بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی بۆ 19ی کانوونی دووەم تا یەکی ئابی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند لە سەدا ٩٣ی تاوانەکانی هەولێر ئەنجامدەرانیان ئاشکرا کراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لەو ماوەیەدا لە سنووری پارێزگای هەولێر، پێنج هەزار و 992 تاوانی جۆراوجۆر تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 568 تاوانیان ئاشکرا کراون و تۆمەتباران دراونەتە دادگا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر توانیویانە 655 تۆمەتبار لە هەموو تاوانە جیاوازەکان کە باندی (دزی، کوشتن، ساختەکاری، سپیکردنەوەی دراو و تاوانی دیکەی) لەنێودابووە دەستگیربکەن.
بەپێی راگەیەندراوەکە پۆلیسی هەولێر لەو شەش مانگەدا، 751 دەرۆزەکەریان دەستگیرکردووە لەنێو سەنتەری شار و ترافیکلایتەکاندا کە خۆیان بە نەخۆش و کەمئەندام پیشانداوە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک، بەگوتەی پۆلیس دەرۆزەکەرێک دەستگیر کراوە کە "لە میانی سێ رۆژدا، 13 ملیۆن دیناری کۆکردووەتەوە".
پۆلیسی پارێزگای هەولێر راشیانگەیاندووە "93 تۆمەتبار کە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق داواکرابوون و فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە لە هەولێر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون و رەوانەی ئەو شوێنانە کراونەتەوە کە لێوەی داواکراون.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق