بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی شاری کەرکووک لە خۆپیشاندەرانی گەڕەکی گۆڕەپانی ئاھەنگەکان لە باشووری کەرکووک، خۆپیشاندەرێکی کورد کوژرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بۆ دووەمجار قایمقامییەت و ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەستیانکرد بە رووخاندنی خانووە زێدەڕۆکانی گەڕەکی گۆڕەپانی ئاھەنگەکان، ئەوەش ناڕەزایەتی دانیشتوانی گەڕەکەکەی لێکەوتەوە و لەدژی رووخاندنی خانووەکانیان گردبوونەوە و چوونە بەردەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی خانووەکانیان دەڕووخاند، پاشان گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان دانیشتوانی گەڕەکەکە و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو.
لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی نێوانیاندا و ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خوپيشاندەران، ھاووڵاتییەک بەناوی مستەفا خەلیل حەسەن برینداربوو، پاش گەیشتنیشی بەنەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، هەروەها بەشداربوویەکی گردبوونەوە نارەزایەتییەکە بەناوی ھوشیار یابە برینداربوو.
گەڕەکی گۆڕەپانی ئاھەنگەکان دەکەوێتە باشووری کەرکووک و لەسەردەمی بەعسدا ئەم ناوچەیە شوێنی تایبەت بە مەشق و راھێنانی ھێزە ئەمنییەکان بوو کە لە بنەڕەتدا ئەو زەویانە موڵکی وەزارەتی وەرزش ولاوانە.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەشێک لە ھاووڵاتییانی شاری کەرکووک لەسەر ئەو زەویانە خانوویان دروستکرد کە ژمارەیان ٣٠٠ خێزانە.
No comments:
Post a Comment