پرس میدیا
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی عێراق لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەنجامداوە و تێیدا بڕیاری پێکهێنانی چەند لیژنەیەکیان داوە.
سەمیر ھەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە پرس میدیای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ٨ ئەیلوولی ٢٠٢٠ یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی هەردوو وەفدی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لە بارەی كێشە ھەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەت پرسی شایستە داراییەكانی ھەرێم و چۆنییەتی جێگیركردنیان لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو.
سەمیر ھەورامی وتی "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لە بارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان".
وەفدی باڵای حكومەتی ھەرێم قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەفدی حكومەتی فیدراڵ عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆکایەتی دەکات.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، ئەو لیژنانەی پێکهێنراون دەرەنجامی بەدواداچوونەکانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددەكانی دەستوری عێراق دەخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئەوەی رێككەوتنیان لەبارەوە بكرێت.
سەمیر ھەورامی وتی" تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان پرسی داھاتی نەوتی و نانەوتی و داھاتی دەروازە سنورییەكانە.
No comments:
Post a comment