مستەفا کازمی بۆچی لە هەرێمی کوردستانە؟ - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

مستەفا کازمی بۆچی لە هەرێمی کوردستانە؟

مستەفا کازمی بۆچی لە هەرێمی کوردستانە؟




پرس میدیا - تایبەت
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق گەیشتە هەولێر. 

سەردانەکەی کازمی بۆ هەولێر دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لە کێشمەکێشمی سیاسی و ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دێت. 
یەکەمجارە مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆ دەبێتەوە. 

کازمی لەگەڵ گەیشتەنی بە خاکی هەرێم لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کۆبوویەوە، سبەینێش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆدەبێتەوە. 

شاندەکەی کازمی پێکهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و نەوت و کۆچ وکۆچبەران و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومەتی فیدراڵی.
کۆبوونەوەکانی کازمی تەنیا تەشریفاتین؟ 
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە لایەن راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە لە کۆبوونەوەی نێوان مستەفا کازمی و مەسروور بارزانی تەنیا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوولاو پاراستنی سەرەوەری عێراق کراوەتەوە. 

کازمی بە مەسروور بارزانی وتووە "سەروەری خاکی عێراق ئەو وشەیەیە کۆماندەکاتەوە، هیچ بوارێک نیە بۆ کەمتەرخەمیکردن تیایدا." 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێستا هەلێک لەبەردەمماندایە بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش و پێشکەشکردنی باشترین هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی هاونشیتمانیانی عێراق، سەرەڕای ئەوەی خۆئامادەکردنمان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە خێراتردەکات." 

لە بەرانبەردا مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت وتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی هەموو گرفتە هەڵواسراوەکانی بە ئامانج گرتووە و هەوڵدەدات چارەسەرێکی بنەڕەتی و دوور مەودایان بۆ بدۆزێتەوە." 

هەروەها ئەوە هاتووە کە "سەرۆکوەزیرانی هەرێم وتوشییەتی، پاڵپشتی هەوڵەکانی کازمی دەکەین لە بواری چاکسازی لەهەموو کایەکاندا." 
کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان 
مستەفاکازمی لەسەرەتای دەستبەکاربوونی چاوی لەسەر چاکسازی لە خاڵە سنوورییەکانە بەوپێیەی پارەیەکی یەکجار زۆری خاڵە سنوورییەکان ناگەڕێتەوە سەر خەزێنەی دەوڵەت. 

کازمی لە رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بەوە رازی بووە سەدا پەنجای داهاتی خاڵە سنوورییەکان بدرێتەوە بەغدا و لەبەرانبەریشدا مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار رەوانەی هەرێم بکات. 

ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی و مەسعود بارزانی سەردانی زاخۆی کرد و لەوێوە چووە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل. 

پارتی و یەکێتی بەوە تۆمەتبارن کە پارەیەکی زۆر لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێم کۆ دەکەنەوە و نایگێڕنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بۆیە کازمی دەیەوێت حکوومەتی فیدڕاڵ کۆنتڕۆڵی ئەو خاڵە سنوورییانە بکات. 

دەستەی گومرگی خاڵە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاندووە لە سەرەتای دەستپێکردنی چاکسازییەکانی سەرۆک وەزیرانەوە تا ئێستا داهاتی خاڵە سنوورییەکان سەدا ٤٠ زیادی کردووە. 

بەپێی ئەو بەرنامەی کازمی لە سەردانەکەی بۆ هەرێم دایناوە، سبەینێ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت کۆدەبێتەوە و دواتر سەردانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەکات و هەردوو مەرزی باشماخ و پەروێزخانیش بەسەر دەکاتەوە. 
کازمی کاندیدی لە هەرێمی کوردستان دەبێت 
بەپێی میدیا عێراقییەکان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئامادەکارییەکانیان بۆ دانانی لیستێکی هاوبەش دەستپێکردووە، بە نیازن لە هەموو شارەکانی هەرێم کاندیدیان هەبێت. 



بۆیە کازمی دەیەوێت کێشە دارییەکانی هەرێم و پرسی چاکسازی بەکاربهێنێت بۆ راکێشانی سۆزی هاوڵاتیانی هەرێم تا لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەنگ بە کاندیدەکانی بدەن. 

هەر لەترسی ئەو هەنگاوەی کازمی پارتی لە سنووری خۆی دەستی کردووە بە دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانەی کە گومانیان لێدەکرێت لە هەڵبژاردنەکەدا لە لایەن کازمی و بەرهەم ساڵحەوە پشتیان پێ ببەسترێت. 

بەپێی زانیارییەکانی پرس میدیا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا پێنج چالاکوانی سیاسی لە ناوچەی بادینان دەستگیرکراون. 
هەڵوێستی عەبادی لەسەر سەردانەکەی کازمی
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی ئیتیلافی نەسر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە داوا لە مستەفا کازمی دەکەین هاوشێوەی هەموو ناوچەکانی تری عێراق، بەپێی دەستور پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکبخاتەوە. 

عەبادی رایگەیاندووە پێویستە حکومەتی کازمی دۆسیەی نەوت و دەروازە سنورییەکان و گومرگەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان یەکلابکاتەوە. 

هەروەها باسی لەوەکردووە دەبێت چاودێری دارایی عێراق بچێتە هەرێمی کوردستان بۆ وردبینیکردن بۆ زامنکردنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی دەستور. 

هاوڵاتیانی هەرێم چۆن دەڕواننە سەردانەکە؟ 
بەهۆی ئەو دۆخە سەختە داراییەی هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم تێی کەوتوون، خەڵک چاوی لەوەیە سەردانەکە ببێتە هۆی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا و دەرەچەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە داراییەی هەرێم تێکەوتووە بدۆزرێتەوە. 

بەپێی بەدواداچوونی پرس، هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە ئەرێنییەوە سەردانەکە دەبینن و پێیان وایە پێویستە حکوومەتی عێراق کۆنتڕۆڵی خاڵە سنوورییەکان بکات. 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©