پرس میدیا
سوپای عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێك بە ئامانجی رزگاركردنی چالاكوانی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە باشووری عێراق، سەجاد عێراقی كە چەند رۆژێك لەمەوبەر رفێندراوە، راگەیاند.
چەند رۆژێك لەمەوبەر چالاكوانی خۆپیشاندانەكانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار باشووری عێراق، بەناوی سەجاد عێراقی رفێندراوە كە تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
لەمبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە یەكەكانی دژەتیرۆر، هێزەكانی پۆلیسی زیقار و هێزەكانی كۆماندۆ سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سۆمەر ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی رزگاركردنی سەجاد عێراقی و دەستگیركردنی ئەو كەسانەی كە ناوبراویان رفاندووە دەستپێكردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە ئۆپەراسیۆنەكە لە ناوچەكانی ئوم غیزلان، ناحیەی دەوایە، شەدید، عبێد، عێگیگە، هەساسڕە و سەید دەخیل ئەنجام دەدرێت.
دوێنێ دووشەممە سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، مستەفا كازمی فەرمانی کرد بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان کە رێوشوێنی خێرا و بەپەلە بە ئامانجی دۆزینەوە و رزگاركردنی سەجاد عێراقی بگرێتەبەر، هەروەها هێزێكی دژەتیرۆریشی راسپارد تا بچێت بۆ پارێزگای زیقار بۆ ئەوەی سەجاد عێراقی بدۆزنەوە و رزگاری بكەن و ئەو كەسانەیش كە ناوبراویان رفاندووە، دەستگیر بكەن.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق