پرس میدیا
راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان رایگەیاند "ئەگەر ڕەوشەكە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، لەوانەیە نەتوانین تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین".
حوسێن هینداوی راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان، هۆشداری دا لەوەی کە ئەگەر رەوشەكە بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، لەوانەیە نەتوانن تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، هەورەها هێزە سیاسییەكان بەوە تۆمەتبار دەكات كە هەوڵدەدەن ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی دیاریكراودا پەكبخەن.
حوسێن هینداوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا وەك ئاماژەیەك بۆ پەسەندنەكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەدا كە هەندێك لایەنی سیاسیی هەوڵ دەدەن ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەكبخەن و لەئێستادا، ناكۆكیی و ململانێ لەسەر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەیە.
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق