەرلەمانەوە ڕونکردنەوەی لەسەر بدات".
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو لە دهۆک، ڕاشیگەیاندووە، "گرێدانی کاری پەرلەمانی و پۆستە خۆجێییەکان بەیەکەوە کارێکی دروست نییە و دوو بابەتی جیا لە یەکن" 
پارتی پێشوەخت ئامادەکاری بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکگرتوو کردبوو 

پارتی ماوەی چەند هەفتەیەکە خۆی یەکلاکردووەتەوە لەوەی یەکگرتوو لە حکوومەتی خۆجێی دهۆک بکاتە دەرەوە، هەربۆیە پێشوەخت ئامادەکاری بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی یەکگرتوو کردووە. 

لەوبارەوە هۆشیار گولی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رایگەیاندووە ئەوان پێشوەخت ئامادەکارییان بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان کردووە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێکارە ئیدارییەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان دەستپێبکەن. 
قاچێک لە ناو حکوومەت و قاچێک لەناو ئۆپۆزسیۆن 
یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی هەردووکیان لە ناو پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزسیۆنن بەڵام بەشداری ناو حکوومەتە خۆجێیەکانن. 

ئێستا یەکگرتوو لە پارێزگای دهۆک نەماوە بەڵام لە پارێزگای سلێمانی هێشتا پۆستیان لە ناو حکوومەتی خۆجێی هەیە. 

ئەبووبەکرد هەڵەدنی بە پرس میدیای وت ئەو لەگەڵ ئەوەدایە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش بەهەمانشێوەی دهۆک بکشێنەوە. 

بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی لە سنووری پارتی هیچ پۆستێکی وەرنەگرتووە، تەنیا لە سنووری یەکێتی چەند پۆستێکی لە ناو حکوومەتی خۆجێیدا هەیە. 
کاردانەوەی چوونە دەرەوەی یەکگرتوو لە حکوومەتی خۆجێی دهۆک 
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی چوونە دەرەوەی یەکگرتوو، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری دروستکرد بەشێک لە لایەنگرانی یەکگرتوو پشتیوانیان لە بڕیارەکە کرد و پێیان وابوو کە دوورکەوتنەوە لە پارتی بە باشی بۆ یەکگرتوو دەشکێتەوە، لەبەرانبەریشدا بەشێکی تر پێیان وابوو بڕیارەکە بە ناوچاری بەسەر یەکگرتوودا سەپێنراوە و ئەوە خواستی خۆی نەبووە.

لەوبارەوە عەبدوڵلا مەلا نوری پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان بە پرس میدیای وت یەکگرتوو کارێکاری زۆر باشی کردووە کە نەچووەتە ژێر باری کشانەوەی واژووکانیان بۆ پرساندنی سەرۆکی حکوومەت و لە حکوومەتی خۆجێی کشاوەتەوە. 

عەبدوڵلای مەلا نوری وتیشی یەکگرتوو باجی نزیکبوونەوەی لە پارتی داوە بۆیە وا باشترە کە بە هێڵێکی روون لە نێوان خۆی دەسەڵاتدا بکێشێت. 


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©