ئاژانسی فڕانس پرێس لە هەواڵێکی بەپەلەدا ئاشکرای کردووە، هێرشکارەکەی سەر شاری نیس گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵی توونسییە.
بەپێی زانیارییەکانی فرانس پرێس، هێرشکارەکە ناوی ئیبراهیم عوساییە و کۆتایی مانگی ڕابردوو لە ڕێگەی ئیتاڵیاوە چووەتە ئەوروپا سەرەتای ئەم مانگەش گەیشتووەتە پاریس.
هاوکات هەر ئەمڕۆ سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند، ئەنجامدەری ئەو هێرشەی بەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر کڵێسایەکی شاری نیس و تێیدا سێ کەس کوژران کە یەکێکیان بە چەقۆ ملی لە لاشەی کرایەوە، بریتیە لە "تیرۆریستێکی ئیسلامی".
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا و لە شاری نیسەوە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هاوڵاتیانی وڵاتەکەی و هێرشەکەی ئەم بەیانییەی سەر کڵێسایەک لە شاری نیس، بڕیاریداوە هەزاران یەکەی سەربازی لە سەرانسەری وڵاتدا بخاتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.
ئەو هێرشەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، کەسێکی بە رەگەز چیچانی مامۆستای قوتابخانەیەکی پاریسی پایتەختی فەڕەنسای سەربڕی و هۆکارەکەشی بۆ نیشاندانی کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلام بە قوتابیەکانی گەڕاندەوە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.
No comments:
Post a Comment