پرس میدیا
حکوومەتی ھەرێم بەشداری دەکات لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تایبەت بە خولی ١٩ی رێککەوتننامەی پاراستنی ھەموو کەسەکان لە شوێنبزرکردنی زۆرەملێ.
بڕیار وابوو لە سەرەتای مانگی نیسان کۆبوونەوەکانی خولی ١٩ی لیژنەی تایبەت بە رێککەوتننامەی پاراستنی ھەموو کەسەکان لە شوێنبزرکردنی زۆرەمڵی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بە بەشداری شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کۆبوونەوەکانی دواخرا.
لەوبارەیەوە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەشداریکردنی ھەرێم لە چوارچێوەی لیژنەی نووسینەوەی راپۆرتەکانی تایبەت بەو رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەیە کە حکوومەتی عێراقی فیدرال ئەندامە تیایدا.
دیندار زێباری رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکاندا، حکوومەتی ھەرێم وتاری خۆی پێشکەش دەکات بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی ھەرێمی کوردستان تایبەت بەو رێککەوتننامەیە.
لە راگەیەندراوەکەیدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەتی لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو تەحەدیاتانە بێت کە رووبەڕووی ھەرێم بوونەوە و مامەڵەی یاسایی بەپێی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لەگەڵ گیراوانی داعش.
No comments:
Post a Comment