بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی پارێزگاری ھەولێر بۆ دەنگدان لەسەر ھەڵبژاردنی قایمقامی سۆران کۆبێتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێردا، ئەندامانی ئەنجوومەن دەنگ لەسەر کاندیدێک دەدەن کە لەلایەن پارێزگاری ھەولێرەوە بۆ قایمقامی سۆران کاندید کراوە و دەبێت زۆرینەی دەنگی ئەندامان بەدەست بهێنێت.
بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٩ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی پارێزگاری ھەولێر بەپێی نووسراوێک کاندیدێک بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا رەوانە دەکات، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە کۆدەبێتەوە و دواتر بڕیار بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە دەدرێت بۆ ئەوەی بە دەنگدان کاندیدەکە یەکلایی بێتەوە.
دوای بەدەستھێنانی زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر،، نووسراوێک بۆ پارێزگاری ھەولێر و وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت بۆ ئەوەی لەوێش پەسەند بکرێت، پاشان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانەوە فەرمانی ھەرێمی بۆ دەردەچێت.
چەند رۆژێک لەمەوبەر قایمقامی سۆران، کرمانج عزەت دوای ١٦ ساڵ مانەوەی لەو پۆستی قایمقامی سۆران، دەستی لەکار کێشایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، پارێزگاری ھەولێر، ھەڵگورد نەجیب عوسمان-ی بەربژێر کردووە بۆ پۆستی قایمقامی سۆران و ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەنگ لەسەر ئەو کاندیدە دەدرێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق