پرس میدیا
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند، لەمەودوا دروستکردنی مزگەوت شێوازەکەی دەگۆڕدرێت و دەکرێتە شێوازێکی کوردەواری و چەند رێنماییەکیش ھەیە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی مزگەوت دروستدەکەن.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەڕمی پارتی راگەیاندووە، "وەزارەتی ئەوقاف بانگەوازێکی کردووە بۆ ھەموو دیزاینەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەمەودوا دیزاینی مزگەوتەکان بەشێوەیەکی کوردەواری دروستبکرێن، ٣٠ کۆمپانیاش بەشداریانکردووە، لەوانەش سێ کۆمپانیا دیاریکراون و ئەوان بڕیار لەبارەی دیزاینی مزگەوتەکانەوە دەدەن".
راشیگەیاند، "پێویستە مزگەوتەکان مۆرکی کوردەوارییان پێوە بێت، کە قوبەی مزگەوتەکان لەسەر شێوەی کڵاو و جەمەدانی کوردی دەبێت و دوور دەبین لە شێوازی وڵاتان، بەو هەنگاوەش سیمای مزگەوتەکان کوردەواری دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی دەیەوێت مزگەوت دروستبکات پێویستە بەپێی رێنمایەکان بێت و زەویەکە ھی شارەوانی بێت و نێوان مزگەوتەکان زۆر بێت، هاوکات دەبێت پارەی کاشی ھەبێت و ناکرێت کۆیبکاتەوە و رێگەپێدراو نییە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ھەرێمی کوردستاندا پێنج ھەزار و ٥٦٠ مزگەوت بوونیان هەیە و لە سێ ھەزار و ١٧٤ مزگەوتیشیاندا وتاری ھەینی دەخوێندرێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق