ئەو دوو کچەی چەند رۆژێکە چارەنووسیان نازانرێت ئەمڕۆ لە نزیک گۆڕستانێکی چەمچەماڵ تەرمەکانیان دۆزرایەوە کە ئاسەواری فیشەک بە جەستەیانەوەیە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە پرس میدیای وت، بەڵێ تەرمی هەردوو کچەکە لە گۆڕستانێکی نزیکی قەزای چەمچەماڵ لە ناو گۆڕێکدا دۆزراونەتەوە، گۆڕەکە هەڵدراوەتەوە و تەرمەکان براونەتە نەخۆشخانەی گشتی قەزای چەمچەماڵ.
سەرکەوت ئەحمەد وتیشی لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە دەستی پێکردووە، ئێستا باوکی کچەکان تۆمەتباری سەرەکییە و دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە بەڵام خۆی شاردووەتەوە نازانرێت لە کوێیە.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی وت، هێزەئەمنییەکانی سنووری قەزای چەمچەماڵ لە دوێنێوە بەدوای ئاشکرا کردنی چارەنووسی ئەو کچانەدا دەگەڕێن ئەمڕۆ تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە.
پێشتر محەمەد عەبدی بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای چەمچەماڵ بە پرس میدیای وت، دەستیان بە گەڕان و لێکۆڵینەوە لەسەر دیارنەمانی ئەو دووکچە کردووە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی توندوتیژی ژنانی سلێمانی بە پرس میدیای وت، پێش ماوەیەک ئەو کچانە لە شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتان لە سلێمانی بوون بەڵام باوکیان کچەکانی وەرگرتووەتەوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای چەمچەماڵ باسی لەوەشکرد کە کەسوکاری کچەکان هێزە ئەمنییەکانیان لە دیارنەمان و ئەگەری کوژرانیان ئاگادارکردبوویەوە.
No comments:
Post a comment