وتەبێژ بەناوى میلیشیای "کەتائیب سەید شوهەدا"ى عێراق ڕایگەیاند، هۆکارى کەمبوونەوەى هێرشە موشەکییەکان پەیوەندى بە هەماهەنگى نێوان گروپە سەرەکییەکانى "بەرگرى" و گروپە نوێیەکان هەیە کە هاتونەتە ریزى بەرەنگارى "داگیرکەرەوە".
كازم فەرتوسى لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی "العربي الجدید" نزیك لە دەوڵەتی قەتەر ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕایگەیاندووە، کەمبوونەوەى هێرشە موشەکییەکان لەم ڕۆژانەى دواییدا هیچ پەیوەندییەکى بە فشارى ئەمریکا و ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی حکومەتەوە نییە.
فەرتوسی وتوویەتی هۆکارەکەى ڕێککەوتن و دروستکردنی هەماهەنگی نێوان گروپە سەرەکییە بەرهەڵستاکارەکان (مقاوەمە) و گروپە نوێیەکانی ترە کە دەیانەوێت بەرەنگای ئەمریکا ببنەوە.
لەدواى هەڕەشەکەى ئەمریکا بۆ داخستنى باڵیۆزخانەکەى لەبەغدا هێرشە موشەکییەکان روویان لەکەمبوونەوە کردووە، بەراورد بە پێشتر کە بەشێوەى نیمچە رۆژانە هێرشى لەو شێوەیە ئەنجامدەرا.
No comments:
Post a Comment