وەزیری سەرچاوەكانی ئاو لە حکوومەتی عێراق رایگەیاند لە ماوەیەكی نزیكدا، دۆسیەی ئاو لەگەڵ توركیا یەكلایی دەكەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆتۆكۆلێکن بە ئامانجی دیاریكردنی پشكی ئاوی عێراق لە ڕووباری دیجلە.
مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو لە حکوومەتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق وتی: "دۆسیەی دانوستانەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی سەبارەت بە پشكی ئاوی عێراق، زیاتر لە ٣٥ ساڵە بەردەوامە و متمانەمان هەیە بەوەی بەم نزیكانە دۆسیەی ئاو لەگەڵ توركیا یەكلایی بكەینەوە".
راشیگەیاند كە عێراق و توركیا خواستی سیاسیی و راستەقینەیان هەیە بۆ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ئاو.
وەزیری سەرچاوەكانی ئاو وتوویەتی "پێشتر سەركۆماری توركیا نێردەی تایبەتی خۆی بە ئامانجی یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ئاو، ناردبووە عێراق، ئێستایش لای خۆمانەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوامین لە ئامادەكردنی رەشنووسی پرۆتۆكۆلێک بە ئامانجی دیاریكردنی پشكی ئاوی خۆمان لە رووباری دیجلە".
No comments:
Post a Comment