پرس میدیا
ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی ژمارە "نۆ"ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت كە بڕیار وایە هەمواری یاسای هەڵبژردنەکان دەنگی لەسەر بدرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی ئەیلوول دانیشتنی ژمارە "نۆ"ی ئاسایی وەرزی یەكەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەندراوەكە، كارنامەی دانیشتنەكە، تەنها تایبەتە بە تەواوكردنی فرەبازنەیی هەڵبژاردن لە یاسايی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
پێشتر سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی داوای لە فراكسیۆنەكان كردبوو كە لە دانیشتنی ئەمڕۆ شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەبن، چونكە كارنامەی دانیشتنەكە، تایبەت دەبێت بە تەواوكردنی بازنەی هەڵبژاردن.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق