ئەمڕۆ ساڵیادی تیرۆر کردنی بەکر عەلی یە - پرس میدیا

إعلان فوق المشاركات

ئەمڕۆ ساڵیادی تیرۆر کردنی بەکر عەلی یە

ئەمڕۆ ساڵیادی تیرۆر کردنی بەکر عەلی یە

پرس میدیا - تایبەت
٢٦ ساڵ لەمەوبەر و لەسەروبەندی دامەزراندنی حکوومەتی کوردی تیرۆرکردنی چالاکوانان لەسەر هەڵبڕینی دەنگی ئازاد لە هەرێمی کوردستان و بە دەستی دەسەڵاتی کوردی دەستی پێکرد، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان هێشتا ماندوویەتیان لە شۆرشەکەیان بۆ گەیشتن بە ئازادی نەحەسابوویەوە. 

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە ٤ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٤ بەکر عەلی یەکێک لە چالاکوانە دیارەکانی شاری سلێمانی دژی روخاندنی خانووەکانی گەڕەکەیان لە خۆپیشاندانێکدا بە دیاریکراوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە تەقەی لێکراو شەهیدکرا. 

شەهید کردنی بەکر عەلی لە کاتێکدا بوو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و خەڵکی سلێمانی بەتایبەتی تازە شۆرشیان دژی بەعش ئەنجامدا بوو کە ئامانجی شۆڕشەکە گەیشتن بوو بە ئازادی. 

ئەمڕۆ سێشەممە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە شاری سلێمانی و لە پارکی گشتی شارەکە مەراسیمێک بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی بەکر عەلی بەڕێوەدەچێت، لە مەراسیمەکەدا چەند چالاکییەی جیاواز ئەنجام دەدرێن. 

چالاکوانێکی شاری سلێمانی دەڵێت یادکردنەوەی تیرۆرکردنی بەکرد عەلی پەیامێکە بۆ ئەو کەسانەی کە دژی ئازادی دەوەستنەوە، هیچ کات خەڵکی سلێمانی شەهیدەکانی لەبیرناکات هەمیشە بە زیندوویی دەیان هێڵێتەوە. 

ریڤان عوسمان چالاکوانی مەدەنی لەسەر ساڵیادی تیرۆرکردنی بەکر عەلی بە پرس میدیای وت، یادکردنەوەی ساڵیادەکە بۆ خەڵکی ئازادی خواز گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، پێویستە هاوڵاتیان و نەوەی نوێ ئاشنا بن بەو شەهیدە و ئەو ئامانجانەی کە بەکر عەلی گیانی خۆی لە پێناویدا فیدا کردووە. 

ریڤان عوسمان باسی لەوەکرد بەکر عەلی لە پێناو چاکەی گشتیدا شەهید کراوە بۆیە پێویستە ئێستا کەس و کار و هاوڕێکانی ئەوە بزانن کە خەڵکی سلێمانی و کوردستان ئەویان لە بیر نەکردووە. 

مەراسیمەکە بە بەشداری لە کەسوکاری بەکر عەلی و هاوڕێکانی بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆر تێیدا ئەنجام دەدرێن و وتاری بنەماڵەی تێدا دەخوێنرێتەوە. 

ئەو چالاکوانە وتیشی لە دوای شەهیدبوونی بەکر عەلییەوە تا ئێستا هەر خانوویەک بروخێنرێت لە لایەن حکوومەتەوە قەرەبوو دەکریتەوە کە ئەوە بەرهەمی خوێنی شەهید بەکرە. 


لەبارەی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەوە زانا محەمەد یەکێک لە ئامادەکارانی مەراسیمەکە بە پرس میدیای وت، زۆر سەرقاڵن بە ئامادەکاری چالاکییەکانەوە بەڵام ئامانجیانە لە مەراسیمەکەدا نەوەی نوێ بە بەکر عەلی ئاشنا بکەن. 

بەکر عەلی شاعیر لە ١٩/٦/١٩٦٨ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلیمانی لە دایکبووە، دەرفەتی خوێندنی تا پۆلی دووی ناوەندیی دەبێت، دواتر بەهۆی نەداری ناتوانێ درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام ئەو بەردەوام دەبێت لەسەر خوێندنەوە و خۆپەروەردەکردن. 

بەکر عەلی لەناو خەڵکیدا بە گوڵە سوورەکەی حامیە ناسراو بوو، لەبەر ئەوەی زۆر خۆشەویست بوو لەناو چینی هەژار و ڕەنجدەران بەتایبەتێش لەناو خەڵکی حامیە کە هەموویان هەژار بوون. 

ئەو وەک داکۆکیکارێکی سەخت بۆ مافەکانی خەڵکی حامیە دەجەنگا، لەگەڵ ئەمەشدا نووسینی شیعری دڵداری و ناسک بووە هۆی ئەوەی پێیبڵێن: ''گوڵە سورەکەی حامیە''. 

ساڵی ١٩٩٤ لە بەرانبەر هەوڵی رووخاندنی خانووەکانی حامیە، دەستی بە چالاکی دژی کاربەدەستانی پارێزگای سلێمانی کرد. 

لە جەژنی کرێکاراندا لە ١-٥-١٩٩٤ و چوار مانگ پێش شەهیدکردنی، لە چالاکییەکی بەرفراواندا بەکر عەلی بە دەسەڵاتداران دەڵێت: “هەرکاتێک لقی چواری پارتی و مەڵبەندی یەکێتی و بارەگاکانی سۆسیالیست لە سلێمانی چۆڵکران کە موڵکی گەل-ن، ئەوکاتە ئێمەش ئەم خانووە گڵ و کۆنانە ڕادەست دەکەینەوە، کە ناچارین تێیدا بژین ئەگینا شوێنی ژیان نییە”. 

لە وتارەکەیدا هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی سلێمانی و دەڵێت : ”ئێوە کە بیر لە گۆڕینی ئەو ژیانە (قوڕینە)مان ناکەنەوە بە ژیانێکی وەک هی خۆتان (گوڵین) بۆ هێندەشمان پێ ڕەوا نابینن؟” هەر ئەم هەڵوێستانەشی دەبێتە هۆی ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بکرێتە ئامانج. 

پیش تیرۆر کردنی لە ١٧/٨/١٩٩٤ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لە نیوەڕۆیەکدا و لە ماڵەکەی خۆیدا لە حامیە، دەستگیر دەکرێت و ماوەی شەش ڕۆژ لە ئاسایشی سلێمانی بەند دەکرێت، بۆ ئەوەی واز لە هەڵوێست و داکۆکییەکانی بێنێت، بەپێی گێڕانەوەکانی خۆی بۆ هاوڕێکانی لە ناو ئاسایشدا زۆر ئەشکەنجە کراوە، بەڵام هەر سوور بووە لەسەر هەڵوێستەکانی. 

بەگوێرەی گێڕانەوەکانی ناو پەرتوکی “کاسکێتەکەم بە پایز بسپێرن” کە ژیاننامە و بەرهەمەکانی شاعیر لە خۆ دەگرێت، وا بڕیار بوو دەسەڵاتداران لە ١/٩ی ساڵی ١٩٩٤دا خانووەکان بەسەر خەڵکی حامیەدا بڕوخێنن ئەگەر چۆڵی نەکەن، لەو ڕۆژەدا خەڵکەکە بڕیاریاندا خۆپیشاندانێکی هێمنانە بکەن لە بەردەم بینای پارێزگای شاری سلێمانی.
 بەکر عەلی یەکێک بوو لە سەرەکیترین نوێنەرەکانی خەڵکی ناڕازی، بەگوێرەی گێڕانەوەی ناو کتێبەکە “دوای گرد بوونەوەی خەڵکەکە پاسەوانەکان بەزەبری هێز کەوتنە بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران، دوای دەستنیشانکردنی بەکر عەلی چەکدارەکان لە پشتەوە گوللـەیەکی لێدەدەن، دواتر چەکدارێک دەگاتە سەر سەری گوللـەیەک دەنێ بەناو دەمیەوە و شەهید دەبێت”. 

لەو کاتەوە و تا ئێستا بەکرعەلی بە شاعیری چەوساوەکان و گوڵە سوورەکەی حامییەی سلێمانی دەناسرێت. 

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

بابەتی پەیوەندی دار

إعلان اسفل المشاركات

ماڵپەڕی پرس میدیا

بەشە سەرەکیەکان

دواین هەواڵ

نموذج الاتصال

الاسم

بريد إلكتروني *

رسالة *

پرس میدیا - Prs Media

پرس ، دامە زراوەیەکی میدیایی پیشەیی ئازادە دەبێتە بڵند گۆ و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازە نەبیستراو و نەبینراوەکان کلتور و فەرهەنگ و هــونــەری نــیـشـتـمـانیـی دەپـارێـزێـت و خـــەمـــی هـەمـیـشەی چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان دەبێت ، پرس میدیا مەبەستیەتی نـەوەی ئـێسـتـاو داهـاتـوی نـیـشـتـمان بە ئاگابێت لـەسـەرجــەم پـرس و پـێشهاتەکانی دەوروبەری دەیەوێت بەزمانێکی بابەتیانە ئەو نەوەیە بدوێنێت

2019 - PRSMEDIA.NET / ALL RIGHT RESERVED ©