پرس میدیا
ئەو خێزانە کوردەی شەوی ڕابردوو لە شاری بەغدا سەربردران بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و لە گردی سەیوان بە خاک بسپێردرێن و گۆڕەکانیان ئامادەکراوە.
سەرچاوەیەک لە کەسوکاری ئەو خێزانە بە پرس میدیای وت لە شەوی رابردووەوە دەستکراوە بە ئامادەکاری گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان و لە گردی سەیوان گۆڕیان بۆ هەڵکەندراوە.
هاوکات چالاكوانانی عێراق: "داوا لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دەكەین كە لێكۆڵینەوە لە تاوانی تیرۆركردنی شیلان دارا-دا بكات و سزای توندی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیش بدات".
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، چالاكوانانی عێراق كاردانەویان لەسەر سەربڕینی كچە چالاكوانی كورد دەرمانساز، شیلان دارا رەئوف و دایك و باوكی لە ناوچەی مەنسوور رۆژئاوای بەغدا نیشانداوە.
چالاكوانانی عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رایانگەیاندووە كە شیلان دارا رەئوف و دایك و باوكی لەناو ماڵەكەی خۆیاندا لە ناوچەی مەنسوور، سەربڕدراون و دزییان لێکراوە.
لە چوارچێوەی كاردانەوەكاندا، چالاكوانانی عێراق میلیشیا عێراقییەكانی سەربە ئێرانیان بە تیرۆركردنی شیلان دارا رەئوف و دایك و باوكی تۆمەتباركردووە، چونكە ئەو خێزانە كورد بەوە ناسراوبوون كە پاڵپشتییان لە خۆپیشاندانەكان كردووە، جگە لەوەیش ماڵی ئەو خێزانە كوردە دەكەوێتە ناوچەیەكی پارێزراوی ئەمنی لەنێوان باڵیۆزخانەكانی رووسیا و بەحرێن و هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو تاوانە ئەنجام بدات جگە لە میلیشیاكان نەبێت.
هەروەها چالاكوانان داوایان لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كردووە كە لێكۆڵینەوە لەو تاوانە بكات و سزای توندی ئەنجامدەرانی تاوانەکە بدات.
لای خۆیانەوە هەردوو سەندیكای دەرمانسازان و پزیشكانی عێراق لە دوو راگەیەندراوی جیادا تیرۆركردنی شیلان دارا رەئوف و دایك و باوكی ئیدانە كرد و سەرەخۆشی خۆشیان ئاراستەی بنەماڵەی شیلان دارا رەئوف كرد.
پێشتر سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاندبوو كە ژمارەیەك كەسی نەناسراو، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێكی كورد لە پشت بابلیۆن مۆڵ لە ناوچەی مەنسوور رۆژئاوای بەغدا و سێ كەسیان سەربڕیوە كە كچ و باوك و دایك بوون.
لە میانی ئەم چەند مانگەی دواییدا، كردەی تیرۆركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان لە عێراق زیادیكردووە.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق